Draw Media

چاره‌سه‌ری هه‌ڵه‌كانی پارتی

چاره‌سه‌ری هه‌ڵه‌كانی پارتی

2020-06-11 21:12:06


شێرزاد شێخانی

 به‌شی سێیه‌م 

 

وتاره‌ په‌شۆكاوییه‌كه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت مه‌سرور بارزانی به‌ر له‌جه‌ژنی ره‌مه‌زان سه‌باره‌ت به‌قه‌یرانی دارایی ، یه‌كه‌مجاره‌ له‌مێژووی پارتیدا كه‌سێك له‌ناو خودی ئه‌م حزبه‌ وبه‌تایبه‌تیش له‌ بنه‌ماڵه‌ی بارزانیدا دان به‌شكستێكی گه‌وره‌ی حزبه‌كه‌یانه‌وه‌ بنێ  .هیچ گومانیشی تێدا نیه‌ ، هه‌رچی ئه‌م ماڵوێرانییه‌ی به‌سه‌ر میلله‌ته‌كه‌ماندا هاتووه‌ هه‌مووی له‌نه‌تیجه‌ی ئه‌دای حكومه‌ته‌كانی نیچیرڤان بارزانییه‌وه‌ بووه‌ . خۆیشی هه‌روایه‌ ، هه‌ر حاكمێك ماوه‌یه‌كی دوورودرێژ له‌سه‌ر ته‌ختی حوكم دابنیشێ بێگومان تووشی غرورو هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌ ئه‌بێ و ئیداره‌كه‌شی تووشی فه‌ساد ئه‌كات ، ئه‌مه‌ حه‌تمیه‌تی مێژووه‌ و نموونه‌‌ش رژێمه‌ دیكتاتۆره‌كانی جیهانه‌ كه‌ دێنه‌ سه‌ر حوكم و واز له‌ ده‌سه‌ڵات ناهێنن ، هه‌ر بۆیه‌ په‌نا بۆ سه‌ركوتكردنی میلله‌ته‌كانیان وكڕینی ویژدانی نه‌یاره‌كانیان ئه‌به‌ن ، هه‌ڵبه‌ت پارتیش به‌ده‌ر نیه‌ له‌م نموونانه‌  .

له‌راستیدا ئه‌م قه‌یرانه‌ قووڵانه‌ی ئێستا ئۆباڵه‌كه‌ی ئه‌كه‌وێته‌ ‌سه‌رشانی پارتی چونكه‌ ماوه‌ی بیست ساڵ نێچیرڤان بارزانی ده‌سه‌ڵاتی به‌ده‌سته‌وه‌ بووه‌ . كابینه‌ی نۆیه‌میش به‌فیعلی هاتۆته‌ سه‌ر وێرانه‌ خاكێك ، خه‌زێنه‌یه‌كی به‌تاڵ و حكومه‌تێكی قه‌زردار كه‌ كه‌س نازانێ قه‌رزه‌كانیش چۆن وبۆچی وكه‌ی و له‌كوێ كراوه‌ . ئیداره‌یه‌كی تا بینه‌قاقا گه‌نده‌ڵ و ورگ ئه‌ستور به‌ ده‌یان هه‌زار بندیوار ، حكومه‌تێكی فاشیل له‌هه‌موو سێكته‌ره‌كان ، هه‌بوونی كه‌سانی بوده‌ڵه‌و هیچ له‌بار نه‌بوو له‌باڵاترین ده‌سه‌ڵاتی ئیداری ، ئه‌مانه‌ هه‌مووی مییراتی نێچیرڤان بوون بۆ كابینه‌كانی دوای خۆی مایه‌وه‌  .

 پارتی ئێستا له‌لێواری دارووخانێكی مێژوویی گه‌وره‌دایه‌ كه‌ به‌درێژایی ته‌مه‌نیه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی وه‌ها ترسناكی به‌سه‌ره‌وه‌ نه‌بووه‌ . له‌لایه‌ك شه‌قام ئه‌كوڵێ و خه‌ڵك گه‌یشتۆته‌ سه‌ر لووتی‌ ، دابه‌زینی نرخی نه‌وت ناچاری كردوون مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران له‌به‌غدای ته‌ڵاقدراو وه‌كو نه‌فه‌قه‌ وه‌ربگرن ، په‌تای كۆرۆناو دارووخانی سێكته‌ری ته‌ندروستی هه‌ڕه‌شه‌ له‌هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌ ده‌كات . كوردستان به‌گشتی له‌سه‌ر بۆمبێكی ته‌وقیتكراودایه‌‌ بچووكترین هه‌ڵه‌ی ده‌سه‌ڵات‌ فتیله‌كه‌ دائه‌گیرسێنێ ئه‌وسا داروبه‌ردی ئه‌م كوردستانه‌ ئه‌سووتێ .

ره‌نگه‌ سه‌رانی پارتی هه‌ر وه‌كو پیشه‌ی خۆیان خه‌ڵك بترسێنن به‌ سه‌ركو‌تكردنی هه‌ر راپه‌رینێكی جه‌ماوه‌ری ، ئه‌وه‌تا له‌ملاو ئه‌ولا قسه‌ فڕیئه‌ده‌ن گوایه‌ ناهێڵن وه‌زعی ئه‌منی شاری هه‌وڵیر تێكبدرێ ، به‌ڵام كه‌ كار گه‌یشته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی خه‌ڵك رووبه‌رووی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ بێته‌وه‌ ، هیچ هێزێك نیه‌ به‌رامبه‌ری بوه‌ستێت ، به‌تایبه‌تیش هێزه‌ فشۆڵه‌كانی پارتی كه‌ هه‌موومان له‌بیرمانه‌ له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی دوو هه‌زار چه‌كداری داعش له‌مه‌خمورو دیبه‌گه‌ چۆن زۆربه‌ی سه‌ركرده‌و بنكرده‌كانیان تێیان ته‌قاند به‌ره‌و سنوور ، له‌كاتی هاتنی حه‌شدی شه‌عبیش بۆ كه‌ركوك هه‌مان ئه‌و جه‌یشه‌ زه‌به‌لاحه‌یان خۆی رانه‌گرت ، بۆیه‌ زۆر سه‌هوون ئه‌گه‌ر وا تێبگه‌ن كه‌وا هێزی به‌ڵته‌چی و بندیواره‌ دابه‌ستیه‌كانی به‌هانایه‌نه‌وه‌ دێن . له‌بیرمان نه‌چێ هه‌ر خه‌ڵكی ره‌شورووتی رانیه‌ بوون به‌ خاكه‌ناس وپێمه‌ڕه‌و چه‌قۆ توانیان قه‌ڵای گه‌وره‌ترین هێزی دیكتاتۆری سه‌رده‌م بروخێنن و راپه‌رینی سه‌رتاسه‌ری رابگه‌یه‌نن .

دیسانه‌وه‌ له‌بیریشمان نه‌چێ پێش راپه‌رین زیاتر له‌ 400 فه‌وج ومه‌فره‌زه‌ خاسه‌ی جاشه‌كان كه‌ پاره‌یه‌كی زه‌به‌لاحیان له‌رژێمی ‌به‌عس وه‌رده‌گرت ، به‌ڵام كه‌ لێی قه‌وما ته‌نانه‌ت یه‌ك ته‌قه‌شیان نه‌كرد .  له‌مه‌ش زۆر نزیكتر ڕاپه‌ڕینی تشرینی ساڵی رابردووی به‌غدایه‌ ، كه‌ ئێستا حكومه‌تی كازمی ئه‌یه‌وێ هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ بداته‌ داداگاوه‌ كه‌ ته‌قه‌یان له‌خۆپیشانده‌ران كردووه‌ و خه‌ڵكی سڤێلیان شه‌هید كردووه‌ . جگه‌ له‌مانه‌ش هه‌موو رای گشتی جیهان له‌م سه‌رده‌مه‌دا رێگه ‌ناده‌ن كوشتوكوشتار له‌كوردستان رووبدات دژ به‌خه‌ڵكه‌ برسی و ره‌شوڕووته‌كان .

 له‌به‌ر ئه‌م هه‌موو هۆكارانه‌ هیچ پێویست ناكات پارتی بیر له‌رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی خۆپیشاندان بكا و به‌ڵته‌چییه‌كانی سازو ئاماده‌ بكات ، چونكه‌ ئه‌مجۆره‌ شه‌قوه‌شاندن و ترساندنی خه‌ڵك به‌ پیاوكوژان هیچكات دادی رژێمه‌ سه‌ركوتكه‌ره‌كانی نه‌داوه‌ ، ئه‌وه‌تا ده‌یان نمونه‌ی وه‌كو سه‌دام و قه‌زافی و به‌شیری سودان شكستیان به‌ رژێمه‌كانیان هێنا كاتێك بیریان له‌مجۆره‌ چاره‌سه‌رییه‌ ئه‌منیانه‌ كرده‌وه‌ ، خه‌ڵكی سته‌مدیده‌ی كوردستانیش ئێستا له‌هه‌ر كاتێك زیاتر ترسیان له‌رژێمه‌كه‌ی بارزانی شكاوه‌و سووڕیشن له‌سه‌ر رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ، بۆیه‌ باشتره‌ بۆ پارتی له‌بری ئه‌وه‌ی بیر له‌چاره‌سه‌ری ئه‌منی‌ بكاته‌وه‌ ، با به‌م رێكارانه‌ وه‌زعی میلله‌ته‌كه‌ی ئارامبكاته‌وه‌   :

 1 - ئینعاشكردنی وه‌زعی خراپی دارایی میلله‌ت به‌ چه‌ند هه‌نگاوێكی به‌په‌له‌ وه‌ك ، دابینكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت . یان به‌شێك له‌و پارانه‌ی گه‌نده‌ڵكاران به‌ خودی بنه‌ماڵه ده‌ستڕۆشتوه‌كانه‌وه‌ له‌ژێرزه‌میینه‌كان شاردراونه‌ته‌وه‌ یاخود له‌بانكه‌كانی ده‌ره‌وه‌ن ، ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌ی قه‌رزیش بێت به‌شێكیان بگه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ مووچه‌ . یاخود بڕینی نه‌سریه‌ی مه‌سئوله‌كان ودیوه‌خانانه‌و نیوه‌ی مووچه‌ی پله‌ باڵاكان به‌گشتی  ئه‌ویش تا تێپه‌راندنی ئه‌م دۆخه‌ .

2- به‌و ئیعتباره‌ی حكومه‌ت چه‌ندان ملیار دیناری پاشه‌كه‌وت قه‌رزاری هه‌ر یه‌ك له‌خانه‌نشین و فه‌رمانبه‌رانه‌ ، پێویسته‌ حكومه‌ت ئه‌و پارانه‌ وه‌كو ره‌سید له‌بانقه‌كان تۆمار بكات بۆ پێدانی پاره‌ی كاره‌باو ئاوو خزمه‌تگوزارییه‌كانی تری حكومه‌ت ، چونكه‌ ناكرێ تۆ قه‌رزاری كه‌سێك بیت وداوای قه‌رزی خۆتی لێبكه‌ی ، به‌و پێیه‌‌ش هه‌م حكومه‌ت قه‌رزه‌كانی پاشه‌كه‌وت كه‌متر ئه‌كاته‌وه‌ ، هه‌میش مووچه‌خۆره‌كان باری ژیانیان سووكتر ئه‌بێ .

3- رێكخستنه‌وه‌ی میلاكاتی فه‌رمانبه‌ران ، ئه‌و‌یش به‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی دامه‌زراندنی بندیواره‌كان و بڕینی مووچه‌ی خانه‌نشینی هه‌موو ئه‌و پله‌ باڵایانه‌ی له‌حكومه‌ت مووچه‌ وه‌رده‌گرن وه‌كو ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی حزبه‌كان ، وه‌زیره‌كان ، ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كان ، چونكه‌ ئه‌مانه‌ هه‌ر هه‌موویان له‌رێگه‌ی ئیستغلالكردنی پله‌و پۆسته‌كانیان ئێستا بوونه‌ته‌ خاوه‌ن كۆمپانیاو ده‌یان ملیۆن دۆلار كه‌ هیچ پێویستیان به‌ دوو ملیۆن وپێنج ملیۆنی دیناری مووچه‌ی حكومه‌ت نیه‌ .

4- وه‌كو بژارده‌یه‌كی واقیعیانه‌ بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی مووچه‌ ، بریار بدرێ كه‌ سه‌رجه‌م مووچه‌كان سه‌قفێكی بۆ دابنرێ به‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی كاتی و تا تێپه‌ڕاندنی ئه‌م قه‌یرانانه‌ ، هیچ مووچه‌خۆرێكی حكومه‌ت له‌ دوو ملیۆن ونیو زیاتر مووچه‌ وه‌رنه‌گرێ له‌هه‌ر پله‌و پۆستێكیشدا بێت . به‌مه‌ش پاره‌یه‌كی زۆر ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ خه‌زێنه‌ی حكومه‌ت .

5- لادانی هه‌موو ئه‌و به‌ر‌پرسه‌ ئیدارییانه‌ی كه‌ هیچیان له‌باردا نه‌بووه‌ بۆ خزمه‌تی هاوڵاتیان ، ئه‌و‌انه‌ی پله‌و پۆست ته‌نها له‌ئیمتیازاتدا ده‌بینن ، گۆڕینیان به‌خه‌ڵكی شایسته‌و پسپۆر ئه‌وانه‌ی شاره‌زییان هه‌یه‌ له‌بواره‌كانی كاری حكومه‌تدا .

6- چاككردنی سێكته‌ره‌وكانی كشتوكاڵ و ته‌ندروستی وگه‌شتوگوزار و پیشه‌سازی به‌شێوه‌یه‌ك ته‌كانێكی خێرا بدات به‌م كه‌رتانه‌وه‌ له‌رێگه‌ی ده‌رهێنانیان له‌ده‌ست كۆمپانیاكانی كه‌رتی تایبه‌ت و سه‌رپه‌رشتی كردنیان له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ بۆ قۆناغێكی راگوزه‌ر  .

7- پێداچوونه‌وه‌ به‌ په‌یوه‌ندیه‌كانی پارتی له‌گه‌ڵ حزبه‌كانی كوردستان و وازهێنان له‌نه‌خۆشی خۆ به‌زلزانی وبچووككردنی به‌رامبه‌ره‌كانیان  .

8-  گێڕانه‌وه‌ی هه‌یبه‌تی په‌رله‌مان وده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری و رێگه‌دان به‌په‌رله‌مان بۆ ئه‌وه‌ی به‌رۆڵی چاودێری ئاسایی خۆی هه‌ستێ ، ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریش به‌دوور بگیرێ له‌هه‌ر ده‌ستوه‌ردانێكی حیزبی و چاكسازیه‌كی بنه‌ڕه‌تی تێدا بكرێ به‌شێوه‌یه‌ك نه‌بێته‌ دارده‌ستی ده‌سه‌ڵاتی  پارتی بۆ ده‌مكوتكردنی نه‌یاره‌كانی  .

9- راگرتنی شاڵاوی راگه‌یاندن دژ به‌ حزبه‌كانو كه‌سایه‌تیه‌ ناڕازییه‌كان و داخستنی هه‌موو ئه‌و په‌یج و سایته‌ ساختانه‌ی به‌ناوی خوازراوه‌وه‌ هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر لایه‌نه‌كان وكه‌سایه‌تیه‌كان ، كه‌ ئه‌مجۆره‌ سیاسه‌ته‌ش هیچ سوودێكی نیه‌ غه‌یری به‌فیرۆدانی پاره‌یه‌كی زۆر له‌پێناو بڵاوكردنه‌وه‌ی روحی شه‌ڕانگێزی و رقوكیینه‌ له‌ناو كومه‌ڵگه‌دا . چونكه‌ كه‌ تۆ ده‌یان په‌یج وسایت بكه‌یته‌وه‌ بۆ دژایه‌تی به‌رامبه‌ره‌كه‌ت ، ئه‌ویش ده‌یانی تری ده‌خاته‌ سه‌ر ژماره‌كه‌و ولێره‌شدا ته‌نها سامان وقووتی مێلله‌ت له‌م مه‌هزه‌له‌‌ی راگه‌یاندندا سه‌رفئه‌كرێ .

هیوادارم ئه‌م خاڵانه‌ی سه‌ره‌وه‌ سه‌رنجی ده‌سه‌ڵات رابكێشێت بۆ ئه‌سڵی قه‌یرانه‌كه‌ی ئێستا ، تا كار له‌كار نه‌ترازاوه‌ به‌خۆی را بگات و چاره‌سه‌ری ئه‌م وه‌زعه‌ ناهه‌مواره‌ بكات . هه‌ڵه‌یه‌كی زۆر گه‌وره‌یه‌ ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات پێی وابێ بڵاوه‌كردنی هێزه‌ ئه‌منیه‌كان وچه‌كداركردنی كادیره‌ حزبیه‌كان ودابه‌شكردنیان به‌سه‌ر بنكه‌و باره‌گا حزبیه‌كان خه‌ڵك ئه‌ترسێنێ ، ئه‌گه‌ر وا بكات زۆر یاغنیشه‌ ، چونكه‌ خه‌ڵكه‌ برسی وناڕازیه‌كان هه‌موویان خه‌ڵكی كوردستانن و هێزێ بێگانه‌ی داگییركه‌ر نین تاكو خوێنیان بڕژێ . باعیبره‌ت له‌ تاوانه‌كانی سه‌دام وداروده‌سته‌كه‌ی وه‌ربگرن ، كه‌ له‌ئه‌نجامدا له‌به‌رده‌م دادگای گه‌ل وه‌ستان وسزای تاوانه‌كانیان وه‌رگرت..

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand