Draw Media

ئەو هاشتاگەی دەسەڵاتی هێنایە دەنگ

ئەو هاشتاگەی دەسەڵاتی هێنایە دەنگ

2020-06-14 11:41:32



 
هیوا سەید سەلیم
هەڵمەتی هاشتاگی كوا ٤٠٠ ملیارەكە؟ كە چەند رۆژێكە لە تۆڕەكۆمەلایەتیەكان دەستی پێكراوە ، هەڵمەتێك بوو كە هاوڵاتیانی كوردستان بە گشتی و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بە تایبەتی، لە سۆراخی ئەو ٤٠٠ ملیار دینارە دەپرسن،  كە بەغدا بۆ پێدانی مووچەی مانگی شوبات ڕەوانەی هەررێمی كوردستانی كردووە.ئەو هەڵمەتە دەچێتە چوراچێوەی بەدەنگەوەهاتنی هاوڵاتیان لەسەر مافی خۆیان، و كۆتیهێنان بە بێ دەنگی و ڕووبەڕوبوونەوەی سیاسەتی دەستگرتن بەسەر ماف و شایستە داراییەكانی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان.

ئەگەرچی هاشتاگی كوا ٤٠٠ ملیارەكە؟  بەهۆی واقیعی سیاسی كوردستان لە دەڤەرێكەوە بۆ دەڤەرێكی دیكە جیاواز بوو، بەڵام ئەوەیان بەو مانایە نایەت كە هەموو لایەك نەیەوێت بزانێ چارەنووسی ئەو پارەیە چی لێهاتووە،حكومەت بۆچی ئامادەنیە مووچەی فەرمانبەرانی لێبدات؟

لە ئێستادا كە تۆرە كۆمەڵایەتیەكان سەكۆیەكی گرنگی خەباتی مەدەنی گەلان پێك دێنن، لە دوای سەڕهەڵدانی بەهاری عەڕەبیش تواندرا ئەو تۆڕانە بكرێنە شوێنی دەڕبڕینی داخوازیەكانی خەڵكی ناڕازی لەو ولاتانەی كە بەر باهۆزی شۆڕش كەوتن.

هاشتاگی كوا ٤٠٠ ملیارەكەش لە هەرێمی كوردستان،  خەباتێكی مەدەنیانەی خەڵكە،  كە گوزارش لە لایەنی كەمی مافەكانیان دەكات، ئەویش ئاشكراكردنی چارەنووسی ئەو پارانەی بەناوی ئەوانەوە لە بەغداوە هاتۆتە هەرێمی كوردستان.
 
بۆیە  دەبێت لە كوردستانیش  بۆ درووستكردنی ڕای گشتی و كاریگەركردنی هەوڵەكانی گرووپی فشار، لەپاڵ شێوازەكانی دیكەی خەبات، پەنا بۆ تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان ببردرێت.

ئەوەی جێگای هەڵوەستەیە ئەوەیە،  كە بۆ یەكەمین جارە لە هەرێمی كوردستان لە بەرامبەر هاشتاگێكی تۆڕە كۆمەلایەتیاكان، دەسەڵات نەتوانێت بێدەنگی هەڵبژێرێت.
 
بۆیە لە بەرمبەر هاشتاگی كوا ٤٠٠ ملیارەكە؟   وەزارەتی دارایی بەدەنگ هات، و لە روونكردنەوەیەكدا كە لە لای زۆربەی خەڵكی باوەڕپێنەكراوە، شێوازی تەخشان و پەخشانكردنی ئەو پارەیان بڵاوكردەوە.
 
دوای روونكردنەوەی وەزارەتی دارایش چەند پەلەمانتار و راگەیاندكاریكی سوودمەند لە پارە و داهاتی خەڵكی،  كەوتنە دژایەتی ئەو كەسانەی داوای چارەنووسی مووچەی مانگی شوبات دەكەن،  و هاشتاكی كوا ٤٠٠ ملیارەكەیان بڵاوكردۆتەوە، ئەوان وەك هەر جارێكی دیكە كەوتنە بەشینەوەی تۆمەت بۆ ئەوانەی داوای چارەنووسی قووتی ژیانیان دەكەن!

بەڕاستی هەڵوێستی ئەو چەند پەرلەمانتارە  سەیر و جێگای پرسیارە، چونكە  لە تەواوی جیهان یەكێك لە ئەركەكانی پەرلەمانتار ئەوەیە بەدواداچوون بۆ داهات و سەرفیاتی وڵات بكات، لە لای ئێمە پێچەوانە بۆتەوە،  پەرلەمانتار دێت لە وەڵامی داواو داخوازی ڕەوایی خەڵك،  دەپێتە پینەچی دەسەڵات و خەڵك تۆمەتباردەكات.

دواجار دەڵێین وەڵامەكەی وەزارەتی دارایی، و تەنگەتاوبوونی كەسانێكی سەر بەدەسەڵات، ئاماژەیە بۆ ئەوەی هاشتاكی كوا ٤٠٠ ملیارەكە؟  كاریگەری خۆی كردووە، بۆیە دەبێت ئەو جۆرە خەباتە درێژەی هەبێت، و چیتر خەڵكی لەبەرامبەر زەوتكردنی مافەكانیان بە تایبەت زەوتكردنی مووچە،  نابیت بێ دەنگی هەڵبژێرێت.

دەبێت لەمەودوا خەڵكی لەبەرامبەر پرسیاری كوا داهاتی هەرێمی كوردستان؟ كوا مووچەكەم؟ كوا خزمەتگوزاری پێویست؟ وەڵامی درووست و باوەڕپێكراوی دەستكەوێت، نەك بێ دەنگ بكرێت،  وتۆمەتی بدرێتە پاڵ.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand