کاتێک ساردبونەوەی لاشەکان ئاسایی دەبێتەوە ..!
2020-06-12 14:41:13
بەشدار عوسمان
هەواڵی خۆکوژیی کچ و کوڕێکی گەنج لەیەک رۆژدا بەبێدەنگیی و بێ هیچ کاردانەوەیەک تێپەڕی، رووداوی کۆتایی ژیانی زەهرە لە هەولێر و ئەژی لە سلێمانی نەبویە رۆژەڤی هیچ دامودەزگا و رێکخراوێک و راگەیاندنەکانیش وەکو رووداوێکی ئاسایی بە فەرامۆشییان سپارد،زەهرە خانمی هونەردۆست و کاکە ئەژی برینساز تەنها دوو حاڵەتی شاز نیین لە بێ ئومێدی گەنجان و داخرانی هەموو دەرگاکانی ئومێد و تێکشکاندنی وزە و ئیرادەی تاکەکان لەکۆمەڵگا،بەڵکو وێنەی ژیان و زیندەگی هەزاران گەنج و منداڵی دڵشکاوی ئەو هەرێمە بەیاندەکا، بۆیە نابێت ئاوا بەساردیی مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت.
راستە کرداری خۆکوژیی لە هەموو گۆشە و کەنارێکی ئەم دنیایەدا هەیە، بەڵام هەرگیز لە هیچ قوژبنێکی سەر ئەم زەوییە ئەگەر زەڕەیەک ژیانی ئینسانەکان بەهای هەبێت، بەم شێوەیە مامەڵەی لەتەکدا ناکرێت و بەبێ سەرەتاتریین بەدواداچوون و کەمترین گرینگی هیچ دامودەزگا و لایەنی پەیوەندیدار و بچوکترین کاردانەوەی کۆمەڵگا، تێپەڕنابێت.
بۆ ساتێکیش بێت، کە ئەو دێڕانە دەخوێنیتەوە بیهێننە بەرچاوتان. ئەوە چ وەزعیەتێکە گەنجانێک ناچار دەکات بەدەستی خۆیان کۆتایی بەژیان و خەون و خولیاکانیان بهێنن؟! ئەگەر کێشە و گرفت تینی بۆ نەهێنابن،ئەگەر هەموو دەرگاکانی ئومێدیان لەسەر دانەخرابێت، ئەگەر حەز و خۆزگە و هیواکانیان بە سەراب نەسپێردرابێت؟.
ئەوە چ وەزعیەتێکە مرۆڤ ئەو هەستەی لا دروست بێت، ژیانی قورسایەکە و دەبێت کۆتایی بێت ؟!
بڕوای تەواومان بەوە هەیە دەستبردن بۆ خۆکوژیی بڕیارێکی تاسەر ئێسقان ناعەقڵانیە، کورتکردنەوەی ساتەکانی تەمەن، قورسترین و لاوازترین بڕیارێکە ئینسان دەرهەق بەژیانی خۆی دەیدات، ئەگەر ئیرادەی هەبێت و هێز و توانا شاراوەکانی ناخی بدۆزێتەوە بێگومان دەیان کێشەی گەورەتر،ژیانی دژوارتر تێدەپەڕێنێت.
بەڵام، کۆمەڵگای کوردستان داڕووخاوە لەهەموو ئیرادە و بەرەنگارییەک،زۆر بێ ڕەحمانە بە پلان و پارە و پەروەردە و ئاگر و ئاسن ٢٩ ساڵە کاریان لەسەر ورد و خاشکردنی هەست و نەست و دڵ و دەروونی تاکەکان کردووە، بەگوێگرتن لە چوار مناڵ و پیر و گەنج، بۆت رۆشن دەبێت چ وێرانییەک لە هێز و بیرکردنەوەیاندایە، بە چاوخشاندنێک بە ئەو ئامارانەی پۆلیس، دادگا و نەخۆشخانە، کە بە ڕاستییش بڵاوی ناکەنەوە و بەشێکی دەشارنەوە، ئاسان تێدەگەیت ئەو هەموو کێشە و گرفت و لێکترازان و شکاندنە لەکوێوە سەرچاوەی گرتووە.
کاتێک گەڕەکی فیرعەونەکان و دۆلاراوە هەبێ بۆ دەستەبژێرێک و قوتابخانە و زانکۆ و نەخۆشخانەی تایبەتیان بۆ دابینکرابێت و خۆیان و نەوەکانیان لەناو دوایین ڤێرژنی قەسر و قەمەردا بیگوزەرێنن و خاوەنی کارگە و کۆمپانیا بن، گەنجانێکیش دوای دەیان دەردەسەریی زانکۆ تەواو دەکەن و کرێکاریشیان دەست ناکەوێ و باشترین بژاردەیان دەریای ئیجە بێت،کچان و کوڕانی گەنج لە هەڵبژاردنی تایبەتیترین شتەکانی خۆیان ئازاد و سەربەست نەبن،ئایندە و کەرامەت و شەخسیاتیان لەژێر هەڕەشەدا بێت و دامودەزگایەکیش نەبێت بۆ پارێزگاریی،گەنج و رۆژنامەنوسەکان لەسەر وتنی وشەی 'ماف و ئازادیی' گوللە بنرێت بەدەم و سنگیانەوە، خۆپیشاندەران لەبەرچاوی کامێراوە و ئیهانە و سوکایەتیان پێبکرێت و لەباشترین حاڵەتدا زیندانەکانیان پێ ئاوەدان بکرێتەوە تەنها لەبەرئەوەی داوای کرێ و مووچەیان کردووە و نایانەوێت لەبرسان بمرن، ئەوا بێگومان کارەساتی تراژیدیایی و دیاردەی خۆکوژیی و ساردبوونەوەی لاشەی ئینسانەکان، ئاسایی دەبێتەوە و بەبێدەنگیش تێپەڕدەبێت، وەکو ئەوەی ئێستا دەیبینین.