ئایا کۆرۆنا لەهەرێمدا ڕاستە؟ یاخود درۆیەکە وحکومەت بۆسودی خۆی بەکاری دەهێنێ؟!:-
2020-06-03 16:14:51
ئەمین بەكر
ئەمڕۆ لەگفتوگۆکردنمدا لەگەڵ هاوڕیەکمدا،کەهیچ بڕوای بەکۆرۆنا نەبوو پێ ی وابو ئەم بابەتەش یەکێکی ترە لەدرۆکانی ئەم دەسەڵاتەی هەرێم ،بۆ ڕێگرتنە لەخۆپیشاندان و لەبیربردنەوەی موچەو قەیرانی داراییە. هەستم بەمەترسی ئەم بێ بڕوایە زیاتر کرد ،بەتایبەت کەلەئێستادا بەشێکی کەمنین ئەوانەی بێ باوەڕن یان بەگومانەوە لەڕێکارەکانی دەسەڵات دەڕوانن.
ئەوە ڕاستە ئەم حکومەتی هەرێمە وەک مەلەوانە درۆزنەکەی لێهاتوەو خەڵک بەڕاستیەکانیشی بڕواناکات وەگەرنا نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرۆنا هەقیقەتێکە و لەبێ باوەڕی و گوێ پێ نەدانی ئێمە زەفەری گەورەمان پێ ئەبات و دوورنیە زۆرێک لەئێمە یاخود کەس وکارو خۆشەویستانمان لێ بسێنێ و دواجاریش دەستمان لەبنی هەمانەکەوە دەربێت.
بۆ ئەوانەی پێیان وایە دەسەڵاتی هەرێم لەبابەتی کۆرۆناشا ڕاستگۆنیە یاخود ئامانجێکی لەپشتەوەی بابەتەکەدا هەیە، ئەوا بە وردبونەوەیەک سەرپێ ی بێ پێویستی سەردانی کردنی نەخۆشخانەو بینینی دۆخی تەندروستی بەشێک لەتوشبوانی نەخۆشیەکە کە لەپێناو هەناسەیەکی پڕ لەئۆکسجیندا ڕەنگیان شین هەڵگەڕاوە و بەقورسی دەتوانن هەواهەڵمژن، دەتوانین بڕوا بەمەترسیەکانی کۆرۆنا بکەین ولەئاستی هەڕەشەکەی تێبگەین.
۱.کۆرۆنا ئەزمەی ئابوری خەڵکی هەرێمی کوردستان و قەیرانی دارایی بۆ دەسەڵاتی هەرێمی زیاتر قوڵکردۆتەوە، بەتایبەت کاتێک بەهۆی قەدەغەی هاتوچۆو کەم بونەوەی جوڵەی بازرگانی وکڕین وفرۆشتن ودەوام نەکردنی دام ودەزگاکا حکومیەکان بەتایبەت ئەوانەی داهاتیان هەیە، بۆتەهۆی ئەوەی لانی کەمی ۱٥۰ تا ۲۰۰ملیار دیناری مانگانە لە داهاتی گشتی نانەوتی کەپێشتر بەپێ ی ڕاگەیاندنەکانی دەسەڵات زیاتر لە ۲٦۰ ملیار دینار دەبوو لە باج وگومرگ وڕەسم ،لەکورتی بدات ،ئەمە بێجگەلەکەم بونەوەی پشک وقازانجەکانی کۆمپانیاو بازرگانیەکانی خۆیان و کاربەدەستانیان وکەم بونەوەی پشکیان لەدزی و گەندەڵی دا .بۆیە ئەگەر دەسەڵاتدارانی هەرێم دڵنیابونایە کۆرۆنا مەترسی گەورەتر بەدوای خۆیدا ناهێنێ و قەیرانەکانیان گەورەتر ناکات، هیچ کاتێک ئامادە نەدەبون بۆ لەدەستدانی ئەو بڕە پارەیە قەدەغەی هاتوچۆیان ڕانەدەگەیاند.
۲. گەمارۆی هاتوچۆ وکەرەنتینەکردن کێشەی ئابوری بۆ کاسبکاران وکەرتی تایبەت دروست کردوە و هاوکات کەمکردنی داهات کێشەی دابینکردنی موچەی بۆ موچەخۆران دروستکردوە، کە زۆر نزیکە ئەم قەیرانە داراییە بگۆڕێت بۆقەیرانی سیاسی وناڕەزایی گشتی و زیاد بونی ئاستی مەترسی بۆسەر دەسەڵاتدارانی هەرێم ،بۆیە پێم وایە ئەگەر بەحەزی دەسەڵاتدارانی هەرێم بوایە ئەوا باسی کۆرۆناوقەدەغەی هاتوچۆیان نەدەکرد تا هەڕەشەو مەترسیەکانی سەرخۆیان زیاتر نەکەن.
۳.یەکێک تر لەلێکەوتەکانی مەترسی کۆرۆنا و کورتهێنانی داهات ،کەهاوکات دابەزینی نرخی نەوتیش ڕۆڵی بینیوە تیایدا ، خەریکە دەسەڵاتدارانی هەرێم ناچار بەکۆمەڵێک کاردەکات کە بۆ زیاتر لەپانزە ساڵە خۆیانی لێ ئەدزنەوەو،ُئەویش ڕێگەدانە بەدیوانی چاودێری دارایی عێراقی بۆ وردبینیکردنی داهاتی هەرێم لەگومرگ وباج و فرۆشی نەوت ،ئەمەش بۆدەسەڵاتدارانی هەرێم واتە دەست هەڵگرتنە لەبەشێک لەوگەندەڵی ودزی و قازانجی پاوانکاریەی لەسەر سەرچاوەکانی داهاتی هەرێم ماوەیەکی درێژە دەیکەن ،لەبەرامبەر پێدانی بەشە بودجەی هەرێم لەبەغداوە کاتێک داهاتی هەرێم کورت دەهێنێ، تا بتوانن موچەی پێ دابین بکەن و مەترسی خۆپیشاندان وکاردانەوەی خەڵکی لەسەر خۆیان دوربخەنەوە.
٤. ئەمە بێجگە لە وەی بەسەیرکردنی وڵاتانی دنیا تێدەگەین کە هیچ شتێک ناتوانێت زیاتر لەسەدوو پەنجا دەوڵەت یەک هەڵوێست و یەک قسەبکات ،بەشێوەیەک تەواوی سیکتەری ئابوری وبەرهەمهێنانی خۆیان بوەستێنن وبەملیارەها دۆلار زەرەری دارایی توشی خۆیان بکەن ، ئەگەر مەترسیەکی ڕاستەقینە لەسەر گیانی هاوڵاتیەکانیان هەست پێ نەکەن.
٥. یەکێک لەهۆکارەکانی دروست بونی بێ بڕوایی بەرامبەر نەخۆشی کۆرۆنا سروشتی نەخۆشیەکەو کارکردنی ڤایرۆسەکەیە ، بەپێ ی ڕاپۆرتە پزیشکیەکان، بەشێکی زۆری خەڵکی دەبن بەهەڵگروو نیشانەی نەخۆشیەکەیان تیا دەرناکەوێ یاخود نیشانەکانیان سوک و مام ناوەندە ،تەنها ڕێژەی ۱۰% بۆ ۱٥%ی ئەوکەسانەی توشی نەخۆشیەکەدەبن بەقورسی نەخۆشیەکە دەگرن و ڕێژەیەکیشیان دەکوژێت ،بۆیە پێویستە نەبونی ئازارو،نیشانەی قورس لەبەشێک لەتوشبوانی کۆرۆنا دەسخەڕۆمان نەکات.
ئەمە مانای ئەوە نیە دەسەڵاتدارانی هەرێم هیچ سوو استفادەیەکیان لەبونی کۆرۆنا نەکردوە .
بەڵام ئەوەی بۆئێمەی هاوڵاتی لەئێستادا گرنگە ئەوە بزانین کە مەترسی کۆرۆنا مەترسیەکی ڕاستەقینەیە لەسەر ژیانمان وپێویستە خۆپارێزیمان زیاتر بکەین، وەگەرنا بەپێچەوانەوە نەخۆشیەکە زۆر بڵاودەبێتەوە، ئەوکاتیش دڵنیابن لەسایەی ئەم دەسەڵاتە ناسەرکەوتوەی هەرێم، خاوەنی وەها ژێرخانێکی تەندروستی نین کەبتوانێت لانی کەمی پێداویستی ئۆکسجین بۆ نەخۆشەکانمان دابین بکات.