Draw Media

هاوسه‌رۆكه‌كان ده‌نگی ته‌ققه‌یه‌!

هاوسه‌رۆكه‌كان ده‌نگی ته‌ققه‌یه‌!

2020-06-02 20:54:17


لەتیف فاتیح فەرەج


ئێوه‌ وتتان یه‌كێتیه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ یه‌كێتیه‌كه‌ی دوێنێ‌ ناچێ‌ ، وتتان ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ خانووه‌ قوڕه‌كان ، باسی ئه‌وه‌تان كرد كه‌ هاوڵاتی پێویستی به‌ خزمه‌تگوزاری و موچه‌و ژیانی شایسته‌یه‌ ، ئێوه‌ بڕیار بوو دوای 45 ساڵ له‌ مێژوی ئه‌و حزبه‌ی ده‌ڵێن روبارێك خوێنی داوه‌ نوێ‌ بنه‌وه‌ ، له‌ راستیدا ئه‌م چه‌ند رۆژه‌ زۆر گوێم له‌ نوێ‌ بونه‌وه‌ بوو ، هه‌ندێك له‌ دۆست و هاوڕێ‌ یه‌كێتیه‌كانیشم ده‌یانگوت په‌له‌مان لێمه‌كه‌ بزانه‌ چۆن نوێ‌ ده‌بینه‌وه‌ ، من چاوه‌ڕێی نوێ‌ بوونه‌وه‌ بوم ، نه‌ك ته‌قه‌ هه‌ڤاڵ .

له‌ باسی لا مه‌ركه‌زی ئیداری و مالیه‌و بۆ ته‌ققه‌ی ئه‌و پۆلیس و ئاسایشانه‌ی خه‌ڵكیش له‌ پێناوی ئه‌واندا داوای موچه‌و قوت ده‌كات، ئێ‌ ئه‌گه‌ر موچه‌ چاك بێت ، ئه‌وانیش ژیانی خۆیان و مناڵه‌كانیان باشتر ده‌بێت ، ئێ‌ خۆ ئێوه‌ له‌ گه‌ڵ خواست و ویستی خه‌ڵكدا بوون ، ئه‌دی ئه‌و ته‌قانه‌ چی بوو ، هه‌ڤاڵ نوێ‌ بوونه‌وه‌ قسه‌ نیه‌ ، وه‌ك چۆن ته‌ققه‌ش نیه‌ ، نوێ‌ بوونه‌وه‌ گۆڕینی دیدگاو دنیا بینی سیاسیه‌ ، ده‌ستبردنه‌ بۆ خه‌ونی گه‌وره‌ تر ، بوونی پڕۆژه‌و پلان و په‌یامی تازه‌یه‌ بۆ ئاینده‌ ، كار كردنه‌ بۆ ئه‌وه‌ی سبه‌ینێ‌ له‌ ئه‌مڕۆ باشتر بێت ، گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ فكری سۆسیال دیموكرات كه‌ وه‌ ك سۆفستاییه‌كان مرۆڤ تێیدا سه‌نته‌ره‌، نه‌ك تفه‌نگ، لای سۆسیال دیموكرا ده‌نگی ته‌ققه‌ نایات ، سۆسیال دیموكرات شه‌ڕی دادگه‌ری و یه‌كسانی ده‌كات، نه‌ك شه‌ڕی كۆمپانیاو ته‌لارو ڤێللا ، وتتان نوێبوینه‌وه‌ ، وتمان مه‌كه‌ ئیتر له‌وانی تر ناچن، دۆستانێك وتیان مادام نوێبوونه‌وه‌ با " ماڵه‌ گه‌وره‌كه‌ " ئاوه‌دان بكه‌ینه‌وه‌ ، وتم به‌ خۆشی ، ئه‌وان هاتن و ته‌ققه‌ ده‌ستی پێكرد.

هه‌ڤاڵ ئێوه‌ هه‌ردوكتان ئه‌وروپاتان بینیوه‌ ، هه‌ردوكتان خۆپیشاندان و توڕه‌یی خه‌ڵكتان بینیوه‌ بۆ داوای مافه‌كان له‌وێنده‌ر ئێوه‌ ده‌زانن له‌و له‌نده‌نه‌ش له‌به‌رانبه‌ر بچوكترین بێ‌ مافیدا خه‌ڵك ده‌نگ به‌رز ده‌كه‌نه‌وه‌ ده‌نگی ته‌ققه‌ش نایات، مه‌گه‌ر توندو تیژی نه‌خوازراو ڕووبدات، ئه‌وه‌ ئه‌و ته‌ققانه‌ چ بوو ، ئه‌رێ‌ ئه‌وه‌ بۆ دوای ته‌ققه‌كان كه‌سێكتان نه‌هاتنه‌ سه‌ر تیڤیه‌ له‌تیڤیه‌كانی خۆتان و بڵێن ئه‌وانه‌ی ته‌ققه‌یان كردووه‌، سزا ده‌درێن ، ناكرێت ته‌ققه‌ له‌ هاونیشتمانی بكرێت، ناكرێت پێچه‌وانه‌ی نوێ‌ بوونه‌وه‌ هه‌نگاو بنرێت.

ئاگادار بن ته‌ققه‌ كردن چۆله‌كه‌و كۆترو له‌قله‌قه‌كانیش ده‌تۆرێنن ، من به‌ نیاز بووم له‌ یادی 45 ساڵی حزبه‌كه‌تاندا به‌ هێوری ره‌خنه‌تان بكه‌م ، له‌ سه‌ر پرسی موچه‌و ، كه‌ركوك ، ماده‌ی 140 ، ئاینده‌ ، خۆ به‌ڕێوه‌به‌ری و تا دوای ویستم به‌ زمانێك له‌و شێوازه‌ی مام جه‌لال لانی كه‌م له‌ كۆده‌كانی ده‌گه‌یشت " بڵێم هه‌ڤاڵان نوێبوونه‌وه‌ جیاوازیه‌ " ئه‌دی ئه‌گه‌ر جیاوازی به‌دی نه‌كرا ، ئه‌گه‌ر وه‌ك كابرا ده‌ڵێت هه‌مان تاس و حه‌مام بوو ، ئه‌وه‌ ده‌بێت هه‌موو بچین بۆ ئۆمه‌ر مه‌ندان .

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand