Draw Media

سیاسیی ئەگەر درۆ نەکات چی بکات؟

سیاسیی ئەگەر درۆ نەکات چی بکات؟

2020-05-25 22:11:28


ئارام سەعید
درۆکردن بریتیە لە رەتکردنەوەی راستی بە دەستی ئانقەست، سیاسیەکانیش بەتایبەتی ئەوانەی حوکم دەکەن راستیەکان ئەزانن و رۆژانە راپۆرتیان بۆ دەنوسرێت لەسەر کاروباری گشتی و ئاگاداری دارایی گشتی و خەرجی وڵات هەن، بەڵام بەدەستی ئانقەست و بۆ مەرامی بەدیهێنانی ئامانجەکانیان لە دەسەڵات زانیاری نا دروست دەبەخشنەوە.
سەرۆکی حکومەت دەڵیت ٢٧ ملیار دۆلار قەرزارین، پاش وتارەکەی چەندین رای جیاواز بڵاوکرایەوە و چەواشەکردنی هاوڵاتی دەستی پێکرد، هەریەکەی بە جۆرێک شیکردنەوەی بۆ دەکات و دەیانەوێت بڵێن قەرزەکان ناوخۆیین و دەرەکی نین، بەو واتایەیەی ئەگەر قەرزیک ناوخۆیی بێت دەتوانن لێی قوتاربن. بەمەش بۆسەیەک بۆ راستیەکە ئەنێنەوەو لەدەرخستنی زانیاریە راستەکان دورمان دەخەنەوە، دەیانەویت بڵێن مەترسن قەرزەکان ناوخۆیین، یان پارەو موچەی هاوڵاتیە! کەبەم هەنگاوە دەیانەویت بڵێن مادام هی هاوڵاتیە نایدەینەوەو بەتەمای مەبن چونکە ئێمە موچەتان بۆ دابین ئەکەین و ئێوە لە قەرزی خۆتان خۆش بن.
سوقرات دەڵیت کەسی نەزان ناتوانێت درۆ بخولقێنی بەڵکو درۆکردن زانستی دەوێت، ئەوەی ئەو زانستەشی هەیە رۆشنبیر و نوسەرانن کە نەک تەنها بە درۆی سیاسیەکان کاریگەر دەبن و سەریان دەسوڕمێت بەڵکو کاردەکەن لەسەر پەخشکردنەوەی درۆکان و بەرگری لێدەکەن،بانگەشەی بۆ دەکەن و بەڵگە دەهێننەوە بۆ درۆکان.
هەربۆیە سیاسیی دەسەڵاتداریان ئەوەی دەیەوێت بچێتە دەسەڵات ئەستەمە راستگۆ بێت و درۆنەکات چونکە هێزی ئەو سیاسیانە حەقیقەت نیە بەڵکو درۆو هەڵخەڵەتاندن و فریودانە وا دەکات گوتارەکانیان جەماوەری هەبێت، چونکە ئەرکی ئەوان لەراستیدا ئەوەیە چۆن درۆکان بەبەهای راستی بفرۆشنەوە بە جەماوەر،وەک مەکیاڤیللی دەڵێ:" سیاسی بەتەنها بە بەکارهێنانی هێز سەرکەوتو نابێت بەڵکو دەبێت فێڵ و تەڵەکەبازیشی هەبێت"
سادەترین نمونەش بۆ ئەوەی سیاسیی ناچارە درۆ بکات ئەوەیە ئەبێت بەرگری لەهەڵەکانی حزبەکەی بکات، سیاسیەک لەحکومەتدا بێت و لەبەرێوەبردن و ئیدارەداندا کەوتبێتە ژێرباری ٢٧ ملیار دۆلار قەرزەوە ، چی لێ چاوەروان دەکرێت؟ دەرخستنی راستیەکان ؟یان درۆکردن بۆ شاردنەوەی هۆکارە ئەسلیەکە؟ بێگومان پەنە دەباتە بەر دۆزینەوەی بەهانەو بەڵگە بۆ ئەوەی حزبەکەی رزگار بکات، ئەمەش بە درۆ و فێڵ دەکرێت نەک دەرخستنی راستیەکان، بۆیە من چاوەروان نیم ئەو راستیانە لەلایەن سیاسیەکانەوە ئاشکرا بکرێن و ریگەش نادەن ئەو راستیە ئابڕوبەرە لەلای خۆیانەوە دزە بکات مەگەر سیاسیەک بە دژی ئەوی تر بەکاری بهێنێت و بۆ مەرامێکی سیاسیی خۆی بێت...
کەسیی درۆزن درۆ ئەکات بەڵام بۆ گوێی لێ ئەگیرێت؟ بۆچی خەڵک فریو دەخوات و دوای ئەو خەونانە دەکەون کە سیاسیەکان بە خەیاڵی درۆ بۆیان دروست دەکەن. ئەوەش تەکنیکی سیاسیەکانە کە جیهانێکی خۆشگوزەران و پڕبەها بە درۆکانی دەخولقێنێت لە گوتارەکانیدا و جەماوەر سەرسام دەکات.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand