Draw Media

کێ لەپشت هێرشەکەی سەفرەوە بوو؟

کێ لەپشت هێرشەکەی سەفرەوە بوو؟

2020-06-05 11:19:17



سەلاح خدر
تورکیا لە بارەی هێرشەکەی ٢٦ی مانگی ڕابردوو گوندی سەفرەی شارباژێڕ کە تیایدا دوو گەریلای پەکەکە و ٣ وڵاتپارێز شەهیدبوون دەڵێت:" هێرشەکەمان بەهاوکاری دەزگای میت و هەواڵگری لەناوچەکەوە ئەنجامداوە".
ئەمە لە پلان و ڕێکخستنی سەربازیدا ڕاستە، چونکە بەبێی هاوکاری هەواڵگری لەسەر زەوی و ناوچەی مەبەست هێرشە ئاسمانیەکە ناتوانێت ئامانجەکەی خۆی بەتەواوی بپێکێت.
پێکانی ڕاستەوخۆی ئامانجەکە لەسەفرە بەهاوکاریەکی زۆری وردی هەواڵگری لەناوچەکەوە ئەنجامدراوە، تورکیاش ئامانجی هەیە لەگەیاندنی ئەو پەیامەی سەرەوە.
ئەوەی لە سەفرە ڕوویداوە ساڵانێکە لە دەڤەری بادینان و سۆران و برادۆست ڕوودەدەن بەپێی دانپێدانانی خودی ئەو سیخوڕانەی لەلایەن پەکەکە دەستگیرکراون تورکیا زۆربەی هێرشەکانی بەهاوکاری و زانیاریەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەنجامدراوە، بەڵام هێرشەکەی سەفرە بە دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی داگیرکاری تورکیا لێکدەدرێتەوە.
(هێرشەکەی سەفرە و قۆناغێکی نوێی داگیرکاری)
ئەوە حەقیقەتە کە تورکیا هەژموونی خۆی بەسەر ناوچەی ژێر دەسەڵاتداری پارتیدا سەپاندووە ڕاستە ئەگەر وەک داگیرکراویش بەناو بکرێت، چونکە زۆربەی بارەگا سەربازی و سیخوڕییەکانی تورکیا لەو دەڤەرانەیە.
دەگوترا کە ناوچەی سەوز تا ئاستێک خۆی لە هەژموونی تورکیا پاراستووە و نزیکترە لە ئێران، بەڵام هێرشەکەی پێنجی تەمووزی ٢٠١٩ ی قەندیل و شەهیدکردنی دیار غەریب ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتی کەجەکە و هێرشی ١٥ی تشرینی یەکەمی هەمان ساڵی فڕۆکەکانی تورکیا لە چیای گۆیژەی سلێمانی و شەهیدکردنی دوو کادێری باڵای پەکەکە و ‌هێرشەکەی ٢٦ی ئایاری سەفرەی شارباژێڕ، ئەو تێگەیشتی پاراستنەی گۆڕیووە، بەڵکو پرسیاری ئەوەی دروست کردووە کە ئایا تورکیا چەندە هەژموونی خۆی بەسەر ناوچەی سەوزیشدا زاڵکردووە؟.
هێشتا نازانرێت هاوکاری کردنی تورکیا بۆ ئەو هێرشانەی لە دەڤەری سەوز، لەلایەن دەزگایەکی ڕەسمی ناوچەکەوە بووە یان کەسانێکی ناو دەزگا و حزبەکان هاوکاری بوون؟.
لەمساڵانەی دواییدا دەوڵەتان و هێزە هەرێمی و ناوخۆییەکان هەوڵیانداوە سودی خراپ لە ناکۆکی و پارچەبوونی ناو یەکێتیی و بێ پێشەنگیی ئەو ڕێکخستنە وەربگرن بەڕێژەیەکیش توانیویانە، دروشمەکانی دواین کۆنگرەی یەکێتی لەگەڵ ئەوەی لە واقعی ئێستادا دەگوزەرێت گەلێک جیاوازە، لەگەڵ هەموو جیاوازیەکانیشیاندا بەڵام بوونی کەسایەتی دەزگا هەواڵگریەکان بە پێشەنگانی ئەو ڕێکخستنە لەگەڵ جموجۆڵە هەواڵگریەکانی تورکیا لەناوچەی نفوسی یەکێتی لە چەند ڕوەوە جێی هەڵوێستە لەسەر کردنە.
هاوکاتی ئەوانە ڕێگریەکانی یەکێتی لە چالاکیە جەماوەریەکان بۆ زینی وەرتێ گومانی زیاتری لای خەڵک دروست کردووە کە ئایا (یەکێتی نوێ) بۆ ئەوە دەکات و لەبەرامبەر چی دەیکات؟.
(یەکێتی لە گەمە سیاسیەکاندا چی قازانج دەکات؟)
زانیارییە نهێنیەکان باس لەوە دەکەن کە دەزگای میتی تورک بەسود وەرگرتن لە لاوازیەکانی یەکێتی چالاکییە هەواڵگریەکان لەناوچەی سەوزدا زیاترکردووە، بەشێوەیەک کە سیخوڕەکانی خۆی خستوەتە حەرەکەت و هەوڵی بەسیخوڕیکردنی کۆمەڵگا دەدات، ئەمە نەک بۆ کۆمەڵگا بەڵکو بۆ خودی یەکێتی خۆشی مەترسیەکی جدییە لەداهاتوودا، تورکیا نایەوێت یەکێتیەکی بەهێز تەنانەت بەرامبەر پارتیش هەبێت، بەڵکو یەکێتیەکی لاوازی لەبن کۆنتڕۆڵی خۆی و پارتیدا دەوێت.
کەواتە یەکێتی چی قازانج دەکات لەوەی ئەگەر ڕێخۆشکەربێت بۆ لاوازکردنی پەکەکە؟
ئەگەر یەکێتی لەژێر فشاری ئەمەریکا یان خواستی سیاسی خۆی، هەوڵ بدات لەسەر حسابی لاوازی بوونی پەکەکە خۆی بەهێز بکات ئەوا نەک خەونێکی نەزۆکە بەڵکو خۆکوژیەکی سیاسیە، چونکە تورکیا تا ئەو شوێنە یەکێتی دەوێت کە شەڕی پەکەکەی بۆ بکات، یەکێتی هەرچیەکیش بۆ تورکیا بکات هێشتا بە سیخوڕێکی گوێ لەمستی پارتی نایگۆڕێتەوە، بۆ ئەمەریکاش پاراستنی پەیوەندی و بەرژەوەندیەکانی لەگەڵ ئەنقەرە و بەغداد زۆر لە یەکێتی گرنگترە.
لەڕویەکی دیکەوە ئەگەر یەکێتی هەتا دوێنی پارسەنگی هێز بووبێت لە هەرێم، ئەوا ئیدی ئەوەشی لەدەست دەدات و قەبارەی دەسەڵاتەکانی بچوکتر دەبێتەوە لەوەی ئێستا، دەرئەنجامی نەبوونی هاوسەنگیش لە ڕابردوودا بینراوە.
لەلایەکی دیکەوە ناکرێت بڵێین یەکێتی ئاگاداری پەیوەندیەکانی حکومەتی هەرێم و دەوڵەتی تورک نییە، وەک چۆن جێی باوەڕنیە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت بێئاگا بێت لەو پەیوەندیانە و لە بڕیارەکەی ٢٥ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨ ی جەنابیان بۆ قەدەغەکردنی چالاکی سیاسی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان و ڕەشبگیریەکانی دوای ئەوە ئەو ڕاستیە بینرا، هێرشەکەی سەفرەش درێژکراوەی هەمان سیاسەتی هەڵەیە.
(بێدەنگی هێزەکانی دەرەوەی یەکێتی)
بێدەنگی هێزەکانی دەرەوەی یەکێتی لەناوچەی سەوز وەک بزوتنەوەی گۆڕان، کۆمەڵی ئیسلامی و نەوەی نوێ هتد... لەبەرامبەر زاڵبوونی دەسەڵاتی تورکیا لەناوچەکەدا لە قبوڵکردنی مەرگ زیاتر هیچ مانایەکی دیکە نادات.
نەک لە ناوخۆی تورکیادا بەڵکو لەناوچەی داگیرکراوی زەردیشدا بەئاشکرا تیرۆر و سەرکوت و بێدەنگکردنی ئازادیەکان دەبینین، کە هۆکارە سەرەکیەکەی باڵادەستبوونی تورکیایە لەو ناوچەیەدا، هەر ئەو فاکتەرەشە پارتی لە لوتکەی دەسەڵاتدا لەو دەڤەر هێشتوەتەوە، چونکە تورکیا هەموو ئیمکانێکی سەربازی، سیاسی، ئستغباراتی، تەکینکی و ئابووری خۆی بۆ هێشتنەوەی پارتی لەناوچەکەدا خستوەتەکار، بەشێوەیەک نوزەی خەڵک و هێزەکانی دیکەیان بڕیوە کە چۆن بیانەوێت کەسانێک تیرۆر و دەستگیر بکەن هیچ کاردانەوەیەک لەبەرامبەیاندا نەبینن، یەکێک لە کۆڵەکە بەهێزەکانیش کە پارتی لە کەوتن ڕاگرتووە، بوونی ئەوسوپا بێشومارەی تورکە لەدەڤەرەکەدا.
کەواتە هێزەکانی دەرەوەی یەکێتی چی قازانجێکیان لەو بێدەنگیەدا هەیە؟
پێویستە دڵسۆزان و وڵاتپارێزانی ناو یەکێتی لەئاستی باڵا و ئەنجومەنی سەرکردایەتی ئەو ڕێکخستنە تا پێگە جەماوەریە دڵسۆزەکەیان پێداگربن لە هەڵوێستە نەتەوەیی و نشتیمانیەکانیان، هەرگیز قبوڵ نەکەن ئەو هاوسەنگیە تێکبچێت و هەرێمەکەیان داگیر بکرێت، دەبێت شەڕی پاراستنی مانەوەی ئیرادەی خۆسەری خۆیان بکەن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand