ھاوسەرۆکانی یەکێتی پشتیوانی داوا ڕەواکانی خەڵکی کوردستانن
2020-06-03 16:16:21
کاروان عەلی شامار
نەبونی نییەتی جدی لای بەرپرسانی حکومەتی ھەرێم بۆ رێکەوتن لەگەڵ بەغداو ھەروەھا تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆناو تۆمارکردنی رێژەیەکی بەرزی رۆژانە و داڕمانی ئابوری ھەرێم و پێنەدانی موچەی فەرمانبەران لە کاتی خۆیدا، بڕستی لەژیان و گوزەرانی ھاوڵاتیان بڕیوە، حکومەتی ھەرێمیش ھیچ پلانێکی نییە بۆ چارەسەرکردنی ئاڵنگارییەکانی بەردەمی، تەنانەت ھاوکاری ئەوانەشی پێ ناکرێ کە لەژێر ھێڵی ھەژارییەوەن!
سەرباری توندی رێکارەکانی حکومەت لە سەپاندنی قەدەغەی ھاتوچۆو نەبونی پلانی تری بۆ بەرەنگاربونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ھاوڵاتیانی دەرگیر بە بارودۆخێکی خراپی ئابوری و دەرونی و کۆمەڵایەتی کردۆتەوە. بەجۆرێک ھاوڵاتیان گەشتون بەو یەقینەی کە بە کۆرۆنا بمرن نەک لە برسی و ھەژاریدا!
یەکێتی نیشتیمانی کوردستان وەک ھێزێکی گەورەو کاریگەری ناوچەکەو راشکاوانەو جیاوازتر لە حیزبەکانی تر پلان و روئیایی خۆی مانفێست کردوە، بەجۆرێک کە ھەر لەگەڵ سەرھەڵدانی قەیرانەکانی ھەرێمدا ھاوسەرۆک و سەرکردایەتی نوێ بەشێوەیەکی مەیدانی لە نێو کۆژانی ھاونیشتیمانیاندا ئامادەگییان ھەبووە. ھەمیشە لە ئاکت و پەیامەکانیاندا جەختیان لەباشکردنی گوزەرانی ھاولاتیان کردۆتەوە، تەنانەت لەسەروبەندی پێکھێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتیشدا لەبری پۆست و بەرکەوتەکانی یەکێتی باشکردنی بژێوی ژیانی خەڵکیان لەھەگبەدا بووە.
نکۆڵی لەوە ناکرێ بەھۆی کەڵەکەبونی قەیرانەکانەوە (ی ن ک) ناتوانێ بەبریارێکی سیاسی تەواوی کێشەو قەیرانەکان چارەسەربکاو لە ئاست داواو خواستی ھەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەدابێ وەلێ سەرکردایەتی نوێ توانیویەتی ببێ بە رەقیبێکی کارا بەسەر کارو بریارەکانی حکومەتەوە، ھاوکات لەنێو حکومەتیشدا ھێمنانە کاری بۆ جێبەجێکردنی خواست و داواکانی خەڵکی کردووە، یەکێک لەو بژاردانەی ماوەیەکە کاری لەسەر دەکات پرسی گەرانەوەی (لامەرکەزی)ئیداریی و داراییە بۆ پارێزگاکان کە بەجێبەجێکردنی دەبێتە دەسکەوتێکی گەورەی ئابوری و سیاسی بۆ خەلکی کوردستان.
ئەگەرچی ھاوسەرۆکانی یەکێتی لەدوای کۆنگرەو بەھۆی ئەو پێشھاتە چاوەڕواننەکراوانەی کە رویان لە کوردستان و ناوچەکە کردوە وەک پێویست دەرفەتی گونجاویان بۆ نەرەخساوە تا بەشێوەیەکی باشتر کار بکەن بۆ خستەرووی ھەنگاوە ستراتیجەکانیان وەلێ لانی کەم توانیویانە حیزبەکەیان بکەنە مینبەری گەیاندن و پشتگیری داوا رەواکانی خەڵک.
نوکە بەھۆی حکومەتە پۆلیسیەکەیەوە دەلاقەیەکی گەورەی ئازادی و دیموکراتی لەھەرێم دروست بووە گەر ھەوڵ و فشارو رێگری (ی ن ک)و ھاوسەرۆکانی نەبایە زۆرێک لە دەنگە ئازادو دلێرەکان لە کونجی زیندانەکاندا دەبون و بریاری پاشەکەوتی مووچە و لێبرینی دەرماڵەی فەرمانبەرانیش کۆتایی ھاتبوو.
راستە یەکێتی بەشدارە لە حکومەت و بەپێی بەرکەوتەکانی بەرپرسە لە شکستی حکومەتدا، وەلێ دەبێ ئەو راستیەش لەبەرچاوبگیرێ کە لەم کابینەیەدا وەک پێویست رۆڵ و پێگەو مێژووی یەکێتی لەبەرچاو نەگیراوەو تەواوی سێکتەرە گرنگ و ستراتیجەکانی حکومەت لەلایەن تاک حیزبێکەوە مۆنۆپۆڵ کراوە!
خولاصە، لە ئایندەیەکی نزیکدا یەکێتی بەرەو ئاسۆیەکی گەشتر ھەنگاو دەنێ و دواین ھەڵوێست و کردەی ھاوسەرۆکانی یەکێتی و بەتایبەت (لاھور شێخ جەنگی) لەھەمبەر بەدەستھێنانی مافی مووچەخۆران و جێبەجێکردنی داوا رەواکانی ھاوڵاتیان، حکومەتی ناچار بە شکانی کەرەنتینەو کەمکردنەوەی فشارەکانی بۆ سەر شانی کاسبکاران و خەڵکی ھەژارو بەشمەینەت کرد، ئەم ئاکتانەش ئاماژەیەکی رونن لەوەی کە یەکێتی پاڵپشتێکی گەورەی خەڵکی ھەژارو ستەمدیدەی کوردستانەو ئامادەی قوربانیدانی گەورەشە لە پێناو چارەسەرکردنی بەشێک لە ئاڵنگارییەکان و باشکردنی گوزەرانی ھاونیشتیمانیان.