ئێوه ده‌ڕوخێن
2020-05-26 09:07:54
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
ئێوه ده‌ڕوخێن ، نه‌ك له به‌ر ئه‌وه‌ی خه‌ڵك ئه‌وه‌ی ده‌وێت ، یان خه‌ڵكێكی زۆرتان ئازار داوه ، یان له‌به‌ر كوشتنی رۆژنامه‌نووس و مناڵ و شه‌ق هه‌ڵدان له مامۆستا ، له‌به‌ر ئه‌وانه نا ، له‌به‌رئه‌وه‌ی ناتانه‌وێ دان بنه‌ن به هه‌ڵه‌و ره‌فتاره ناشرینه‌كانی خۆتانا ، ره‌فتارو هه‌ڵه‌كانی خۆتان دهتانڕوخێنێ ، نه‌ك توڕه‌یی خه‌ڵك ، ده‌توانن خه‌ڵك ده‌مكوت كه‌ن ، ده‌توانن بكوژن و ببڕن ، ده‌توانن خه‌ڵك بكڕن ، ده‌توانن شه‌ق وه‌شێن و جنێو فرۆش و ده‌مهه‌راش په‌روه‌رده بكه‌ن بۆ سوكایه‌تی به هه‌موو جوانیه‌ك ، به‌ڵام ناتوانن به‌رده‌وام بن ، ناتوانن به‌مجۆره‌و بێ ئه‌وه‌ی دان به كێماسیهكانتابنهن درێژه به حوكمڕانی بده‌ن .
ده‌ڕوخێن له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ناتوانن چاكبن ، ناتوانن خۆتان بگۆڕن ، سوپا‌و چه‌ته‌و شه‌ق وه‌شێن و ده‌مهه‌راش ناتوانن ته‌مه‌نی سته‌مكاری درێژ بكه‌ن ، ده‌ڕوخێن ، چونكه ده‌ستان چووه خوێنی رێژوان و گه‌رمیان ، چونكه ته‌حه‌مولی قسه‌و نوسینی سه‌رده‌شت و كاوه‌و سۆران و وهداتتان نه‌كرد ، چونكه له دوا ساڵه‌كانی ته‌مه‌نیدا عه‌بدولستار تاهیر شه‌ریفتان تیرۆر كرد ، ده‌ڕوخێن چونكه هێشتا له بری به خۆدا چوونه‌وه ، له بری ره‌خنه له خۆ گرتن ، له بری چاكبوون ، بیر له تۆڵه‌و سوكایه‌تی به مرۆڤ ده‌كه‌نه‌وه ، ئێوه پێتان وایه كۆنترۆڵكردن كه‌وی كردن ، بێ دهنگكردن ، كوشتنی ئازادی ، فریودان و له ته‌ڵه نان و خه‌ڵاتكردن هۆكارن بۆ مانه‌وه‌تان ، له كاتێكا ته‌نها عه‌داله‌ت ، رێزگرتن له مرۆڤ ، ئازادی ، هه‌وڵی باشكردنی ژیان ، ژیانی گشتی هۆی مانه‌وه‌و به‌رده‌وامین .
ده‌ڕوخێن ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌بری گوێگرتن ، په‌لامار ده‌ده‌ن ، خه‌ڵكی ده‌مهه‌راش و خه‌راپ دروستده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی به گژ هه‌موو بۆچون و بیر‌و رایهكدا بچێته‌وه ، بۆ ئه‌وه‌ی ترس و تۆقاندن و سوكایه‌تی بڵاو بكاته‌وه، ئه‌مانه ئێوه ده‌ڕوخێنن نه‌ك ره‌خنه‌و هه‌وڵی چاكسازی و باشكردنی ژیانی خه‌ڵك ، ئێوه له نێوان خۆتان و خه‌ڵكا جیاوازی و ره‌هه‌ندی قوڵتان دروستكردووه ، خۆتان له كه‌شكه‌ڵانی فه‌له‌ك و له نێو باخچه‌كانی به‌هه‌شتان و خه‌ڵكیش له كوچه‌و كه‌ناره‌كانی دۆزه‌خا ، كه‌چی له‌وێشدا ده‌مهه‌راش و چهنهبازیان تێبه‌رده‌ده‌ن ، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌ڕوخێن ، پێویستتان به چه‌ته‌و شه‌قوه‌شێن و ده‌مهه‌راش و جنێوفرۆش و كۆیله كردنی خه‌ڵك نیه ، پێویستتان به گوێگرتنه.