Draw Media

ئیمپڕاتۆریەتی درۆ

ئیمپڕاتۆریەتی درۆ

2020-06-16 16:53:20


 

د.مەیادە نەجار

لە چەند رۆژی رابردوو بە روونی وەدیار کەوت کە ئەو ئیمپڕاتۆریەتەی لە درۆ و بە ساختەچیایەتی دروست کرابوو و مانگانە چەند ملیۆن دۆلارێکی لە قوتی ئەو خەڵکە لێ سەرف دەکرا بە یەک کلیکی گەنجێکی ئەمریکی جینز(کاوبۆ)لەبەر بەسەر یەکدی داڕوخا و کۆمپانیای فەیسبوک کە ئەو گەنجە (ماڕک زگربێرگ)دامەزرێنەر و خاوەنیەتی و داهاتی ساڵانەی لە زۆربەی وڵاتانی زلهێزیش زۆرترە گەورەترین درۆی ئاشکرا کرد کە کار لە سەر بۆچوون و فکری خەڵکی کوردستان دەکات.

لە دوای ئەو بڕیارەی فەیسبوک بە داخستنی زیاتر لە 400 پەیج و ئەکاوەنت و گروپ و ئاشکرا بوونی ئەوەی کە تەنها سپۆنسەری مانگانەی ئەوانە نزیکەی 300 هەزار دۆلار بووە،خەڵک دەپرسن ئایا بەڕێوەبردنی ئەو هەموو پەیجانە چ سوپایەکی لە پشت بووە و چ پارەیەکی خەیاڵی لێ سەرف کراوە! خەڵک پرسیاری ئەوەش دەکا کە ئەو پارەیە لە کوێ هاتووە؟ هەندێکیان دەڵێن سەرچاوەکەی فرۆشتنی کەرکوکە و لەو داهاتەیە کە کۆمپانیاکانی هاوسەرۆکێکی یەکێتی لە رێگای فرۆشتنی نەوتی کەرکوک و وەرگرتنی تەندەری ژمارەیەک پڕۆژەکانی کەرکوک کە گۆڕینی فڕۆکەخانەی سەربازی ئەو شارە بۆ فڕۆکەخانەیەکی مەدەنی یەکێکە لەو پڕۆژانە،هەروەها ئەو 36 ملیار دۆلار و 80 تۆن زێڕەی لە ئێرانەوە لە سێ ساڵی رابردوو بۆ سلێمانی هاتووە،بەشێکیش سەرنجیان بۆ دەروازە سنووریەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان دەچێ کە دەکەونە سنووری پارێزگای سلێمانی کە داهاتێکی زۆریان هەیە بەڵام پارەکە ناچێتەوە خەزێنەی حکومەت بەڵکو لە رێگای مەکتەبی دارایی گشتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەشی زۆری دەچێتە سەر حیسابی شەخسی جەنابی ئیمپڕاتۆری درۆ.
لە بەرامبەر ئەو هێزە درۆینە لە کوردستاندا هێزێک هەیە کە گوزارشت لە خواست و ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانیەکانی خەڵکی کوردستان دەکا و رەگ و ریشەی ئەو هێزە لە هەناوی کۆمەڵگەدا رووچوون و سەت ساڵە لە بەرامبەر هێز و ستەمی داگیرکەران و داردەستە ناوخۆیەکان بە بەهێزیەوە ماوە و لە سەر پێ وەستاوە،ئەو هێزەی کە لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان متمانەی زیاتر لە 93% خەلکی لەگەڵدا بوو و دواتر بە هێزەوە و بە سەربەرزیەوە توانی بەرامبەر گەلە کۆمەی داگیرکەران و خیانەتی خاکفرۆشان بوەستێت و قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان بپارێزێ و پیلانەکان هەڵوەشێنێتەوە.

هەر کاتێک کوردستان بەرەو بەهێزبوونەوە هەنگاو دەنێ،داگیرکەران لە لاوازترین خاڵمان دەست دەخەنەوە ناو کاروبار و ژیان و بڕیاری سیاسی و کارتی ناکۆکیە ناوخۆیەکان لە رێگای هێزی ئیمپڕاتۆریەتی درۆ زەق دەکەنەوە و لە دژی سەقامگیری و باشبوونی دۆخی ژیانی و ژیاری خەڵکی کوردستان بەکاریان دەهێنەوە،ئێستا لەگەڵ نزیک بوونەوەی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی کە دۆخی ئابوری هەرێمی کوردستان و ژیانی موچە خۆرانی و بازاڕەکەی بەرەو جێگیری و سەقامگیری دەبا کە ئەوەش هۆکارە بۆ بەهێزبوونەوەی هەرێمی کوردستان و سەرکەوتنی ئیرادەی ناوخۆیی بەسەر پیلان و خواستی دەرەکی.

بەگژ حکومەت داچوونەوە و تیرترکردنی ئیڕهابی فکری و بەڕێوەبردنی هەڵمەتی میدیایی کە لە ساڵانی رابردوو کار و ئەرکی ئیمپڕاتۆریەتی درۆ بوو و دەسکەوتی شەخسی باشی هەبوو بۆ جەنابی ئیمپڕاتۆری درۆ لە سەرکەوتنی کودەتاکەی لە ناو حیزبەکەیدا و دەست گرتن بەسەر سەروەت و سامانێکی زۆردا و دامەزراندنی تۆڕێکی کۆمپانیای وەبەرهێنان لە رێگای برا و خزمەکانیەوە،ئێستا هەموو ئەوانە لە ژێر مەترسی لەناوچوونن چونکە بە ئاشکرا بوونی حەقیقەتی ئیپڕاتۆر لەوەی ئەو ئیپڕاتۆریەتە بەهێزەی بانگەشەی بۆ دەکرد لە درۆ و ساختە زیاتر نەبووە،بۆیە دواین هەوڵی بۆ پاراستنی ئیپڕاتۆریەتەکەی بە بەکارهێنانی هەموو کەرستە و ئامرازەکانی بەردەستی دەبێت لە رێگای درێژکردنەوەی ئەو شەڕە دەروونیەی چەند ساڵێکە لە بەرامبەر خەڵکی کوردستان دەستی پێکردوە و باجەکەشی تەنها لێکترازانی کۆمەڵایەتی و زیاتر بە حیزبی کردنی کۆنەڵگا و داگیرکردنی ئیرادەی خەڵک بووە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand