هه‌رێمه‌كه مه‌كه‌نه قوربانی
2020-06-14 22:19:13
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
ئه‌م هه‌رێمه به ته‌نها موڵكی پارتی و یه‌كێتی نیه تا له داخی ئه‌وان ته‌سلیمی به‌غدا بكرێته‌وه ، ئه‌م هه‌رێمه به هه‌موو كه‌م و كوڕی و كێماسی و خراپیكه‌وه موڵكی هه‌موو خه‌ڵكی باشوری كوردستانه‌و سێ پارچه‌كه‌ی دیكه‌ش چاویان له سه‌ریه‌تی ، له گه‌رمه‌ی له ده‌ستدانی كه‌ركوك و 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017 دا هه‌زاران گه‌نجی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان ئاماده بوون بێن له‌سه‌ر ئه‌و شاره ببنه قوربانی ، من له‌گه‌ڵ زۆر دڵ‌برینداری ئه‌وێنده‌ر قسه‌م كرد ، كه‌واته باشوری كوردستان وه‌ك هه‌رێمێكی فیدراڵی كابه‌ی هه‌موو ئه‌و كوردانه‌یه خه‌ون به ئازادی و خۆ خاوه‌نیه‌وه ده‌بینن ، پارتی و یه‌كێتی كه‌م و كوڕیان هه‌یه ، به‌ڵێ ، خه‌راپن ، به‌ڵێ ، ناتوانن ئیداره‌ی ئه‌م ناوچه بچوكه بده‌ن ، راسته گه‌نده‌ڵ و نادادو مشه‌خۆرو كۆیله سازن هه‌موو به راده‌یه‌كی زۆر وایه ، به‌ڵام پرسی باشور‌و ئه‌م هه‌رێمه فیدراڵه هی ئه‌وه نیه مامه‌ڵه‌ی پێوه بكرێت.
ئه‌وه‌ی باسی ئه‌وه‌ده‌كات به‌غدا راسته‌و خۆ موچه بدات ، له ڕووی ده‌ستوری و قانونیه‌وه نابێت و جۆرێكیشه له خزان و هه‌روه‌ها هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ده‌ستوری ئه‌م هه‌رێمه كه ئه‌وه جۆرێكه له كوفر ، له ده‌ستچوونی هه‌رێم واته گه‌ڕانه‌وه بۆ خاڵی سفر ، موچه‌خۆرانی هه‌رێم شه‌ش سه‌ت هه‌زاره یان ملیۆن و دوو سه‌ت چه‌ندی راستیه‌و چه‌ندی هی حزبه ئه‌وه مه‌سه‌له‌یه‌كی تره ، به‌ڵام داواكردن له به‌غدا بۆ ئه‌وه‌ی موچه‌ی ئه‌و ژماره‌یه بدات كه ته‌نانه‌ت له 2014ه‌شه‌وه یه‌ك كه‌سی بۆ زیاد نه‌كراوه ، ئه‌مه‌یان وه‌ك فرۆشتنه‌وه‌ی كوردستان وایه به به‌غدا .
كارێكی زۆر خراپ و ناجۆره خه‌ڵك به ده‌نگی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان گه‌یشتبێته به‌غدا ، له‌وێ موچه‌و ئیمتیازی زۆر باشی هه‌بێت ، له بری ئه‌وه‌ی شه‌ڕ له سه‌ر قه‌واره‌كه‌ی هه‌رێم و ماده‌ی 140 و ناوچه دابڕێنراوه‌كان و موچه‌ی خه‌ڵكی كوردستان بكات داوای ئه‌وه بكات به‌غدا راسته‌و خۆ موچه بدات و حساب بۆ قه‌واره‌كه نه‌كات ، له راستیدا من تا سه‌ر ئێسك له ته‌ك ئه‌م حوكمڕانیه نیم ، ئازاری زۆریشی داوم ، له 2010شه‌وه له وه‌زاره‌تی رۆشنبیری فه‌سڵی كردوم بێ هۆ ، دۆسیه‌ی فه‌رمانبه‌ریه‌كه‌شم ماوه و لای خۆمه ، له گه‌ڵ ئه‌وه‌ش نامه‌وێ حكومه‌تی عیراقی بیانووی ده‌ستوه‌ردانی زیاتری ده‌ستكه‌وێت له هه‌رێم ، فه‌رموون با پێكه‌وه له ناوخۆ چاكی بكه‌ین ، حكومه‌تی عیراقی ئه‌وه‌نده شه‌ریف نین و خۆیشیان تا سه‌ر ئێسك گه‌نده‌ڵ و دزو وێرانكه‌رن ، ئه‌وه‌تا ملیاره‌ها دۆلار له‌و وڵاته كه‌س نازانێ بۆ كوێ چووه ، خێره من به بیانوی بوونی گه‌نده‌ڵی وڵاته‌كه‌ی خۆمی بده‌مێ ؟.