Draw Media

کێشەی حەقیقی یەکێتی

کێشەی حەقیقی یەکێتی

2020-05-20 20:26:54


   ئاسۆ حاجی

ئیستفزاز کردنی پارتی و شەڕ فرۆشتن بە حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەست تێکەڵاوکردن لەگەڵ ئەو لایەنە ئیقلیمی و عێڕاقیانەی کە یەکێک لە ئەرکەکەیان لاوازکردنی قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستانە،لەبەر ئەوە نیە کە پارتی گوایە مامەڵە لەگەڵ هاوسەرۆکەکانی یەکێتی ناکا،یان پارتی عینادی سیاسی گرتوویەتی و هەوڵ دەدا تۆڵەی شازدەی ئۆکتۆبەر لە یەکێتی بکاتەوە.
بێگومان هەموو ئەوانە ئەگەر بڕۆکەک راستیشیان تێدا بێت بەڵام هۆکارە راستەقینەکە نین،بەڵکو تاکە هۆکار ئەوەیە کە یەکێتی لە هەموو ئەو دروشم و بەڵێن و پەیڕە و پەروەردە حیزبیانەی خۆی پەشیمان بۆتەوە کە چل و پێنج ساڵە نەک خەڵکی خۆی بگرە خەڵکی کوردستان و ناوچەکەشی پێ گێژ کردووە لە بەرزکردنەوەی دروشمی دیموکراسی و بەرنامەی سۆشیال دیموکرات و مافی چارەی خۆنووسین،یەکێتی ئێستا ئەو هێزەیە کە پەشیمانە لە باسکردنی دیموکراسی و کۆتایی هێنان بە شەرعیەیی شۆڕشگێڕی و رادەست کردنی ئەو شەرعیەتە بە رێگایەکی دیموکراسیانە بە دەسەڵاتێکی یاسایی و مەدەنی کە خۆی لە دامەزاروەی پەڕلەمان و حکومەت دەبینێتەوە.
یەکێتی کە ئێستا بە بیست و دوو کورسی لەدواوەی حیزبی یەکەمی براوەی دواین هەڵبژاردنە ناتوانێ مل بۆ یاسا و رێسا دیموکراتیەکان بدا بەڵکو لە جیاتی ئەوە دەستی بۆ چەک بردۆتەوە و کار بۆ ئەوە دەکا لە رێگای نمایشکردنی هێز و زاڵ کردنی مەنتقی هێز بەسەر هێزی مەنتق کێشەکان بەلایەکدا بخا،تەنها لە پێناو مل نەدان بۆ ئەنجامی هەڵبژاردن و پڕۆسەی دیموکراتی و ئیرادەی خەڵکی کوردستان پەنا بۆ هەموو کەرستەکانی دیکە دەبا لە رێکەوتن لەگەڵ هەر لایەک دژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بێ و هاوکاری کردنی هەر لایەک بتوانێ یەکێتی وەک سەرکەوتو لە مەیدانەکە بهێڵێتەوە جا ئەو سەرکەوتنە باجەکەی لە دەستدانی خاک بێ و رادەستکردنەوەی خاک و خەڵک بێ بە داگیرکەران.
سەرکردایەتی نوێی یەکێتی دەبی لەوە تێبگەن و بتوانن بە عەقڵ و تێگەیشتنێکی سیاسیانە و دووربینانە ئەوە هەزم بکەن کە سەرمایەی سیاسی ئەوان لە ناو خەڵکی هەرێمی کوردستاندا ژمارەی ئەو کورسیانەیە کە لە پەڕلەمان هەیانە،دەبێ تەجاوزی ئەو عەقڵیەتەش بکەن کە یەک کورسی و سەت کورسی لا یەکە،چونکە ئەوەیان تەنها ماڵوێرانی بۆ خەڵک و زیاتر پاشەکشێ کردنی سیاسیانەی یەکێتی بەدواوەیە،خۆ ئەگەر گرەویش لە سەر هێز و هاوکاری دەرەکی بکرێ ئەوە ناتوانن لە شازدەی ئۆکتۆبەر زیاتر و باشتر و بەهێزتر ئەو پشتیەوانیە وەدەست بێنن،کەواتە تاکە رێگای بەردەمی یەکێتی ئەوجا حیزب و لایەنەکانی دیکە دانیشتن و گفتوگۆکردن و دانو ستانە،یەکێتی ئەگەر بیەوێ شتەک بستێنی دەبی شتێک بدا ئەوە یاسای ژیانە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand