Draw Media

یەکێتییە نوێیەکە!

یەکێتییە نوێیەکە!

2020-06-03 12:47:17


كامه‌ران محه‌مه‌د

ستافی تازەی سەرۆکایەتیی یەکێتیی نیشتیمانی وا پیشانی دەدەن، کە ئەوان ڕێچکەیەکی تازە لە سیاسەت و ململانێی سیاسی لە کوردستان دەگرنەبەر و باری لاسەنگی حوکمڕانی ڕاستدەکەنەوە، بۆ بەم کارەش لە خیتابەکانیاندا نمایشێکی ڕادیکاڵانە دەنوێنن و پێیانوایە، ئەم جۆرە خیتابە بێ کردەییە، دەتوانێت تەغتیەی ڕەوشە بێیٔومێدەکە بکات و ببێتە جێگەی باوەڕ و حەقیقەتی لایەنی کەم ھەوادارانی خۆیان!، بەڵام ئایا حزبایەتی و حوکمرانی ناوچەیەک تەنیا لەسەر دژایەتیکردنی بەرامبەر بنیادنرابێت، تا چەند بڕ دەکات و تاچەند بەردەوام دەبێت؟!
یەکێتییە نوێکە تا ئێستا نەک خاوەنی ھیچ پڕۆژەیەکی بەدیل نەبوە و نەیتوانیوە جیاوازییەک لەگەڵ پارتی بخاتە ڕوو، بەڵکو شێوازی مامەڵەکردنیشی تەنیا لە ناڵ و بزمار دان بووە، سیاسەتی لەگەڵ مەڕ شین و لەگەڵ گورگ شایی، واتە یەکێتیی نوێ بە سەرۆکایەتیی ھاوسەرۆکان شەڕ لەپێناو ئاشتتبوونەوە لەگەڵ سەرۆکی حکومەت دەکات، نەک شەڕ بۆ سەرکەوتن بەسەر سیاسەتی سەرۆکی حکومەت، ئەمەش سیاسەتێکی شکستخواردوە و تەمەنی پێنج و دوو ڕۆژێکە!
بۆ نمونە:
١-لە مێژووی حوکمڕانی ھەرێمی کوردستان، ھەرگیز بەقەد ئەو کابینەیەی مەسرور بارزانی، کوردستان بەرەو ھەڵدێر و لێکترازان نەڕۆشتووە، کەچی یەکێتیێە نوێیەکە یەکێکە لە ستونە بەھێزەکانی ڕاگرتنی بنمیچی ئەم حکومەتە پۆلیسیە و ھیچ ھەڵوێستێکی عەمەلی بۆ کشانەوە و کۆتاییھێنان بەم حکومەتە نەنواندوە! لە ڕووکەشیش دەیەوێت بڵێت، حکومەت جێگەی متمانەی خەلک نییە، وەک ئەوە وایە حکومەت تەنیا ھی پارتی بێت! 
٢-سەرۆکی حکومەت دەڵێت ٢٧ ملیار قەرزارن، جێگرەکەی لە ستافی یەکێتیە نوێیەکەیە و دەبێتە بەردی بن گۆم، سەرۆکی پەرلەمان کە لە ستافی یەکێتێە نوێیەکەیە، دێتە جواب و بە ڕووکەش بە زمانی ڕەخنە و لە ناوەڕۆکیش یارمەتی سەرۆکی حکومەت دەدات و دەڵێت «قەرزەکەت ناوخۆییە و ھێشتا قەرزی دەولیت نەکردووە، کە یاسا رێگای پێ داوی و"قەرزەکە لە چوارچێوەی یاسادا نییە".
لەوەیە بەشێک لە خەڵکی پێیوابێت ئەم ڕەخنەیەی سەرۆکی پەرلەمان لە جێگەی خۆیەتی، بەڵام خەڵکیش دەزانێت، کە وتارەکە بۆ ھاوکاری سەرۆکی حکومەت نوسرابوو.
٣- لەلایەکی تر یەکێتێە نوێیەکە، دەتوانێت لە ڕێگەی سەرۆکی پەرلەمان و فراکسیۆنەکەی، دوای ھاتنی سەرۆکی حکومەت بکات و بەرەو ڕووی قەدەری متمانەلێسەندنەوەشی بکات، بەڵام بۆ نایکات؟ چونکە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت، کە لە ستافی یەکێتێە نوێیەکەیە، بەرپرسیارە لەو قەرزاریە و ئەوندەی من بیزانم، لە کابینەی پێشوو سەرۆکی لێژنەی قەرز بووە! کەواتە یەکێتییە نوێیەکە بەشێکە لەو نەھاماتیانە و ناتوانێت خۆی لێ بێبەری بکات.
٤-یەکێتییە نوێیەکە لە ڕێگەی سەرۆکی پەرلەمانەوە و بە پێی یاسای پەرلەمان، دەیتوانی ڕێگە نەدات پارێزبەندی لەسەر سۆران عومەر ھەڵبگیرێت، کەچی ڕێگەی دا و لەولاشەوە بە نمایشێکەوە، دژایەتی پرۆسەکەی بە بایکۆتکردنی فراکسیۆنەکەی خستە ڕوو! ،دواتر داوای گەڕانەوەی شکۆی کرد و بەو بیانووە کۆبوونەوەی وەستاند، لە کاتێکدا یەکێتییە نوێیەکە ئێستاش دەتوانێت بەپێی یاسا و لە ڕێگەی سەرۆکی پەرلەمانەوە بڕیارە پوچەڵەکەی ھەڵگرتنی پارێزبەندیەکە ھەڵبووەشێنەوە و دەشتوانێت کۆبوونەوەکان دەستپێبکاتەوە و شەڕ لەسەر مافی خەڵک و لێپرسینەوە لە سەرۆکی حکومەت بکا.
٥-یەکێتییە نوێیەکە دەیەوێت واپیشانی بدات، ھەرچی کەموکوڕی ھەیە لە ئەستۆی پارتییە و خۆی لەبەرەی خەڵکدایە و خۆی بە بەرگریکاریان دەزانێت، دەیەوێت واپیشانی بدات، کە ئەوە پارتییە حوکمڕانییەکی خراپ دەکات و دژی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیشە، کەچی کاتێک لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆی دەنگی ناڕەزایەتی بەرز دەبێتەوە، ھەر ئەو یەکێتییە نوێیە بە گوللە و چەکە کۆنەکان وەڵامی خەڵک دەداتەوە.
٦-یەکێتییە نوێیەکە وا پیشانی دەدات، کە پارتی وەکو خاوەنی ھێزی میلیشیایی فەرمان بەسەر ھێزەچەکدارەکانی وەزارەتی ناوەخۆ دەردەکات و لە ململابێکان بەکاریان دێنێ (زینی وەرتێ بە نمونە), کەچی کاتێک بابەتەکە ڕوبەڕووی خۆیان دەبێتەوە، ھەمان ڕەفتار و ھەمان لۆژیک بەکار دێنن و جاڕی حزبی میلیشیایی دەدەن!
٧-یەکێتی نیشتیمانی لەسەردەمی کۆرۆنا زۆرترین ڕەخنەی لە تاکڕەوی مامەڵەکانی وەزیری ناوخۆ ھەیە و تەنانەت لە زۆنی قەلەمڕەویان پێوەی پابەند نابن، بەڵام یەکێتییە یەک بڕیارو دەستە نوێیەکە ساڵێکە نەیتوانیوە جێگرێک بۆ وەزیری ناوخۆ دابنێت، کە ئێستا پۆستەکە چۆلە.

دەزانن جیاوازیەکە چۆنە؟ پارتی کەمتر دەماکدارە، ئەو لەکاتی بەناو دۆستایەتی (باوەڕی جاشایەتیە، نەک بەدۆستایەتی)، بە فیعلی دۆستایەتیەکە دەکات، لە کاتی دژایەتیش ئامادەی ھەموو جاشایەتیەکە بۆ درێژەدان بە دژایەتیەکەی.
لەبەرامبەردا یەکێتییە نوێیەکە بە ماسکەوە سیاسەت دەکات، دەیەوێت وا پیشانی بدات، کە لەبەرەی خەڵکە و دژی ناعەدالەتییە، لەولاشەوە لەگەڵ پارتی لە ھەموو شتێک بەشدارە، ئەگەر ھەموشی نەبێت، لایەنی کەم لە ئەلف تا نونەکەی کەمال کەرکوکییە، بۆیە گرژییەکانی نێوانیشیان تەنیا و تەنیا بەھۆی پشکی کێکی بەرژەوەندییەکانە، نەک قوت و مافی خەڵک. گرژییەکان بۆ بەشداریپێکردنە لە ھا و واو یایەکە و ھیچی دیکە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand