ئیمپڕاتۆریەتی درۆ و پارەی خەڵک
2020-06-13 16:46:42
ئاسۆ حاجی
لە چەند رۆژی رابردوو چەند رووداوێک هەبوون کە هەموویان پەیوەندیان بە پارە و داهات و ژیان و ئایندەی خەڵکەوە هەبوو،بەڵام یەکێک لەو رووداوانە زیاتر بووە جێی قسە و سەرنجی خەڵک لە کاتێکدا ئەویان دەبوایە زۆر کەمتری دەربارە بگوترێ بە بەراورد بە رووداوەکانی دیکە.
هەڵمەتێکی سۆشیال میدیا دەستی پێکرد کە پرسیارێک بوو # چوار سەد ملیارەکە چی لێهات؟ ئەو پرسیارە رووبەڕووی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکرایەوە دەربارەی چارەنووسی ئەو 400ملیار دینارەی لە بەغداوە بەناوی موچەی فەرمانبەران هاتبووە هەولێر،لە کاتێکدا چەند رۆژێک بەر لەو هەڵمەتە پەڕلەمانتارێکی ئێران(کە یەکێکە لە سەرکردەکانی سوپای پاسداران) لە ناو پەڕلەمانی وڵاتەکەی ئاشکرای کرد کە حکومەتی ئێران لە رێگای لێژنەیەک کە لە نوێنەری سوپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعات و بە سەرپەرشتی سەرۆککۆمار بایی 36 ملیار دۆلار تومەنی ئێرانی و مادەی هۆشبەر هەروەها 80 تۆن زێڕی رەوانەی سلێمانی کردووە بۆ ئەوەی بە دۆلار و یۆرۆ بگۆڕدرێنەوە و بۆ ئێران رەوانە بکرێنەوە لە رێگای 3 تیمی قاچاغچیەوە،بەڵام ئەو بابەتە گرنگ و هەستیار و نەبووە رۆژەڤ و خەڵک دەربارەی چارەنووسی ئەو پارەیە پرسیاری نەکرد!
دوای چەند رۆژێک لەو قسانەی ئەو پەڕلەمانتارەی ئێران کۆمپانیای فەیسبووک زیاتر لە 400 پەیج و ئەکاوەنت و گروپی سەر بە دەزگای زانیاری یەکێتی نیشتیمانی کوردستان داخست،کە مانگانە نزیکەی 300 هەزار دۆلار تەنها لە سپۆنسەر کردنیان خەرج دەکرا،جگە لە پارەی ئەو کەسانەی کە ئەو هەموو پەیج و ئەکاوەنتانە بەڕێوەدەبەن ػە ژمارەیەکی زۆریان بەشێوەی گروپی 5,4 کەسی بەڕێوەبردراون و بە گوێرەی زانیاریەکان موچەی ئەو کەسانە لە نێوان 300 دۆلار بۆ 1000دۆلارە،کە پاداشتی مانگانەیان بە سەرووی ملیۆنێک دۆلار مەزەندە دەکرێ کە لە سەر حیسابی خەڵک بووە و وەک کۆمپانیای فەیسبوک ئاشکرای کردووە ئەو کەسانەی لەو پەیج و ئەکاوەنت و گروپانە کاریان کردووە کاریان بڵاوکردنەوەی درۆ و هەواڵی ساختە و سوکایەتی کردن بووە بە خەڵک،بەڵام ئەو بابەتە گرنگە کە تەنه بە هەدەردانی پارە نیە بەڵکو پەیوەندی بە بەها و ئەخلاقی کۆمەڵایەتیەوە هەیە و ئەو کەس و لایەنانە ئاشکرا کراون کە سەرچاوەی سوکایەتی کردنن بە خەڵک و بەڕێوەبەرانی ئیڕهابی فکرین لە کوردستان،بەڵام خەڵک زۆریان دەربارە نەگوت و نەبووە رۆژەڤی میدیا!
ئەو رووداوانە ئەوەی نیشاندا کە لە کوردستان ئیمپڕاتۆریەتی درۆ لە هێزە حەقیقەت بێژەکان بەهێزترە و دەتوانێ بەهێزتر رای گشتی و خەڵک ئاراستە بکات،تەنها خاڵی گەش و جێی ئومێد لەو پرسانەدا ئەوەیە کە ئەو ئیمپڕاتۆریەتە درۆیە بە تەنها کلیکێکی گەنجێکی جینز لەبەری ئەمەریکی کە لە باڵەخانەیەکی ناوەڕاستی نیویۆڕک بەسەر یەک داڕوخاو و بووە و تەنها وەک نیشانەی پرسیار لە سەر مۆڕالی سیاسیان و خاڵێکی رەش لە مێژوویان دەمینێتەوە،ئەوڕۆش نەبێ سبەی خەڵک پرسیاری ئەو هەموو درۆ و ساختەکاریەیان لێ دەکەن،کە بە دڵنیایەوە ناتوانن وەڵامێکی رازیکەر بدەنەوە و ئەو کاتیش خەڵک رێک وەک ماڕک زۆڕگبێرگ بە یەک کلیک ئیپڕاتۆریەتە درۆینەکەیان بە سەردا دەڕوخێنن.