نەوتی هەرێم ودەستكەتەكانی
2020-06-16 12:51:59
د.لەتیف جەمال رەشید
ماوەیەكی زۆرە خەڵكی كوردستان لەساییەی دەسەڵات وهەلومەرجی حكومەتی هەرێم بەدەست كێشەی سیاسی وئابوری ونەبوونی بودجەو مووچەو بڵاو بوونەوەی بێكاری دەناڵێنن،سەرەڕای ئەوەی هەرێمی كوردستان خاوەنی سەروەت وسامان وئاوێكی زۆر و خاكێكی بەپیتە، بەڵام بەرپرسانی هەرێم تاوەكو ئێستا چارەرسەرێكی گونجاویان نەدۆزێوەتەوە بۆ چاكردنی ئەو بارودۆخە نالەبارە.
زۆربەی دەزگاكانی ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەنووسان باسی ئەم بارودۆخە دەكەن و بابەتی گرنگ وبەپێز بڵاودەكەنەوە لەسەر چۆنیەتی چارەسەر كردنی ئەو قەیرانانە، بەڵام بە داخەوە نە بەرپرسانی هەرێم كە هۆكاری سەرەكی ئەو قەیرانانەن نە حزبە سیاسیەكان نە حكومەت خۆیان دەكەنە خاوەنی ئەو بارودۆخە، وئامادەنین بەرپرسیارەتی هەڵگرن و چارەسەرێكی گونجاوی بۆ بدۆزنەوە.
لە زۆربەی ووڵاتان سەرەڕای ئەوەی زۆربەیان خاوەنی نەوت و غاز و كانزا و جوغرافیایەكی گرنگ نین، وەك هەرێمی كوردستان، یەكێك لە هۆكارە سەركیەكانی پێشكەوتن و چارەسەركردنی كێشەی ئابووری و دارایی و ئیداریەكان دەستنیشان كردنی خەلەل و كەم و كورتیەكانیەتی، بۆ ئەوەی رێگەچارە و چارەسەری گونجاوی بۆ بدۆزنەوە، لەگەڵ كەسانی شارەزا وپسپۆر، بە شێوەیەكی شەفاف بۆ دابین كردنی بژێوی و دەرامەتی خەڵك.
بەڵام بە داخەوە لای ئێمە ئەوانەی كێشەكانیان دروست كردوە هەوڵی خۆ دزینەوە دەدەن لە بەرپرسیارەیەتی، ولە بری ئەوەی دان بە هەڵەكانیان بنین و داوای لێبوردن بكەن و ئامادەیی دەربڕن بۆ هەڵگرتنی بەرپرسیاریەتی، خەتاكە دەخەنە سەر خەڵكانی تر.
من لێرەدا حكومەتی ناوەندی بێ بەری ناكەم لە بەرپرسیاریەتی لە ناردن و دابین كردنی مووچەو بودجەی خەڵكی كوردستان، چونكە ئەو لە سەرەتاوە دەبوو یاسای نەوت وغاز و ئەو یاسایانەی كەپەیوەندی بە دەرامەت و بژێوی خەڵكەوە هەیە، تەشریع بكات بۆ ئەوەی شێوازی پەیوەندی ئابووری وسیاسی نێوان هەرێم وبەغدا دابڕشتایە كە بەهیچ شێوەیەك كێشەی مەعاش ودەرامەت بۆ هاووڵاتیان دروست نەبوایە.
چارەسەر كردنی ئەم كێشەیە زۆر گرنگە بۆ ئێستا ودواڕۆژیش و ئەو سەروەت وسامانە كە ئێستا بەبێ بەرنامە و بەدەر لە یاسا بەكار ئەهێنرێت موڵكی هەموو گەلە، وپێویستە بەرژەوەندی ئەمرۆ و دواڕۆژیش رەچاو بكرێت.
لەپاش 28 ساڵ لەحوكمڕانی كوردی دەسەڵاتداران سەرەڕای لەدەستدانی بەشێكی زۆری سەروەت و سامان و خاك و ئاوی هەرێمی كوردستان، و لەجیاتی ئەوەی دەرهێنان و فرۆشتنی نەوت بكەنە هۆكارێكی سەرەكی بۆ پاراستنی پێگەو پێگەیاندنی وزامن كردنی ئایندەی نەوەكانی داهاتووی، بەپێچەوانەوە دەبینین دەرهێنان و فرۆشتنی نەوت خەریكە دەبێتە هۆی ماڵ وێرانی و بەهەدەردانی سەروەت وسامان و بڕینی قوتی میلەت وخەڵكیان خستۆتە ژێر قەرزێكی گەورە كەڵەكەبوو.
لەهەرێمی كوردستان تا ساڵی 2014 بەبێ كێشە بودجە وشایستە داراییەكانمان لەلایەن حكومەتی فیدراڵیەوە بۆ دەهات و كورد ڕۆڵێكی كاریگەری هەبوو لە دارشتنی سیاسەتی عیراق، تا ئەو كاتەی كە حكومەتی هەرێم سیاسەتی ئابووری سەربەخوی پەیڕەو كرد، و عبدالله عبدالله ناسراو بە "ئاشتی هەورامی" لە لەندەنەوە هێنرابوەوە لەسەر راسپاردەی بەرهەم سالح و بێ لێپرسینەوە دۆسێ نەوتی ڕادەست كرا، بەبی رەچاو كردنی ئەوەی كە دەرهێنانی وفرۆشتنی نەوت وغاز لەدونیای ئێستادا شتێكی ئاسان نیە وكۆمەڵە خەڵكێكی پسپۆڕی دەوێت كە شارەزایی تەواویان هەبێت لە مەوادی دەستور ویاسادا.
عبد الله عبد الله كەپۆستی باڵای وەرگرت لەهەرێمی كوردستان بەڕاوێژ كردن لە گەڵ بەرهەم سالح دۆسێ نەوتی خستە ناو جانتاكەیەو، و بێ گوێدانە هیچ یاسایەك یان ڕاوێژ لەگەڵ كەسانی شارەزا، ولەپێناو بەرژەوندی حزبی وشەخسی وبێ گەڕانەوە بۆ حكومەتی ناوەند وپەڕلەمانی كوردستان، هەستا بە واژوو كردنی چەندین گرێبەستی درێژ خایەن، بە نێوەند گیری چەند دەڵاڵێَك، لە گەڵ چەندین كۆمپانیا كە هەندێكیان نەناسراو بوون، لە بەرامبەر بەخشینی ئمتیازاتێكی زۆر.
و لە جیاتی ئەوەی هەرێمی كوردستان بخاتە سەر نەخشەی ووڵاتە نەوتیەكانی جیهان وەك بەڵێنی دابوو،بە پێچەوانەوە كێشەی گەورەی بۆ هەرێمی كوردستان دروست كرد كە بوە هۆی بڵاو بوونەوەی گەندەڵیەكی زۆر، و كێشە قوڵی خستە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم وحكومەتی فیدڕالیدا.
پەپێ نووسراوێك كە لە مانگی 12 ساڵی 2007 جەنابی سەرۆك مام جەلال وەك سەرۆك كۆمار لە گەڵ نووری مالیكی سەرۆك وەزیران ئەوسای عیراق نامەیەكیان ئاراستەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كردبوو، داوای لە سەرۆكی هەرێم مەسعود بەرزانی دكرد، كە ئەو سیاسەتەی كە لە كوردستان دانرابوو بۆ نەوت وغاز راگیرێت، كە بەدەر لەیاسا و مەوادی دەستور عیراق رێگەی بە ئاشتی هەورامی دابوو عەقدی نەوتی واژوو بكات، تا وەكو ئەنجومەنی نوێنەران عیراق یاسای نەوت وغاز پەسەند دەكات، وچوار چێوەی یاسایی دروست دائەنێت، بۆ پاراستنی بەژەوەندی گەلی كوردستان، بەڵام ئاشتی بە پشتیوانی حزبی وشەخسی بەردەوام بوو و توانی، پیلانی خۆی جیبەجی بكات.
ئەوە بوو حكومەتی فیدڕالی بەشە بودجەی هەرێم كە لە 17% بودجەی گشتی عیراق ڕاگرت، و حكومەتی هەرێم بە هۆی بڕینی بودجە و دابەزینی نرخی نەوت لە بازارەكانی جیهان رووبەڕووی قەیرانێكی دارایی سەخت كردەوە، و میلەت وگەلی كوردستان بوونە قوربانی سیاسەتە چەوتەكانی ئەو لایەنانەی كەپشتگیریان لەو سیاسەتە ئەكرد.
هەر ووڵاتێك كەرێز لەخۆی و هاووڵاتیانی بگرێت و شەفافیەت و دیموكراتی تیدا بەرقەرار بێت، دەبێت خاوەنی یاسای بودجەو شەفافیەت بێت لەشێوازی ئیدارەدان وبڵاو كردنەوە و ئاشكراكردنی داهات و خەرجیەكانی، و بڕی قەرز، و ئەو لایەنانەی قەرزەیان لێ كراوە، هەروەها چۆنیەتی خەرجكردنی پارەكەش دەبێت ئاشكرا بكات، و ئەو كەسانەی كەبوونە هۆی دروست بوونی گەندەڵی وئەم وەزعە پێویستە لێان بپرسرێتەوە و باجی ئەو كێشە گەورەیە بدەن نەك خەڵكی كوردستان.
بەداخەوە لای ئێمە زۆربەی خەڵكی كوردستان و تەنانەت پەڕلەمانی كوردستانیش نازانێت ئەو قەرزانە چۆنە و بۆ چی كراون، ئەگەر ئەو قەرزانە راستیشبن لەچیدا خەرج كراوە وبۆچی كراوە وداهاتی ناوخۆ وفرۆشتنی نەوت چەندە وچوون دابەش دەكرێت.
ولە جیاتی ئەوەی سەرۆكەكانی كابینەكانی ئێستا وڕابردووی حكومەتی هەرێم بەرپرسیاریەتی بەشێك لەو هەموو گەندەڵی وقەیرانانە بخاتە ئەستۆی خویان وحكومەتەكانیان، بویە دەبێت حكومەتی هەرێم پەلەبكات لە كۆتایی هێنان بەو گەندەلێ و ناشەفافیەت ولێپرسینەوە جدی بكات لە بەهەدەردانی سامانی گشتی و دۆسێ نەوت وغاز، لە ژێر چنگی حزب و چەند كەسێك دەر بهێنێت و بڕیاری سەربەخۆ كردنی ئەو مەلەفە و دورخستنەوەی لە دەستی دەرەكی و بەتایبەت ووڵاتانی دراوسی، و چارەسەر كردنی كێشەكانی پەیوەست بەو مەلەفە لەگەڵ حكومەتی فیدڕالی لەچوارچێوەی دەستور عیراق دا بكات، كە بەبێ ئەنجامدانی چاكسازای ریشەیی ودەستەبەركردنی شەفافیەت لەدۆسێ نەوت وغاز هیچ ئەنجامێكی نابێت.
دەبێت پڕۆگرامی تێر وتەسەل دابنرێت بۆ چاك كردنی بارودۆخی هەرێمی كوردستان لە ڕوی داهات وخەرجی و مووچەو خزمەتگوزاری وپڕۆژەی ئاوەدانكردنەوە ونەهێشتنی گەندەڵی وئمتیازاتی ناشەرعی لەهەموو رووێەكەوە، ئەوەش بەوكەسانە ناكرێت كە خۆیان هۆكاری بڵاو بوونەوەی گەندەڵین وبەردەوامن لە دەسەڵات.