Draw Media

دزیی و ئاکاری بنەماڵەیی

دزیی و ئاکاری بنەماڵەیی

2020-06-11 09:05:41



دانا هەڵەبجەیی

* ساڵی ١٩٧٤ لەترسی بۆردومانی بەعسییەکان ڕامانکرد بۆ ئۆردوگای سەریاس لە نزیک پاوە، ماڵەکەمان وەک ئەمانەتێک ڕادەستی لالۆ حەمەوەیس کردبوو،،. پاش ساڵێک دوای ئاشبەتاڵ کە گەڕاینەوە، ئەم لالۆ حەمەوەیسە کەلوپەلی ماڵەکەمانی بۆ گەڕانینەوە، تەنانەت کەوچێک چای نوقسان نەبوو.
کەچی هەر لەو کاتەدا بنەماڵەیەک ٤٠ ملێۆن دیناری ئەوکاتەی (شۆڕش)-یان حەپەلوش کرد و تێیان تەقاند.
*ساڵی ١٩٨٨ لە کاتی کیمیابارانەکەی بەعسییەکان ڕامانکرد بۆ سلێمانی، هەر لە لایەن خزمی خۆمانەوە ماڵەکەمان گسکی لێدراو و تاڵانیانکرد.
کەچی باوکم کە لە هەورامان مابوویەوە، هەر چوار تایەی پیکابەکەی دەرهێنابوو و چوار بلۆکی لە ژێردا دانابوو؛ تەنها بۆ ئەوەی نەچێتەوە بۆ هەڵەبجە و ماڵی خەڵک بار بکات، و پاشان یەکیک ماڵی تر تاڵان بکات و پیکابەکەی ئەم ببینن، لە کاتێکدا پێویستی بە نانە سکەی ڕۆژانەشی بوو.
* ساڵی ١٩٩١ لە یەکەم ڕۆژی ڕاپەڕینەکە، لەگەڕەکی مەجیدبەگ کرێچی بووین، دراوسێیەکمان هەبوو کە ماڵەکەی لە هەمووان گەورەتر و خاوەن تراکتۆر و لۆریش بوون، کەچی ژنەکەی شەڕواڵێکی پیاوانەی لەبەر کردبوو، زوو زوو بە کۆڵێک دزییەوە خۆی ئەکرد بە ماڵدا، بە باوکمی ووت؛ ئێوە لە هەڵەبجە تاڵان کران، دە وەرن  کاتییەتی  حەقی خۆتان بکەنەوە،،.
باوکم لە بەر دەرگا دانیشتبوو، پیاوێک دوو کارتۆن جگەرەی بە شانەوە بوو، کاتێک دوو پارچە جگەرەی هێنا بۆ باوکم کە بە خۆڕایی بیداتێ، باوکم دوو دیناری پێدا، پاشان ئەوسا لێی وەرگرت. بەمنی گووت ئەزانم ئەمە دزییە، بەڵام من حەقی خۆمم داوە و کڕیوەمە،، ڕۆڵە ئێمە دزیمان پیوە نایەت، یەک شتی حەرام بێتە ماڵەوە، سەد شتی حەڵاڵ ئەباتە دەرەوە.
ماڵ هەیە بە دزی و تاڵانی هەڵەبجە و ڕاپەڕین و تالانییەکانی ٢٠٠٣، خاوەنی چەندین خانو و دوکانن، باوکیشم تا مرد و بە ئێستاشەوە کریچین.
* ئەو خێزان و بنەماڵانەی کە دزی لایان ئاساییە و بووەتە بە بەشێک لە کاراکتەر و ئاکارییان، و قەد ناتوانن تەرکی بکەن، هەمیشە لە بۆسەی دزییەکەی گەورەتردان.
ئیتر چاوەڕێی وەڵامی ئەو پرسیارە مەبن بڵێی کوا ٤٠ ملیۆن دینارەکەی دوای ئاشبەتاڵ و ٤٠٠ ملیارد دینارەکەی ئێستا، کاتێک کە دزیی لە خۆێناندا بێت و بچێت، ئەگەر خاوەنی هەزاران چلیی تریش بن، هەر بەردەوام ئەبن.
ئەوان سوار و ئێمەش پیادە، ئەوان زەنگین و ئێمە نگین، بەڵام،،، ئەم بەڵامە بۆ خوێنەر بەجێ ئەهێڵم.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand