باڵێکی ناوخۆی پارتی بۆ دژایەتی لاھور شێخ جەنگی دەکەن!؟
2020-05-20 15:50:00
کاروان عەلی شامار
ھیچ کات پارتی دیموکراتی کوردستان بارتەقای ئێستایی دوچاری ئاڵنگاری نەبۆتەوە لەلایەک دەرگیری کێشەی ناوخۆیی نێوان ئامۆزاکان بۆتەوە، لەلایەکی تر بەھۆی شکستی لەئابوری سەربەخۆو ئیفلاسی حکومەتەکەیەوە، بەدوو مانگ جارێک توانای دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی نییە، لە ترسی دروست بوونی نارەزایی و خۆپیشاندانی ھاوڵاتیاندا لە زۆرێک لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیدا حوکمی تۆپزی و سەربازی سەپاندووە!
سەرۆکی حکومەت ھەر لەسەرەتای دەستبەکاربونیەوە دەیتوانی زۆر کاری باش ئەنجامبدا وەلێ نییەتی جدیی نەبوو لەئەنجامدانی چاکسازی نەوعی و دانانی پلانی ستراتیجی لەبۆ بەھێزکردنی ژێرخانی ئابوری و بنیادنانی ئایندەیەکی باشتر بۆ ھاونیشتیمانیان. بەھۆی فاکتەرەکانی خراپ حوکمڕانی و زیادکردنی ئەرکی سەر شانی فەرمانبەران و سەپاندنی سیستمی پاشەکەوت و دواخستنی مووچەکانیان و ھەروەھا لابردن و تەسفیەی کەسانی نزیک لە ئامۆزاکەی وایانکرد ھاوڵاتیان دەرگیری دەیان گرفت و قەیرانی جۆراوجۆر بکاتەوە.
سەرۆکی حکومەت و ستافەکەی توانیویانە بە قوت و مووچەیی ھاونیشتیمانیان دەیان ھێزی سەرکوتکەرو دەزگای میدیایی دروست بکەن بۆ کپکردن و دژایەتی دەنگی ئازاد و ئاوەژوکردنەوەی روداوەکان و شکانی فیگەرو کەسایەتیەکان. بەجۆرێک لەھەمبەر سادەترین لێدوان بۆ ئاشکراکردنی گەندەڵییەکانی حکومەت، ھێرشێکی نارەوای میدیایی لەسەر دروست دەکرێ و تادەگات بە دروستکردنی سیناریۆی جیاوازو زیندانیکردن!
لەو نێوەندەشدا لاھور شێخ جەنگی ھاوسەرۆکی یەکێتی بەھۆی ئاکت و ھەڵوێستە ئەرێنیەکانی لەھەمبەر ماف و داوا ڕەواکانی ھاونیشتیمانیانەوە پشکی شێری لە پەلامارو تەخوینی میدیایی پارتی بەرکەوتووە. ئەمما لەسەروبەندی پێکھێنانی کابینەی تازەو تا ھەنوکە لاھور شێخ جەنگی بەرپرسانە مامەڵەی لەگەڵ پێشھاتە سیاسی و ئابوریەکاندا کردوەو ھاوکارێکی باشی سێکتەرەکانی حکومەت بووەو رۆڵێکی کارایی ھەبووە لە رەواندنەوەی گرژی نێوان لایەنەکان و چارەسەری کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا، بەتایبەتی لەدوای دەستبەکاربونی وەک ھاوسەرۆکی یەکێتی راشکاوانە روئیای یەکێتی لەسەر پێشھاتەکان خستۆتەڕوو، کەبریتیە لە چاکردنی گوزەرانی ھاولاتیانی بەشمەینەت و زەروریەتی ھاتنە ئارای جێگیری سیاسی و ئابوری و کۆمەلایەتی لەھەرێمدا.
خولاصە، لاھور شێخ جەنگی بووە بەعەرابی ناوکۆیی نێوخۆی یەکێتی و توانی حزبەکەی لەپەرت بوون و پاشکۆبوون رزگاربکاو ھەروەھا توانی تەوزیفی بکا بۆ خزمەتی خەڵک و بیکا بەبڵندگۆیی داوا رەواکانی خەڵکی کوردستان. لەناو پارتیشدا جگە لە رقو کینەی باڵێکی دیاریکراو عاقڵمەندەکانیان مەحکوم نین بەوجۆرە لە بیرکردنەوەو رق و دژایەتی بیمارانە! حەتمەن کەسێکیش ھێندە لە خەمی خەڵک و ھاوڵاتیاندابێ لە تیری غەدر و ناحەقی پارتی و نەیاراندا بەدور نابێ.