Draw Media

پێشنیارێك بۆ سەرۆكی حكوومەت و جێگرەكەی

پێشنیارێك بۆ سەرۆكی حكوومەت و جێگرەكەی

2020-06-14 11:42:47



 د. سەیران تەها  
لەكاتێكدا بارودۆخی كوردستان بە قۆناغێكی ترسناكدا تێدەپەڕێت، لەلایەك بەهۆی ئەو داڕمانە ئابورییەی دووچاری جیهان و ناوچەكە بۆتەوە لە دەرەنجامی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، بەڵام لەلایەكی تر( لەعێراق و بەتایبەتی لە كوردستاندا) لە ئەنجامی ئەو گەندەڵیە كۆنكریتیە بەربڵاوەیە كە هەموو جومگەكانی حیزب و حكوومەت،  لەسەر هەموو ئاستەكانی كارگێڕی وسیاسی وئابوری وكۆمەڵایەتیەكاندا تەشەنەی كردووە، وە كاریگەری ڕووبەڕووبوونەوەی و مەترسیەكانی ژیانی هاووڵاتیانی قورستر كردووە.  لە دەرئەنجامدا شێرپەنجەی گەندەڵی هۆكاری سەرەكی مایەپووچ بوون و شكستی تەواوەتی بوودجەی هەرێمە. ئەو گەندەڵییە كە میراتی  دەستكەوتی حیزبەكان وكابینەكانی پێشووتری ئەم هەرێمەن كە زۆربەیان هەمان بەرپرس و هەمان سیاسیەتمەدار وكەسوكاریانن كە تەنها ئاڵوگۆڕ لە پلە و پۆستەكانیان تێدا دەكەن. جا بۆ ڕزگاربوونی دەسەڵات لەم قەیرانە دەبێت هەنگاوی ئازایەنە و چارەسەری بنەبڕی بۆ كێشەكان بدۆزێتەوە .

كارەساتێكی گەورەیە لەم قۆناغەدا كە هەرچی بەرپرسی ئەم هەرێمەیە بێدەنگن و پشتیان لە داواكاری خەڵك كردووە ؟.دەبیستن و دەبینن كە چەند میللەت ناڕازییە  و دێتە سەرجادە، كەچی هیچ كاریگەری نیە؟ تاوانە پزیشك و كارمەندانی تەندروستی ئەم هەرێمە لەبری پاداشت  كردن و هاندانیان بێ مووچەبن؟  مامۆستا و فەرمانبەرانی  ئەم هەرێمە  بگەیەنرێتە ئاستی نەبوونێتی  بەم شێوەیە ڕسوا بكرێن؟  

لەم قۆناغەدا بۆ چارەسەری كێشەكان ناتوانرێت پەنا بۆ  كاریگەری دروشمی حیزبایەتی  و قەوانی شۆڕش و خەباتی چەكداری ببرێت كە بوون بە مێژوو بە هەموو سەختی و چەوتیەكانیەوە.

لەم قۆناغەدا دروست بوونی كاریزما و مەرجەعیەتی سەركردەكان بە پاكتاوكردنی قووت و سامانی میللەتێك، یان بە گەورەكردنی  قەبارەی  وێنەكان و داپۆشینی شەقام و بەرزە پرد و دەز‌گاكانی حیزب و حكومەت نابێت. بەڵكو بە هەڵگرتنی قورسایی و بەرپرسیارێتی  نەهەماتی میللەتێكە كە خۆیانی بە خاوەن بزانن.

لەم قۆناغەدا كە دوا قۆناغی تاقیكردنەوەی متمانەی هاووڵاتیان و دەسەڵاتە، لە پێناو رزگاركردنی خودی دەسەڵات و هاووڵاتیان،  وە خامۆشكردنی  گڕكانی تووڕەیەكانیان  وە ڕوونەدانی كاری نەخوازراوی چاوەڕوانكراو ڕووبدات. پێویستە یەكەم هەنگاوی كرداری بە پەلە دەست پێ بكرێت. لەبری شەڕی میدیایی  حیزبەكان و هەڵدانەوەی لاپەڕەی ڕەشی یەكتری كە هیچ سوودێك بەخەڵك ناگەیەنێت، چاكسازی ڕاستەقینە  لە لیستی بندیوار و چەند مووچەیەكان بكەن.

پرسیارێك كە لە فیكری هەموو خەڵكی كوردستاندایە،  لەبری پەنا بردن بۆ قەرزكردن؟ پاشان بڕینی قەرزەكان لە پارەی مووچەكانیان ؟ وەك بەرپرسیارێتی ئەخلاقی و وویژدانی ، ئایا ڕەوا نیە مووچەی مانگێكی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لە سامانی سەرۆك و بەرپرسەكانی ئەم هەرێمەوە بدرێت؟ ئایا ئەمە كارێكی قورس دەبێت بۆ ئەو بەڕێزانەی كەخۆیان بە پێشمەرگە و خاوەن خەبات و شۆڕش دەزانن؟ یان داواكاریەكی نابەجێ دەبێت بەرامبەر بەو خاك و خەڵكەی كە سەرچاوەی داهات وخۆشگوزەرانی ئەوانن؟

ئایا هەریەكە لە بەرێز مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی پێشوو وە بەڕێز نێچیرەڤان بارزانی  سەرۆكی هەرێمی ئێستا وسەرۆكی كابینەی پێشووتر،  وە جێگرەكانیان بەڕێزان  (كۆسرەت ڕەسوڵ و قوباد تاڵەبانی) لە توانایاندا نیە چەند ملیارێك لە سامانەكانیان ببەخشن. ئایا بۆ خانەوادەی خوالێخۆش جەلال تاڵەبانی قورس دەبێت كە چەند ملیارێك لە سامانی بەجێهێڵراوی وەك ڕێزێك بۆ شكۆو ناوی ببەخشن. ئایا بۆ كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا ئاسایی نابێت لەبری ئەوەی بۆیان تاپۆكراوە  و بەجێ‌هێلراوە وەك دەستپێشخەریەك بیگەڕێننەوە بەشداری كۆمەك بۆمیللەت بكەن.
 
ئایا  ناكرێت بە سێ سەرۆك  كۆماری كورد، و جێگری سەرۆكی پەرلەمانەكان و وەزیری دارایی و وەزیری دەرەوەی عێراق و پۆستە سیادیەكانی تر لە بەغداد بەو بوودجە و نەسریەو مووچە زەبەڵاحەی هەیان بووە ناتوانن مووچەی چەند مانگێكیان ببەخشن؟  ئایا هەموو بەرپرسە عەسكەری و سیاسیەكانی كورد لە هەرێم و بەغداد  ئامادەنین  چەند ملیونێك  لە سامانەكانیان بۆ میللەتەكەیان تەرخان بكەن؟

ئایا سەرۆكی حكوومەت ناتوانێت داوا لە موستەشاری ئێستا و وەزیری سامانە سروشتیەكانی پێشووتر (ئاشتی هەورامی) بكات جەند ملیارێك لە سامانە بێشوومارەكەی ببەخشێت كە هۆكاری دۆڕاندن وقەرزداركردنی حكوومەتە ؟ ئایا سەرۆكی حكوومەت ناتوانێت لە ئێستا مووچەی خانەنشینی وەزیر و ئەندام پەرلەمانانە ببرێت كە زۆربەیان  مووچەیەكی تری حیزبی وەردەگرن ، یان كاری سەربەخۆ و بازرگانی دەكەن یان كوڕ و كچەكانیان پۆست و پلەی باڵایان هەیە.  یان داوا لە هەموو ئەو ئەندام پەرلەمانانە بكرێت  كە پێشتر بری ٥٠ ملیون دیناریان وەك خەڵات وەرگرتوە بۆ كڕینی ئوتومبیل جگە لە زەوی و شوقەكانیان، با بەشداربن لە كۆمەك كردن بە پێدانی نیوەی ئەو بڕە پارەیە، ئایا كاتی ئەوە نەهاتوە كۆتایی بە دۆسیەی قەرزی حكومەت و پشكەكانی چاڤی لاند بهێنرێت پارەی خاوەن پشكەكان بدرێتەوە.

بە دڵنیایی بۆ دەست پێكردنی هەنگاوێكی  دەست پێشخەری و دڵسۆزانە دەتوانرێت هەڵمەتی كۆمەك كردن بۆ ڕزگاربوون لە قەیران ڕابگەیەنرێت ، وە دەبێت یەكەم  كەس و دەست پێشخەری سەرەكی سەرۆكی حكومەت وجێگرەكەی وكابینەكەی بێت، پاشان بە فەرمی داوا لەهەموو بەرپرسەكانی ئەم هەرێمە بكرێت كە بەشداربن  . هەروەك چۆن لەسەردەمی (سەدام حوسەین ) بۆ كۆمەكردنی (مجهود حربی) وهەڵمەتەكانی لە بەرپرس و وەزیرەكانی خۆیەوە دەستی پێدەكرد. بێگومان ئەم هەنگاوە باشترین چارەسەر دەبێت بە هۆیەوە بتوانرێت بۆ مانگێك مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی پێ دابین بكرێت.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand