بۆچی ئەمەریکا ناڕوخێت..؟
2020-06-02 21:21:00
لوقمان حەوێز/ تێکساس
بۆچی ووڵاتێک دامەزرێنەر و دانەری بەردی بناغەکەی مرۆڤێکی وەک جۆرج واشنتۆن بووبێت هەرگیز ناڕوخێت..؟
چۆن و بۆچی ئەو ووڵاتە لە ساڵی 1885 تاوەکو ئێستا بە بەردەوامی بەهێزترین و داهێنەرترین و دەوڵەمەندترین ووڵاتی جیهان بووە؟ نهێنیەکە چیە..؟
ئەی ئەو نائارامیەی ئێستا لەو ووڵاتە هەیە ئەنجامەکەی چی دەبێت؟
لە 4 ی تەمموزی ساڵی 1776 ووڵاتێکی نوێ لەودیوی دونیا و دوور لە هەموو شارستانیەتەکانی جیهان لەدایک بوو، ئەو ووڵاتەی لەسەرەتا بەریتانیەکان بە ووڵاتی قەرەجەکان ناویان دەبرد لە هۆشی هیچ کەسێک دا نەبوو دوای کەمتر لە 150 ساڵ لە دروستبوونی ببێتە سەرداری جیهان...
ئەمەریکا، ئەو ووڵاتەی پێ ی دەووترێت ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و لە 50 ویلایەتی فیدرالی و واشنتۆنی پایتەخت و هەندێ کۆلۆنی تر پێک دێت، خاوەنی بەهێزترین ئابووری و هێزی سەربازیە لە جیهان، سەربازی لەسەر خاکی 177 ووڵات هەیە و هەموو ڕێڕەوە ئاویە بازرگانیەکانی جیهان دەپارێزێت، پێشکەوتووترین ووڵاتە لە بواری تەکنەلۆژیا، ئەو ووڵاتەی خاوەنی زۆربەی هەرە زۆری داهێنانە گرنگەکانە کە ژیانی هەموو مرۆڤەکانی گۆڕی لەوانە: گڵۆپ، کارەبا، تەلەفۆن، فڕۆکە، تەلەفزیۆن، مایکڕۆوێڤ، جلشۆر، تڕافیکلایت، جی پی ئێس، لێزەر، ڕۆبۆت، کۆمپیوتەر، ئینتەرنێت، فەیسبووک، هتد....
لەم نوسینە کورتەدا چیڕۆکی دروستبوونی ئەم ووڵاتە دەگێڕمەوە و هەوڵ دەدەم پەنجە بخەمە سەر نهێنیەکانی بەهێزی و پێشکەوتنی...
دامەزرێنەرەکانی وویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کە دواتر ئاماژەیان پێ دەکەم و لەسەرویانەوە "جۆرج واشنتۆن" هەر لە سەرەتاوە بڕیاریان دا لەم ووڵاتە ساوایە گەل حوکمی خۆی بکات و بۆ هەتا هەتایە تاکە حیزب و پاشا و دیکتاتۆر نەتوانێت ووڵاتەکەیان بەڕێوە ببات، ئەو کۆمەڵە کەسە کە ئێستا بە باوکە گەورەکانی ئەمەریکا دەناسرێن دەیانزانی چی لە ئەوروپا و جیهان دەگوزەرێ ویستیان هەڵەکانی ئەوان دووبارە نەکەنەوە، توانیان بناغەی ووڵاتێک دابڕێژن کە دواتر بووە بەهێزترین دیموکراسی لە مێژووی مرۆڤایەتی و جیهان...
ئەمەریکا بەرهەمی شۆڕشێکی خوێناوی بوو کە چەند ساڵێکی خایاند لە کۆتایی سەدەی هەژدەیەم، دوای پتر لە 150 ساڵ لە حوکمی ئینگلیزەکان بەسەر کۆلۆنیەکانی ئەمەریکا لە بەرواری 4 ی تەمموزی 1776 کۆمەڵێک ڕۆشنبیر و پیاو ماقووڵ و دەرەبەگەکانی ئەو کاتە لە ئەمەریکا کە ژمارەیان 97 کەس بوو کۆبوونەوە، ئێستا مێژووناسەکان ئەو کۆبوونەوەیە بە یەکەم کۆنگرێسی ئەمەریکا دادەنێن، لەو کۆبوونەوەیە "بەیاننامەی سەربەخۆیی" یان بڵاو کردەوە لە دژی حوکمی ئینگلیزەکان، ئەم بەیاننامەیە بە یەکێک لە گرنگترین بەڵگەنامەکان دادەنرێت لە مێژووی نوێی مرۆڤایەتی، تەنها ئەو چەند ڕستەیەی کە دەڵێت: "هەموو مرۆڤەکان بە یەکسانی لە دایک دەبن"، یان کە دەڵێت: "حوکمی گەل لەلایەن گەل و بۆ گەل" خۆی لە خۆیدا شۆڕشێکی مەزن بوو بۆ ئەو کاتە، ئەمەریکیەکان زوو زانییان کە بەئاسانی و بەخۆڕایی سەربەخۆییان دەست ناکەوێت لە چنگی ئینگلیزەکان کە ئەو کاتە خاوەنی بەهێزترین هێزی سەربازی و دەریاوانی بوون لە جیهان و خۆریش ئاوا نەدەبوو بەسەر کۆلۆنیەکانیان...
ئەمەریکیەکان یەکسەر دوای ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی شانەی چەکدارییان دروست کرد و بۆ ماوەی 5 ساڵ شەڕێکی پارتیزانی زۆر خوێناویان کرد لە دژی ئینگلیزەکان، ئەو کۆمەڵە کەسەی واژوویان لەسەر بەیاننامەی سەربەخۆیی ئەمەریکا کرد بڕیاریان دا جۆرج واشنتۆن بکەن بە فەرماندەی سەربازی ئەو شۆڕشە کە جەنەراڵێکی شارەزا بوو، بەهێزی ئینگلیزەکان لەو کاتەدا زۆربەی ئەمەریکیەکانی بێ ئومێد کرد، دوای دوو سێ ساڵ لە بەردەوامبونی شەڕ هەندێکیان داوایان کرد پاشگەز ببنەوە لە هەڵگیرساندنی ئەو شۆڕشە، بەڵام لە کۆتاییدا توانیان سەرکەون بەسەر ئینگلیزەکان بەهۆی لێهاتوویی جۆرج واشنتۆن و خۆڕاگری چەکدارەکانی و پاڵپشتیکردن و خۆبەخت کردنی زۆرینەی هاووڵاتیە ئەمەریکیەکان لە پێناوی ئەو شۆڕشە، هەروەها فەرەنسیەکان کە ئەو کاتە دوژمنی سەرسەختی ئینگلیزەکان بوون لە ئەوروپا هەندێک پاڵپشتی سەربازیان پێشکەشی ئەمەریکیەکان کرد لە کۆتایی شۆڕشەکە و ئەمەش کاریگەر بوو لە سەرخستنی ئەمەریکیەکان...
یەکسەر دوای سەرکەوتنی شۆڕشی سەربازی لە ساڵی 1781 بەهۆی لێهاتوویی و ڕۆلی لە درێژە پێدان و سەرخستنی شۆڕشەکە سەرەتا داوا لە جۆرج واشنتۆن کرا ببێت بە پاشا و حوکمی ئەمەریکا بکات، بەڵام ئەو لە ووتەیەکدا لە بەرانبەر ئەو کۆمەڵە کەسەی کە کردبوویان بە فەرماندە ئەوەی ڕەت کردەوە و ووتی ئێمە بەڵێنمان داوە گەل حوکم بکات و دەبێت لەسەر بەڵێنی خۆمان بین، ووتی دەبێت هەڵبژاردن بکەین و دەستورێک بنوسینەوە و بناغەیەکی پتەو بۆ ووڵاتەکەمان دابنێین بۆ ئەوەی نەوەکانی داهاتوو شانازی بە ئێمەوە بکەن، ووتارێکی پێشکەش کرد کە زۆربەیانی کردە گریان، وەرچەرخانە گەورەکە لێرەوە ڕوویدا، ئەوە یەکەم جار بوو لە مێژووی مرۆڤایەتی تاجی پاشایەتی پێشکەشی یەکێک بکرێت و ئەویش ڕەتی بکاتەوە لەبەر بەرژەوەندی میللەتەکەی، لەبەر ئەم هۆکارە هەروەها لەبەر سەرکردایەتی کردنی بۆ شۆڕشەکە لە ئێستادا جۆرج واشنتۆن لەگەڵ چەند کەسێکی تر بە باوکە گەورە و دامەزرێنەرەکانی ئەمەریکا دادەنرێن...
لە ساڵی 1787 دەستووری ئەمەریکا نوسرایەوە و هەر لە سەرەتاوە دەسەڵاتەکانیان بە پێ دەستوور بە شێوەیەکی زۆر هاوسەنگ و ڕوون دابەشکرد لە نێوان باڵەکانی دەسەڵات، هەروەها لە نێوان حکومەتی فیدرالی و حکومەتی ویلایەتەکان، سێ باڵەکەی دەسەڵات بریتی بوون لە سەرۆک کە سەرۆکی دەسەڵاتی جێبەجێکردن بوو، دەسەڵاتی یاسادانانیش خۆی لە هەردوو ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پیران بینیەوە کە هەردووکیان ناویان لێنرا کۆنگرێس، هەروەها دەسەڵاتی دادوەریان دروست کرد کە بەتەواوی سەربەخۆ بوو لە هەردوو دەسەڵاتە سەرەکیەکەی تر و بریتی بوو لە دادگای باڵا و دادگا فیدرالیەکانی تر، بەپێی دەستوور حکومەتی فیدرالیش بەشێک لە سەروەریەکانی ووڵاتی بەخشی بە هەرێمەکان کە لە ویلایەتەکان پێکهاتبوون...
لە ساڵی 1789 جۆرج واشنتۆن بۆ چوار ساڵ کرا بە سەرۆک، دوایی پێ داگری کرد کە دەبێت بە هەڵبژاردن بۆ خولی دووەم ببێتەوە سەرۆک، لە 1793 لەلایەن خەڵک هەڵبژێردرایەوە و دوای دوو خولی سەرۆکایەتی کە هەشت ساڵی خایاند خۆی بڕیاریدا خۆی هەڵنەبژێرێتەوە و ووتی دەبێت سەرۆک لە دوو خول زیاتر حوکم نەکات و دەستاو دەستی دەسەڵات بکرێت لە ووڵات، هەروەها لە ووتاری کۆتایی سەرۆکایەتی ووتی من پێشتر لە ژیانم کارم جوتیاری بووە و دەمەوێت بگەڕێمەوە سەر کاری پێشووتری خۆم، و ئەمەش دەست پێشخەریەکی مێژوویی و بێ وێنە بوو، دواتر ئەمە بوو بە نەریت، لەناوەڕاستی سەدەی بیستەمیش ئەم خاڵە لە دەستوور جێگیر کرا، جۆرج واشنتۆن دوای تەواوبوونی ماوەی سەرۆکایەتی گەڕایەوە بۆ کێڵگەکەی خۆی لە شارۆچکەی ماونت ڤێرنۆن لە ویلایەتی ڤیرجینیا بۆ کاری جوتیاری، ئەو دوو ساڵ دوای ئەوە لە ساڵی 1799 بە نەخۆشی هەوکردنی سییەکان کۆچی دوایی کرد، لە دوای مردنیەوە جۆرج واشنتۆن وەکو گرنگترین سەرکردەی ئەمەریکا هەموو ساڵێک یادی دەکرێتەوە، پایتەختی ئەمەریکا و یەک ویلایەت و دەیەها شار و شارۆچکە و هەزارەها پارک و شەقام لە سەرانسەری ئەمەریکا ناوی ئەویان لێنراوە...
دەستکەوتەکانی ئەم شۆڕشە گەورەیە دوای پتر لە سەد ساڵ لە دامەزراندنی بە تەواوی بەرجەستە بوو، دوای ئەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بووە گەورەترین پڕۆژەی دروست کردنی ناسنامەیەکی نوێ بۆ مرۆڤەکان لە مێژووی نوێ، بە ووردیش لە کۆتایی سەدەی نۆزدە کاتێک ئەمەریکا دەرگای کۆچ کردنی بەسەر هەموو هاووڵاتیانی جیهان کردەوە بە تایبەتی بۆ ئەوانەی بە دوای ژیانێکی نوێ یان داهێنان دەگەڕێن دوور لە چەوسانەوەی ئایینی و سیاسی بێ گوێ دان بە ڕەچەڵەک یان بیرو باوەڕە ئاینیەکانی ئەو کەسانە...
هەر تاکێک کۆچی کردبێت بۆ ئەمەریکا لە هەژارترین یان دەوڵەمەندترین ووڵاتی دونیا، هەڵگری هەر بۆچوونێک یان ئاینێک بووبێت، شێوە و ڕەنگی پێستەی هەر چۆنێک بووبێت بۆتە خاوەنی ئەو ناسنامەیە...
ئەی چۆن و بۆچی ئەمەریکا بووە بە بەهێزترین و داهێنەرترین و دەوڵەمەندترین ووڵاتی جیهان؟ نهێنیەکە چیە؟
زۆربەی ئەوانەی کە لەسەرتای ساڵانی هەزار و شەش سەدەکانەوە لە ئەوروپاوە کۆچیان کرد و چوون بۆ ئەمەریکا لەدەست چەوسانەوەی ئایینی و سیاسی ووڵاتەکانیان جێهێشت و بڕیاریان دا ژیانێکی باشتر و ئاسودەتر بۆ خۆیان و نەوەکانیان لەسەر ئەو خاکە نوێیە دابین بکەن و ئازادانە بژیین و کاربکەن، هەر بۆیەش دوای دامەزراندنی ووڵاتەکەیان و بەوردیش لە سەرەتای ساڵانی هەزار و هەشت سەدەکانەوە بڕیاردرا دەرگای کۆچکردن بۆ ئەمەریکا واڵا بکرێت بۆ ئەو مرۆڤانەی بەدوای ژیانێکی ئاسودەتر و باشتردا دەگەڕێن بەتایبەتیش بۆ ئەوانەی لەدەست چەوسانەوەی سیاسی و ئایینی دەناڵێنن، لەسەرەتای سەدەی بیستەمیشەوە تاوەکو ئێستاش دەرگای کۆچکردن بۆ ئەمەریکا بەتایبەتی لەسەر پشت بووە بۆ زاناکان و بلیمەتەکان هەروەها کەسە بە تواناکان لە بواری هونەر و وەرزش و خاوەن کارەکان و داهێنەرەکان...
ئەم شەپۆڵە بەردەوامەی کۆچکردنیش هەر لە زووەوە ئەمەریکای کرد بە موگناتیسێک بۆ ڕاکێشانی بلیمەتەکان و زاناکان و داهێنەرەکان، زۆربەی هەرە زۆری ئەو داهێنان و پێشکەوتنە زانستیانەی هاتنە کایەوە لە ئەمەریکا بەهۆی بوون و کارکردنی ئەو بلیمەت و زانایانە بووە، هەموو ئەو داهێنانە زانستیانەش ڕاستەوخۆ کاردانەوەی ئەرێنی هەبووە لەسەر پیشەسازی و بەرهەمهێنان و بەهێزبوونی ئابووری، هەر بۆیەش ئەمەریکا لەو کاتەوە بووە بە دەوڵەندترین و بەهێزترین و پێشکەوتووترین ووڵات لە جیهان، بێ گومان جگە لەوەش نهێنیەکی تری بەهێزی و پێشکەوتنی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەگەڕێتەوە بۆ خاڵێکی تریش، ئەویش پێداگری بوو لەسەر پێ بەپێ جێبەجێکردنی ئەو کۆمەڵە شیعارە لە حوکم کردن کە لە سەرەتا زۆر سادە بوون بەڵام دوایی گرنگیەکەی بۆ هەموو جیهان دەرکەوت، ئەوانیش بریتی بوون لە یەکسانی، ئازادی، دادپەروەری و خۆش گوزەرانی بۆ هەموو هاووڵاتیان، ئەمانەش بێ گومان لە پاڵ دەستوری ووڵات مافی ئازادی ڕادەربڕین، ئازادی ڕۆژنامەگەری، ئازادی بیر و باوەڕ و ئازادی هەڵبژاردنی ئایینیان دابین کرد بۆ هاووڵاتیان، هەروەها کارکردن و کۆڵنەدانی هاوڵاتیانیش فاکتەرێکی تری گرنگ بوون لە سەرکەوتن و گەیاندنی ووڵاتەکەیان بەم پلەو پایە...
ئەو نائارامیەی ئێستا لە ئەمەریکا هەیە ئەو ووڵاتە بەرەو کوێ دەبات؟
ئەو نائارامیەی ئێستا لە ئارادایە لە ئەمەریکا دەیەها جار لە مێژووی ئەو ووڵاتەدا ڕوویانداوە، هەر جارێک ڕووداوی لەم شێوەیە ڕوویدابێت بۆتە هۆی داڕشتنەوەی سیاسەتە ناوخۆییەکان بە شێوەیەکی باشتر و دەستنیشانکردنی کەم و کوڕیەکان و ئەنجامدانی گۆڕانکاری، ئەو تاوان و کارە قێزەوەنەی پۆلیسێک ئەنجامیدا بەر لە چەند ڕۆژێک دژی هاووڵاتیەکی ڕەش پێست وەکو هەر تاوانێک تەنیا ئەنجامدەرەکە لێی بەرپرس بووە کە پۆلیسەکەیە و ئەویش دەستگیر کراوە و بە سزای خۆی دەگەیەنرێت، ئەو تاوانانە کارێکی دامەزراوەیی نین یان سیاسەتی حکومەت و دەزگاکانی پۆلیس نین، لێرە ژیانی مرۆڤ بەهادارە، ئێوە بینیوتانە لەم هەموو خۆپیشاندانە گەورانە کە لە هەموو شارە گەورەکانی ئەمەریکا ئەنجام دەدرێت و چەندەها هێرش دەکرێتە سەر پۆلیس بە زبڵ و بوتڵی ئاو و جنێودان هەروەها گەلێک لە کاری توند و تیژیش ئەنجام دەدرێت، بەڵام تا ئێستا پۆلیس و هێزەکانی پاراستنی ئاسایش نەوەک تەنیا یەک فیشەکیان نەتەقاندووە بەڕووی خۆپیشاندەران بەڵکو هیچ هێزێکی جەستەییشیان بەکارنەهێناوە لە دژی ئەوان.
لەم ووڵاتە لەسەرتای دروستبوونیەوە کێشەی زۆر زۆر گەورەتر هەبوون بەڵام پێ بەپێ گۆڕانکاری ئەنجامدراوە تاوەکو گەیشتوە بە ئێستا، کۆیلەداری قێزەوەنترین دیاردە بوو لەم ووڵاتە لە سەدەی حەڤدەهەم و هەژدەهەم، بەڵام لە ساڵی 1861 سەرۆکی ئەو کاتەی ئەمەریکا ئەبراهام لینکۆلن دوای شەڕێکی ناوخۆیی زۆر خوێناوی چوار ساڵە لەگەڵ ویلایەتەکانی باشور توانی کۆتایی بەم دیاردەیە بهێنێت، لە شەستەکانی سەدەی بیستەمیش هێشتا ڕەگەزپەرستی و جیاکاری بە زەقی لە ئەمەریکا مابوو، بەڵام بەهۆی ئەنجامدانی خۆپیشاندانی زۆر گەورە و کەوتنەوەی نائارامیەکی زۆر بۆ چەند ساڵیک لە زۆربەی ناوچەکان توانرا لە کۆتاییەکانی شەستەکانی سەدەی بیستەم یاساکانی مافە مەدەنیەکان بۆ هەموو هاوڵاتیان بە یەکسانی تێبپەڕێندرێت لە کۆنگرێس، ئەمانە تەنیا دوو نمونەن، هەموو گۆڕانکاریەکان و بەرەو پێش چوونەکان بەزۆری دوای خۆپیشاندان و تا ڕادەیەکیش کەوتنەوەی نائارامی ڕوویانداوە، بۆیە ئەمجارەش بە دڵنیاییەوە ئەنجامی ئەم خۆپیشاندانانە دەبێتە هۆی ئەوەی کۆمەڵێک یاسای نوێ دەربکرێن بۆ ئەوەی هێزەکانی پۆلیس و پاراستنی ئاسایش لەژێر هیچ بیانوێکدا نەتوانن هێزی زیاتر لە پێویست لەدژی هاووڵاتیان بەکار بهێنن...