سکانداڵەکەی دەزگای زانیاری و ئەرزشی لەسەر ناوبانگی هەرێم
2020-06-14 11:38:04
کەریم کاوە رایەتی
کۆمپانیاکانی سۆشیال میدیا لە "سلیکۆن ڤالی" لە ساڵی 2012ەوە تەکنەلۆژیای "زیرەکیی دەستکرد" بەکار دەهێنن بۆ دەستنیشان کردنی هەر جوڵەیەکی ناسروشتی لە پلاتفۆرمەکانیان دا، بە تایبەت کە لە سەروبەندی بەهاری عەرەبی چ شۆرشگێرەکان و چ رژێمەکان کاریان لەسەر درووستکردنی سوپای ئەلیکترۆنی (لە ڕۆژئاوا پێی دەڵێن شەروانانی کیبۆرد Keyboard warriors) دەکرد. یەکێک لە ڕێکارەکانی ناسینەوەی جوڵەی ناسروشتی ئەوەیە لە ماوەیەکی کەم لە ڕێی ڕۆبۆتەوە چەند هەزار هەژمارێکی فەیسبووک یان تویتەر درووست دەکرێن و هەموویان ناوەڕەکی هاوشێوە یان نزیک لە یەکتری بڵاو دەکەنەوە بە مەبەستی بە لاڕێدا بردنی ڕای گشتی و دروست کردنی فەزایەکی ساختە کە وا لە خەڵک دەکات باوەڕ بە پرۆپاگەندەکان بکەن. ئەو دیاردەیە لە دنیای تەکنەلۆژیا بە echo chamber ناسراوە، بە واتای دەنگدانەوەی ناو دەفر و ئەشکەوت دێت، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ دەنگدانەوەی ناسروشتی. وەک دەزانین لە ئەشکەوت و دەفری داخراودا دەنگی تاکە کەسێک وەک تەوژمی دەنگی دەیان و سەدان کەس دەنگدەداتەوە. لە سۆشیال میدیا دا کەسێک یان گروپێک کە کەمینەن، هەڵدەستن بە ساز کردنی فەزایەک بۆ ئەوەی وەک زۆرینە خۆیان نمایش بکەن و کاریگەری لەسەر ڕای گشتی درووست بکەن، بۆ ئەمەش پێویستیان بە سەدان و هەزاران هەژمار و پەیج هەیە. جا ئەو پەیج و هەژمارانە چ لەڕیی چەند کەسێکەوە یان لە ڕێگەی رۆبۆتی بەرنامەکراوەوە بەڕێوە دەبرێن. زۆرجار سوپا ئەلیکترۆنیەکان بەوەوە ناوەستن بۆ چەواشەی ڕای گشتی بەڵکو هەڵدەستن بە سپۆنسەر کردنی ناوەڕۆکی پۆستەکانیان بە بڕە پارەی زۆر و زەوەند.
ئەو تەکنیکە ساڵانێکی زۆر توانی کار لە ڕای گشتی بکات بەڵام لە ئێستادا لەجێی سوود، بە زیان بۆ ئەو کەس و ڕێخراوانە دەشکێتەوە و ناوبانگیان لە کەدار دەکات و چیتر بڵاوکراوەکانیان بە هەند وەرناگیرێن ئەگەر پرۆپاگەندەش نەبن. لەو دواییانەدا کۆمپانیای فەیسبووک ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە کە سەرووی سێ سەد هەژمار و پەیجی سڕیوەتەوە لە پلاتفۆرمەکانی دوای ئەوەی بەشی بەدواداچوون لە کۆمپانیاکە بۆیان ڕوون بۆتەوە ئەو هەژمارانە ڕاستەقینە نین و هەموویان لە لایەن گروپێکی دیاریکراوەوە بە شوناسی ساختە یەکجۆر لە گوتار پەخش دەکەن. ئەوەی جێی نیگەرانیە فەیسبووک ئەوەشی خستۆتە ڕوو کە ئەو دەزگایەی بەو کارە هەستاوە دەزگای زانیاری-ی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە. وەک لە ڕاپۆرتەکەی فەیسبووک دا هاتووە دازگای ناوبراو بڕی 270 هەزار دۆلاری ئەمریکی خەرج کردووە بۆ سپۆنسەر کردنی ئەو پەیجانە. لێرەدا تێڕامانی خەڵکی کوردستان دەکەوێتە سەر ئەوەی ئاخۆ سەرچاوەی ئەو پارانە لەکوێوە دێن؟ ئەو حزبە دەبێت چی لە داهاتی زۆنی سەوز کردبێت کە بەو جۆرە تەخشان و پەخشانی دەکات بۆ سپۆنسەر کردنی گوتارەکەی لە فەیسبووک؟ بۆچی ئەو بڕە پارەیە بۆچی لە پێناو بە ئامانج گرتنی خەڵکی وڵاتپەروەر و خەمخۆر خەرج دەکرێت؟ئایا کە بە ڕواڵەت خۆیان بە داکۆکیکاری خەڵک دەزانن بۆچی وەها پارەیەک لە خەڵکی هەژار خەرج ناکەن؟ ئایا تاکەی یەکێتی بە دوو فاقی سیاسەت دەکات، برا بەشی حکومەتە و لە لایەکیتریش ئۆپۆزسیۆنێکی ناواقعی و فەیک.
سەرباری هەموو ئەوانە، ئاکاری ئەلیکترۆنی ئەو دەزگایە وادەکات کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە هەستیاریەوە سەیری ڕاگەیاندنی فەرمی وڵاتەکەمان بکەن چونکە دەزگای زانیاری بەشێکە لە ئەنجومەنی ئاسایش و پاراستنی هەرێمی کوردستان، هەڵبەت لای هاوڵاتیانی کوردستان ڕوونە کە تەنها بەناو بەشێکە لەو دەزگا فەرمیەی کوردستان و لە حەقیقەت دا دەزگایەکی تەواو حزبیە ئەوە ئەگەر تەواو شەخسی نەبێت. چونکە کەسانی پسپۆڕ و سەنتەر و پەیمانگاکان لە ئاستی نێودەوڵەتی کە چاودێری لایەنی ئەمنی و راگەیاندن و حکومەتەکان و سیاسەت دەکەن ئەمە بە خاڵێکی نەرێنی هەژمار دەکەن و بێ گومان کاریگەری نێگەتیڤی دەبێت بۆ سەر پێگەی هەرێم کە دەزگایەکی ئەمنی بەم کارە هەستێت وەک مەترسی سەیر دەکرێت.
دەزگای زانیاری و سەردەستەکانی لە ڕابردوو دا هێندەی هەوڵی لەکەدار کردنی حزب و کەسایەتیە نیشتیمانیەکان داوە، نیو هێندە خەریکی پاراستنی هاوڵاتیان و سەقامگیر ڕاگرتنی زۆنی سەوز نەبووە. پێویستە ئەو سکانداڵە هەروا تێنەپەڕێت و لێپێچینەوە لە خەڵکانی بەرپرسیار لەو دەزگایە بکرێت، بۆ ئەوەی چیتر بۆ مەبەستی تەسکی حزبی ناوبانگی هەرێمی کوردستان لەکەدار نەکرێت و سنوورێک بۆ هەڵمەتە ئەلیکترۆنیەکانی ئەو خەڵکە نابەرپرسە دابندرێت.
*ماستەر لە یاسای نێودەوڵەتی