Draw Media

حكومەتی فاڵ گرتنەوەو پێش بینی كردن .

حكومەتی فاڵ گرتنەوەو پێش بینی كردن .

2020-05-24 19:26:20


ساڵح ژاژڵەیی
 لە هەرێمی كوردستان  حكومەت نییە  بە مانا ڕاستەقینەكەی ، جگە لە دەسەڵاتی  سوڵتانی دوو بنەماڵە . حكومەت و پەڕلەمان  و حیزب كراونە چەتر بۆ پارێزگاری لە دەسەڵاتی هەر دوو بنەماڵە و هەموو بڕیارێك لە پشتی ئەو سێ دامەزراوانەوە لە لایەن ئەوانەوە دەدرێت . 
سەرنج بدەن ئاشتی هەورامی  وەزیری سامانە سروشتییەكان بوە ، بەڵام وەزارەتی نەبوەو هەموو نەوتی كوردستانیشی تاڵان فرۆشكرد .
ڕێكەوتنی 50 ساڵەی نەوت و غاز لەگەڵ توركیا مۆر دەكرێت و نەپەڕلەمان و نە حیزب و نەحكومەت ئاگاداری نین .  حكومەت قەرزدارە ، بەڵام كەس نازانێت  چۆن و بۆچی قەرزدارە . 
بۆری نەوت بە پارەی خەڵك دروستكراوە ، پارتی دەیفرۆشێتەوە .  تا ئێستا كەس ئاگای لە وردەكاری دەرهێنان و فرۆشتنی نەوت نییە و ڕێگاش نادەن كەس باسی ئەو بابەتە بكات .
 ئەگەر سەرنجی ڕاپۆرتێكی  دیپلۆماتیك  مەگەزین  بدەیت  زۆربە درێژی  روِنی دەكاتەوە كە پارتی نەوتی  هەرێمی كوردستانی كردۆتە بارمتەی سیاسی بۆ مانەوەی خۆی لە دەسەڵاتدا . چەندین ملیار دۆلار پارەی شیرینی كۆمپانیاكانی دەرهێنانی نەوت  وەر دەگیرێت و هەردوو بنەماڵە بۆخۆیانی دەبەن .  كەواتە شتێك نییە بەناوی حكومەتەوە .  
لەبەر ئەوە ی  دەسەڵات دەسەڵاتی جوت بنەماڵە بوە ،  تەنها بیریان لە بەرژەوەندی خۆیان كردۆتەوەو زۆر كورت بین بون .  دوای 29 ساڵ  بەناو حوكمڕانی و بەڕێكردنی 9 كابینەی حكومەت ، ئێستا كاری حكومەت بۆتە فاڵ گرتنەوەو پێشبینی كردن بۆ هاتن و نەهاتنی موچە لە بەغداوە 
 دوای ئەوەی حكومەت هیچی نەماو كەوتە سەر ساجی عەلی و بە ناچاری تەسلیم بە بەغدا بونەوە ، هەموو هەفتەیەك وەڤدێك بەڕێوەیە بۆ بەغدا . كاتێك وەڤدەكە دەگەڕێتەوەو كۆنگرەی ڕۆژنامەوانی دەگرن  و پرسیاریان  لی دەكەن بەم شێوەیە وەڵام دەدەنەوە :
كۆبونەوەكان لە جەوێكی برایانەدا بەڕێوەچون . لێتێگەیشتنی باش  لە نێوان هەردوو وەڤد هەبوو . بەڕاستی زۆر موتەفائیل بوین .  میواندارییەكی باشیان ەكردین . 
باشە ئەوە زۆر باشە  ئەی مەسەلەی ناردنی موچە و مادەی 140 بوو بە چی  ؟.بەڕاستی ئێوە زۆر سەیرن ئێمە بۆچی چوین و ئێوە باسی چێ دەكەن . ئەی نازانن ئێمە  بۆ وەرگرتنی بەشە بودجەی  هەرێم چوین بۆ بەغدا . كەی كاتی ئەوەیە  باسی مادەی 140 بكرێت ، دەتانەوێت ڕیسەكەمان لێ بكەنەوە بە خوری .
 وەعدیان داوە موچە بنێرن . ئەی ئەگەر نەیان نارد هەرێم موچەی فەرمان بەران دەدات ؟. خۆتان دەزانن  داهاتی هەرێمی كوردستان  بەش ناكات و حكومەتی بەغداش  موچەو قوتی هاوڵاتیان بڕیوە. 
 كەواتە موچە نادرێت ؟  ئەگەر لە بەغداوە موچە بێت بۆچی نایدەین ؟  ئێمە لەوە گەیشتوین ، ئەی ئەگەر ، ئەگەر سەوز نەبوو  موچەیان نە نارد موچە ئەدەن ؟. بەڵی َ موچە ئەدەین  بەڵام بە  پێی داهاتی خۆمان .
 ئەی ئێوە  ناڵێن داهاتمان  نییەو بەش ناكات ، كەواتە چۆن موچە دەدەن ؟   بەخوا لەوە زیاتر هیچمان پێناكرێت  . واتە ئەگەر پارەیان هەبوو ، كەخۆیان دەڵێن نیمانە  ،موچە دەدەن و ئەگەر پارەشیان نەبوو بەڕۆژو دەبین.  بە جۆرێك سەریان لی َتێك چووە ، نازانن چۆن درۆكانیش ڕێك بخەن .
ئەوەندەیان فاڵ گرتەوەو پێش بینییان كرد كە بەغدا  بە نیازە موچە بنێرێت و فەرمویانە موچەی فەرمان بەران نابەستینەوە بە مەسائیلی سیاسیەوە ، وەزیری دارایی عێِراق هاتە دەنگ و دەڵێت : 
ئەوەی لە فەیسبوك دەنوسرێت و موژدە دەدەن بە خەڵكی كوردستان قسەی ئێمە نییەو تا ئێستا نەگەیشتوینە هیچ بڕیارێك و هیچ ڕێكەوتنێك  نەكراوە  .
بۆ ئەوەی خەڵك فریوبدەن  بۆ ئەمەش فاڵێك دەگرنەوەو دەڵێن :
 ئەو بڕیارەی حكومەتی بەغدا ڕاست نییە.  چۆن بەڕێوەبەرێكی گشتی دەتوانێت بڕیارێكی  لەو شێوەیە بدات  و ئێمە دەزانین ئەوە بۆچۆنی كازمی نییە .  باشە ئەی بۆ ئەوە ناڵێی :  ئەگەر ئەوە  بڕیاڕیاری كازمی نەبێت چۆن بەڕێوەبەرێكی  گشتی دەتوانێت بڕیارێكی لەو شێوەیە بدات ؟.  
ئەگەر  وانییە بۆچی كازمی  ئەو هەواڵە ڕەت ناكاتەوە  ؟؟ . دوای هەموو ئەم روداوانە جەنابی  جوتیار عادل وتەبیژی  جوت بنەماڵە دەڵێت : ئێمە ڕۆژانە بڕی 250 هەزار بەرمیل ڕادەستی سۆمۆ دەكەین و( دەبێ ) واتە پێویستە لەسەریان . واتە ئەمە ئەمرە و دەبێ  بەشە بودجەی هەرێم بنێرن . 
 باشە ئەی جەنابت  بە چ دەسەڵاتێكەوە فەرمان بە حكومەتی عێراقی دەكەی پارەی موچەت بۆ بنێرێت ؟ ئەو بە ئاشكرا پێت دەڵێت : بودجەی خۆت لای خۆتەو ئێمە بەرپرسیارنین  لەموچەی فەرمانبەرانی هەرێم . ئێستا تێ گەیشتن ؟؟ فەرمون بزانین ئەگەر پارەیان نەنارد چی دەكەن ؟. 
 دواجار بەرپرسانی بەغدا بە ڕاشكاوی بە وەڤدی كوردیان گوتوە كە گەڕانەوە ، تاخۆمان وەڵامتان بۆ نەنێرین  مەگەڕێنەوە بۆ بەغدا . ئەمەش ئەوەمان پێ دەڵێت  بەغدا دەیەوێت بە تەواوی چۆك بە بەرپرسانی هەرێم دادات و چۆنیان بوێت وابكەن  .
 لە ئێستادا  هەرێم هیچ كارتێكی  بە هێزی لە دەستدا نەماوە بەرامبەر بەغدا بەكاری بهێنێت . دواجار لە دەرەوەی ڕێكەوتن كازمی بڕیاری دا بڕی 400 ملیار دۆلار بۆ هەرێم بنێرێت   وەكو نیازپاكی . بەڵام لێرەدا سەرنجتان ڕادەكێشم بۆ لێدوانێكی زۆر گرنگی  ئەندامێكی  ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ( یوسرا ڕەجەب ) كە دەڵێت : 
ئەو 400 ملیار دینارەی كازمی ناردویەتی  مانای  چارەسەر كردنی كێشەكان نییە . لە چەند ڕۆژی داهاتودا هێزە عێراقیەكان داوای چارەسەر كردنی كێشە هەڵپەسێراوەكانی نێوان بەغداو  هەرێمی كوردستان دەكەن لە چوار چێوەی دەستوری عێراقیدا ئەویش پاش ( هەمواركردنی )  لێرەدا خاڵی هەرە مەترسیدار  (هەموار كردنەوەی دەستوری عێراقە) .  
دواجار دەڵێت :چاوەڕوان بن بزانین بۆ پارە سازش  لەسەر  چ مافێكی گەلەكەمان دەكرێ‌ .  ئەگەر بە حسابی كەمینەو زۆرینە بێت ، هیچ بە ئارەزوی ئێمە نابێت . ئەگەر بە ڕێكەوتن و گفتو گۆشبێت ، دەبێ لە مەركەزی قوەتەوە قسە بكەین .
 لە ئێستاداو دوای ئەنجامدانی  ڕیفراندۆم كورد هیچ كارتێكی لەدەستدا نەماوە و لە پێناوی  وەرگرتنی موچەدا ، ئامادەن هەموو سازشێك بكەن . پارتی دانانی فوئاد حوسەینی  بە وەزیری دەرەوە لە گەڕانەوەی كەركوك بۆ سەر هەرێمی كوردستان لاگرنگترە .  
 ئەوەتا هەر لە ئێستاوە پێش بینیییەكەی ئەو ئەندام پەڕلەمانە هاتە دی و یەكێتی بەبێ ئاگاداری حكومەت 176 زیندانی داعشی تەسلیم بە پارێزگاری كەركوك كردرۆتەوە  ، كە هیچ گومانی تێدا نییە ، كە هەندێكیان ڕاستەوخۆ دەستیان هەبوە لە شەهید كردنی پێشمەرگەدا . 
هیچ پاساوێك نییە بۆ ڕادەست كردنەوەی ئەو داعشانە تاك لایەنە لە لایەن یەكێتییەوە . بەرپرسێكی یەكێتی دەڵێت : بەڕاستی زەغتی زۆرمان لەسەربوو . ئەوەشمان بۆیە كرد لە پێناوی خاكدا .
 باشە بەڕادەستكردنی ئەم داعشانە ناوچە دابڕێنراوەكان  دەگەڕێنرێنەوە سەر هەرێمی كوردستان؟؟.  ئەمە نیشانەی ئەوەیە  حكومەت بونی نییەو  دەسەڵات ، دەسەڵاتی دوو بنەماڵەیەو بە پێی بەرژەوەنمدی خۆیان هەڵسو كەوت دەكەن . 
هەمومان دەزانیین  كە  پارەیەكی زۆری هەرێمی كوردستان لە لایەن هەردوو بنەماڵەوە بە تاڵان براوە بۆ دەرەوەی وڵات .  ئەوەشمان زانی كە حكومەتی بەغدا پارە نادات  بە كورد . ئەی نابیـَت ئەمانە بیرێك بكەنەوە خۆیان چی ئەكەن ؟  پارە دزراوەكان دێننەوە ، بەردەوام دەبن بەم شێوەیە خەڵك برسی بكەن ، یان دەست بەرداری دەسەڵات دەبن ؟؟ 
ماوەتەوە ئەوەی  بڵێم : ئەی جەماوەری خەڵكی كوردستان ، مامۆستایان ، فەرمان بەران ، خانە نشینان ، كرێكاران ، كاسبكاران ، كەم ئەندامان ، جوتیاران ، خوێندكاران ، دەرچوانی زانكۆ و پەیمان گاكان  كە چەندین ساڵە خوێندنتان تەواو كردوەو دانەمەزراون : ئەی پێشمەرگە قارەمانەكان كە مامەلە  بە خوێنتانەوە دەكرێت ، ئاسایش و پۆلیس ، كاتی ئەوە هاتوە لێردە هەڵوەستەیەك بكەین و هەمومان بە یەكەوە بێینە دەنگ و بەم دەسەڵات دارانەی ئێستای هەرێم بڵێن ئیتر بەسە .
لە هەرێمی كوردستاندا حكومەت نییە جگە لە دەسەڵاتی سوڵتانی دوو بنەماڵە , شتێك نییە بەناوی قەیرانی داراییەوە ، جگە لە بێ سەروبەری و تاڵانیەكانی  هەر دوو بنەماڵەوە . 
 لە كاتیكدا هەرچی سامان و داهاتی ئەم  هەرێمە هەیە تاڵانیان كردوەو ئیفلاسیان  بە هەرێمی كوردستان كردوە ، زۆر بێشەرمانە  تەنها لە پێناوی  وەرگرتنی موچەدا ، ئەوەش بۆ مانەوەی خۆیانە نەك لە خەمی هاوڵاتیاندابن ، گەڕاونەوە بەغداو  مامەلە بە چارەنوس و ئایندەی نیشتمان و ئێمەوە دەكەن . 
پرسیار لێرەدا ئەوەیە : ئایا ئێمە بەرپرسیار نین لە ئایندەی ئەم نیشتمانە؟  ئایا ئێمە بەرپرسیار نین  لە ئایندەی  نەوەكانی خۆما ن ؟  ئایا ئێمە بەرپرسیار نین لە خوێنی سەدان هەزار لاوی ئەم نیشتمانە ؟ ئایا ئەم نیشتمانە  موڵكی ئەم دوو بنەماڵەیەو بۆ ئەوانی جێ بهێڵین و  بە ئارزوی خۆیان مامەلەی پێوە بكەن ؟ ئەی لە خۆمان ناپرسین  ئێمەی  هاوڵاتی  چین و ئەركمان چییە ؟ .
بەڕاستی نەنگییەكی گەورەیە بۆ هەموو چین و توێژەكانی كۆمەڵگا  كە هەموو داواكاریەكانمان بێتە سەر داواكردنی موچە .  مامۆستایان بڵێن ئەگەر موچە نەدرێت ، بایكۆتی تاقیكردنەوەكان  دەكەین . فەرمان بەران  بڵێن بایكۆتی دەوام دەكەین ، بەڵام لەسەر فرۆشتنی نیشتمان بێدەنگبین . 
كاتی ئەوەیە هەمومان بە یەكەوەو بە یەك دەنگ هاوار بكەین و بڵێین چیتر بیدەنگ نابین و بڕژێینە سەرشەقامەكان و ڕاپەڕێنی سەرانسەری دەست پی َبكەین و  كۆتایی بە دەسەڵاتی سوڵتانی ئەم دوو بنەماڵەیە بهێنین  كە چەندین ساڵە بونە مایەی ڕشتنی خوێنی سەدان هەزار لاوی كوردو  مامەلەو سەودا بە نیشتمانەوە دەكەن  و هەموو  هۆكاری نەهامەتیەكانی ئەم میللەتە  ئەم دوو بنەماڵەیەن و كاتی ئەوە هاتوە نەمێنن و دادگایی بكرێن . ئەگەر ڕاستتان دەوێت و ئەگەر ئێمە میللەتێكە هوشیاربین ، دەبوو لەسەر گرتنی  خۆپیشاندەرانی  دهۆك ،  لە هەموو شارو شارۆچكەكانی كوردستان خۆپیشاندان و ڕاپەڕێن دەستی پێ بكردبایە، نەك لێگەڕێن ، خۆپیشاندەران زیندانی بكەن . 
قسەیەكی جوان هەیە دەڵێت : ئەگەر دزەكان بە ئازادی بەسەر شەقامەكاندا سوڕانەوە دوو هۆكاری هەیە. یان ئەوەیە كە حكومەتەكە دزێكی گەورەیە . یان ئەوەیە كە میللەتەكە گەمژەیەكی گەورەیە . هەردووكی ڕاستە . حكومەت لە حكومەتی ئێمە دزتر نییە .
 میللەتیش  لە میللەتی ئێمە گەمژەتر نییە . بەبەرچاوی خۆمانەوە نیشتمان دەفرۆشرێـت ، ئێمە دەفرۆشرێین ،داوای  موچەیان لێدەكەین  وەكو ئەوەی ئەو پارەیە موڵكی باوك و باپیریان بێت و بە عارەقی ناو چەوانیان بۆ ئێمەیان پەیدا كردبێت . 
جان جاك ڕۆسۆ دەڵێت : هەر میللەتێك بەبێَ مەرج خۆی بخاتە ژێر دەستی هەر دەسەڵاتێكەوە ،لە بەرامبەردا هیچ وەرناگرێت . دكتۆر عەلی شەریعەتی دەڵێت : جەنگاوەرەكان گیانی خۆیان بەخت دەكەن و جەنگەكان دەبەنەوە ، كەچی شانازیەكانیان بۆ كەسانێكە هەرگیز مەیدانی جەنگیان نەدیوە . ئەوەتا پێشمەرگە شەهید دەبێت و بكوژەكەی ئازاد دەكرێ لە پێناوی بەرژەوەندی شەخسیدا . 
دكتۆر عەلی وەردی دەڵێت :  ستەمكار هەست بە ستەم ناكات ، تا خەڵك و دەورو بەریان چەپڵەیان بۆ لێدەن . نیلسۆن مەندیلا دەڵێت : بێ ڕەوشترین سەرۆكەكانی دنیا ئەوانەن كە خەبات و ماندوبونیان بە میللەتەكەیان دەفرۆشنەوە . 
ناسر حەفید دەڵێت : لە كاتێكدا دەسەڵات ئەم بارودۆخە خراپەی خولقاندبێت و سەرچاوەی هەموو گەندەڵیەكان بێت ، دەبێ بیر لەوە بكەینەوە كە خۆمان چی بكەین ، نەك بیر بۆ دەسەڵات بكەینەوە ئەو چی بكات . 
ئایندەی ئەم نیشتمانە لەبەر دەم  مەترسی زۆر گەورەی دوو بنەماڵەدایە . كاتی ئەوەیە چیتر بێدەنگ نەبین . ئەگەر نەتوانین هیچ بكەین ، حەقی ئەوەشمان نییە  گلەییش بكەین . ئەوەشی بەسەرمان بێت ، خۆمان لێی بەرپرسیارین . 
 18/5/2020
 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand