Draw Media

بۆچی تورکیا ئۆپراسیۆنەکەی سەر هەرێمی کوردستان پێشخست؟

بۆچی تورکیا ئۆپراسیۆنەکەی سەر هەرێمی کوردستان پێشخست؟

2020-06-15 10:40:46



 هیوا سەید سەلیم
  ئۆپراسیۆنی سوپای تورکیا بۆسەر هەرێمی کوردستان دەمێکە لە رۆژەڤی دەوڵەتی تورکیا دایە، تورکیا دوو ساڵە لەبواری سەربازی و هەواڵگەری و میدیایی کاری لەسەر دەکات و هەوڵەکانی چڕکردۆتەو،  لەو چەند ساڵەدا بۆردومانی فڕۆکەکان و سوودوەرگرتن لە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی بۆ کاری شوێن پێهەڵگرتنی گەریلاکانی (PKK) ە ، دەستپێکی ئەو ئۆپڕاسیۆنە بوون.
شەوی١٤/ ١٥ی حوزەیران لە ڕێگەی ٢٢ فڕۆکەی F16ی  جەنگی سوپای تورکیا هەڵسا بە بۆردومانکردنی دەیان بنکە مەدەنی و سەربازی،  لە شەنگال تا گوندەکانی بناری قەندیل، بەم کارەشی تورکیا دەستی کرد بە ئۆپراسیۆنی سەربازی دژ بە هەرێمی کوردستان، بیانووشی بۆ ئەو ئۆپراسیۆنە بوونی هێزەکانی PKK یە، بەڵام ئەو شوێنانەی کرانە ئەنجام وەک هەر جارێکی دیکە،  بریتی بوون کەمپی پەنابەران و شوینی مانەوەی خەڵکی ئاوارە و دەربەدەری شنگال و مەخموور.
وەک دەزانرێت چەندین هۆکاری دەولی و ئیقلیمی و ناوخۆیی وایان لە تورکیا کرد ئۆپڕاسیۆنەکەی بۆ سەر هەرێمی کوردستان پێشبخات.
 لە ئاستی دەولی دەوڵەتی تورکیا بە هۆی دەستوەردانی لە کاروباری تورکیا کەوتۆتە ژێر فشاری ڕای گشتی، ڕاگەیاندنی قاهیرە تینی زۆری بۆ تورکیا هێناوە، تا دەست لە سیاسەتی دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی لیبیا هەڵگرێت،  و چیتر پشتیوانی لە گروپە تیرۆرستیەکان لە لیبیا نەکات.
لەسەر ئاستی ناوچەیش (ئیقلیمی)، دیارە ڕێکەوتننامەی ستراتیژی نێوان ئەمەریکا-عێراق، تورکیای نیگەران کردووە،  هەر بە هۆی  ئەو نیگەرانیانە،  بەرپرسانی ئەو وڵاتەی ناچاربوون بە پەلە و بە نەهێنی شاندێکی باڵای سەربازی و هەواڵگری بنێرنە بەغدا، تا لە نزیکەوە نیگەرانی خۆیان سەبارەت بە ئایندەی پەیوەندیە ئابووری و سیاسیەکانی تورکیا-عێراق بگەینە کابینەکەی مستەفا کازەمی.
سەردانی هاکان فیدان، بەرپرسی هەوڵگری تورکیا کە لەسەر ئاستی دبلۆماسی بە پیاوە ڕەشەکەی تورکیا ناسراوە، دوو گومان هەڵەگرێت.
 یەکەمیان بۆ قۆستنەوەی پەیوەندیەکانیەتی لەگەڵ مستەفا کازمی کە دووەمیان پێشتر بەرپرسی هەواڵگری بووە لە عێراق، دووەمیان ئاگادارکردنەوەی بەرپرسانی عێراق بووە لەو ئۆپڕاسیۆنەی کە شەوی ١٥ حوزەیران دەستیان پێکرد.
مستەفا کازمی،  کە تا ئێستا روون نیە هەڵوێستی سەبارەت بە ئۆپڕاسیۆنی تورکیا و پێشێلکردنی سیادەی عێراق لە لایەن تورکیا چی دەبێت؟
بەڵام کازمی لە کاتی سەردانەکەی شاندی تورکیا و سەبارەت بە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسێک، سەبارەت بنەمای رێکەوتنی ستراتیژی ئەمەریکا- عێراق ووتبووی :
رێکەوتنەکە لەسەر بنەمای گێڕانەوەی (سیادە- سیادە- سیادە) دەبێت، کە زۆرێک لە چاودێران پێیان وایە ئەوەیان پەیامێک بووە بۆ شێ‌ندی تورکیا  و ئیدیکەش.
لایەنی ناوخۆیی کە هۆکاری پێشخستنی ئۆپڕاسیۆنەکەی تورکیا بووە بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان، بریتیە لەو چالاکیە سەرتاسەریەی کە ئەمڕۆ ١٥ی حوزەیران HDP لەسەرتاسەری تورکیا ئەنجامی دەدات بۆ پرۆتستۆکردنی دەستگیرکردنی پەرلەمانتارەکانیان لە لایەن دەولەتی تورکیا، کە دواینیان وەرگرتنەوەی پارێزبەندی بوو لە لەیلا گۆڤەن و پەرلەمانتارێکی دیکەی HDP کە دواتر زیندانیکردنیان.
تورکیا بۆ هەناردەکردنی کێشە ناوخۆیەکانی بۆ دەرەوەی تورکیا پێویستی بەو ئۆپڕاسیۆنە بوو تا بیکاتە سەر هەرێمی کوردستان.
تورکیا ئۆپڕاسیۆنەکەی پێشخست نەوک رێکەوتنی ستڕاتیژی نێوان ئەمەریکا – عێراق و ئەو بەڵێنەی کە مستەفا کازمی، بە ڕای گشتی داوە بۆ دانانی سنوورێک بۆ دەستوەردانی دەرەکی لە کاروباری عێراق لە ئایندەدا کێشە بۆ ئۆپڕاسیۆنەکە درووست بکات.
هەڵوێست بەرپرسانی عێراق لە هەڵبژاردنی بێ دەنگی یان ئیدانەکردنی دەوڵەتی تورکیا، هەموو ئەجێنداکانی پشتی پەردەی  کۆبوونەوە نەهێنیەکەی بەرپرسانی عێراق لەگەڵ هاکان فیدان ئاشکرا دەکەن، با چاوەڕوان بین.

 

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand