Draw Media

ئێستا حکومەت لە کۆرۆنا ترسناکترە

ئێستا حکومەت لە کۆرۆنا ترسناکترە

2020-06-15 08:13:17



شێرکۆ حەمەئەمین
 
ئەوەی ئێستا لەھەرێمی کوردستاندا روودەدات، لەھەموڕووییەکەوە حکومەت لێی بەرپرسە، ئەم حکومەتە کە لەم قەیران و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنایەشدا، تۆزقاڵێک عەقڵ و بیرکردنەوەی نەگۆڕاوە، سەرچاوەی نەھامەتییەکان و ئەگەری چۆڵکردنی نەخۆشخانەکان و ھۆکاری سەرەکی زۆربوونی ژمارەی توشبووانی کۆرۆنایە.

حکومەتێک نەتوانێت موچەی تەنیا وەزارەتی تەندروستی دابین بکات، بەڵام ئامادەبێت لەماوەی ۱٥تا۲٠رۆژدا قەرزی کۆمپانیاکانی مەسولە حیزبی و بنەماڵە حوکمڕانەکان بداتەوە، کەواتە لە کۆرۆنا ترسناکترە.

حکومەتێک دانەوەی قەرزی چەند کۆمپانیایەکی مەسولی حیزبی یان حاشیەی حیزب و بنەماڵەسیاسیەکان پێش قەرزی پاشەکەوتی ھاونیشتمانییەکانی بخات، کە لە ۲٠۱٦ بە پاشەکەوتی نایاسایی لێی بڕدراوە، بۆ دادگایی و ھەڵوەشاندنەوە، باشە.

حکومەتێک نەتوانێت، وەک دەڵێن ۸٠٠ ملیار دیناری قەرزی خۆی، لەکۆمپانیاکانی دۆست و ئەحباب و حاشییەکانیان وەرگرێتەوە، کەچەندین ساڵە لایانە، بەڵام لەماوەی ۱٥تا۲٠ رۆژدا قەرزی ھەمان ئەو کۆمپانیایانە بداتەوە کفری سیاسیە بە حکومەت ناوی ببرێت و لە کۆرۆنا ترسناکترە.

حکومەتێک خاوەنی رۆژنامەیەکی دوو لاپەڕەیی، کەناڵێکی لۆکاڵی خۆی نەبێت، بەڵام سەرۆک و جێگر و حیزبەکانیان  و عایلەسیاسیەکانی کوردستان، خاوەنی ھەموجۆرەکانی میدیا و کەناڵی ئاسمانی بن و لەم قەیران و بێ موچەییەشدا نەوەستابن، بە ویژدانتان ئەم حکومەتە رەوایە بمێنێت؟

ئەم نوخبە حوکمڕانەی کوردستان، کە چەندین ساڵە سامانی سەرزەوی و ژێر زەوی ئەم ھەرێمە، بەتاڵان دەبەن و خزمەتکاری ئێران و تورکیان. لەئێستادا،ئامادەنین دەستباریان بگرن، ئەی ئەمانە چەندین ساڵە چییان کردوە و کێ دۆستیانە؟!

کە دۆخەکە ئاوایە و کەس دۆستیان نییە، ئەی بۆ دەست بەگیرفانی خۆیان و حیزبەکانیان ناکەن و ئەم قەیرانە تێپەڕێنن و خەڵک ئاشتکەنەوە؟!
ئەم حکومەتە ئەڵێ چاکسازی دەکەم، خەرجی کەم دەکەمەوە، کەچی ئێستا خەریکی دانانی پۆست و وەزیروگزیری نوێن، بۆھاوبەشەکانی؟!
ئەمانەو زۆری تریش،......

کەواتە ئێستا حکومەت جا دامەزراوەکەیە یان عایلەسیاسیەکانی پشتی، لە کۆرۆنا ترسناکترن، چونکە ئەوان بەرپرسی قوت و سەلامەتی ژیانی خەڵکن.

کە موچەی تەندروستی و موچەخۆران نادەن و پزیشک و کارمەند نەخۆشخانەکان چۆڵدەکەن، ئەمە ئەنجامە و ھۆکارەکەی حکومەتە.
تا ئێستا حکومەت، ھەر قسەی ھەیە و ھیچی تر، ئەوانن دەبنەھۆی زۆربونی ڤایرۆسەکە وخەڵک ناچاری چونەدەرەوە دەکەن بۆپەیداکردنی نانی رۆژانەی، چونکە حکومەت ژیانیان بۆ دابین ناکات، قەرەبوی کەس ناکاتەوە، خەڵکیش دەچێتەدەرەوە بەھیوای سەلامەتی و پارێزراوی ھەموان و پابەندبونمان بەخۆپارێزی.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand