بــــەرەو جەژنێکی بێ ناز !
2020-05-20 15:49:09
سەرکۆ یونس*
هەرێمی کوردستان بە بارودۆخێکی نالەبارو پڕ کێشمەکێشی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و تەندروستی و لێکەوتەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا و قەیرانی کەمبونەوەی کارەباوە ڕۆژەکانی کۆتایی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان بەڕێ دەکات و لەکاتێکدا بەدەست دەیان قەیران و کێشەوە دەناڵێنێت لەسەرووی هەمویانەوە قەیرانی بێ بودجەی و پێ نەدان و دواکەوتنی موچەی فەرمانبەران ومامۆستایان و کەمئەندامان و خانەنیشینان و کەمبونەوەی پارە لە گیرفانی هاونیشتیمانیان و سستی و لاوازی جموجوڵی بازرگانی و بێ بازاڕی و بێکاری دەبینێتەوە و نەمانی متمانە لەنێوان خەڵک و حکومەت و ڕێکنەوتنی هەولێر وبەغدا لەسەر بودجەو مووچە و ناکۆکی لایەنە سیاسیەکانی هەرێم و داواکردنی هەندێ لایەنی سیاسی بۆ لامەرکەزی پارێزگای سلێمانی
هەموو ئەمانە و نزیک بونەوە لە جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز کە وا دەردەکەوێت یەکێکە لە بێ نازترین بۆنە ئایینی و کۆمەڵایەتییەکانی ئەم هەرێمە...
هاونیشتیمانیانی هەرێم زیاتر لە سێ مانگی ڕابردوو پابەندی بڕیار و ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی و ناوخۆ بوون و وا بەهەموو کێشەکانەوە حکومەتی هەڕێم بڕیاری داوە لەیەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانەوە بۆ ماوەی (72) کاتژمێری تر هاتوچۆ وسەردانی کردن قەدەغە دەکرێت بەبیانوی هاتنی شەپۆلی دووەمی ڤایرۆسەکەوە هەرچەندە زۆرێک پێیان وایە زیاتر مەبەستەکە سیاسی یە حکومەت لە سەرهەڵدانی ناڕەزایی و خۆپیشاندانی جەماوەری و هەندێ جار سیاسی حەزەر دەکات...
هەرچۆنێک بێت وا دەردەکەوێت جەژنی ڕەمەزانی ئەمساڵمان بەیەکێک لە بێ نازترین جەژنەکان ئەژمار دەکرێت هیوادارین ئەم بارودۆخی قەیرانی دارایی و بێ بازاڕی و سست بوونی ئابوری کوردستان لەوە زیاتر درێژە نەکێشیت و لایەنەکان هەوڵی جدی بدەن بۆ دەرباز بون و چارەسەرکردنی ڕیشەیی قەیرانەکە چونکە درێژەکێشانی ئەم واقیعە چەندین ئاکامی خراپی لێ دەکەوێتەوە بەتایبەت قەیرانی سیاسی و ئابوری...
بەداخەوە بێ توانایی دارایی خێزانەکان لەم جەژنەدا بەئاشکرا بەڕوخساری هاونیشتیمانیانەوە دیارە و زۆرێک لە خێزانەکان چاوەڕێ ی دەستی خەڵکانی دەوڵەمەند و خواپێداوەکانن تا لە زەکات و سەرفیترەکانیان خوانی جەژن و جلوبەرگی ماڵ ومناڵیان بۆ بڕازێننەوە....
*ئابوریناس