Draw Media

به‌ سلێمانی كردنی دهۆك

به‌ سلێمانی كردنی دهۆك

2020-05-19 08:05:58


رێبوار كه‌ریم وه‌لی

خۆپێشاندانی مامۆستایان به‌ پشتیوانیی ئۆپۆزیسیۆن و به‌تایبه‌تیش یه‌كگرتووی ئیسلامی له‌ دهۆك و هه‌ندێك ناوچه‌ی دیكه‌ بادینان، میلاده‌؛ ئه‌وه‌ یه‌كه‌مجاره‌ له‌ كوردستاندا، ناڕه‌زایه‌تی به‌رامبه‌ر حكومه‌ت له‌ سلێمانییه‌وه‌ سه‌ر هه‌ڵنادات و له‌ دهۆك كه‌ سێ له‌سه‌ر چواری ده‌نگده‌رانی هی حزبی حاكمن دێنه‌ سه‌ر جاده‌.

*

لێدوانه‌كانی پارێزگاری دهۆك جێگه‌ی سه‌رسوڕمان بوون؛ خۆپێشاندان و پشتگیریكردنی حزبه‌كانی ئۆپۆزیسیۆنی له‌ خۆپێشانده‌ران وه‌كو تاوانێك وێنا كرد! پێده‌چوو یاسای خۆپێشاندان و گردبوونه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ریی نه‌خوێندبێته‌وه‌ كه‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ده‌رچووه‌ و به‌تایبه‌تیش ئه‌و بڕگه‌یه‌ی كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ مۆڵه‌تدان. ئینجا ئه‌گه‌ر كوردستان له‌ باری نائاساییدا بووایه‌، هه‌موو ته‌بریره‌كان قه‌بوڵ بوون، به‌ڵام مادام په‌رله‌مان كار ده‌كات و كۆده‌بێته‌وه‌ كه‌واتا هه‌موو شتێك ئاساییه‌!َ

*

ئه‌گه‌ر جاران سلێمانی پاژنه‌ی ئاشیلی یه‌كێتی بووبێت، ئه‌مجاره‌ دهۆكیش پاژنه‌ی ئاشیلی پارتییه‌، به‌ تایبه‌تیش كه‌ پارتی دوای لافاوه‌كه‌ی ئه‌مساڵ هه‌ڵوێستی خه‌ڵكی زاخۆشی دیت كه‌ ئاماده‌ نه‌بوون ته‌نانه‌ت هاوكاریی مرۆییش وه‌رگرن! گووتیان سه‌ده‌قه‌مان ناوێ...

*

سه‌یر له‌وه‌دایه‌ كه‌ قه‌ت پارتی به‌و هه‌موو نفوز و رابردووه‌ی له‌ سلێمانی نه‌یتوانیوه‌ ببێته‌ خاوه‌نی به‌ره‌یه‌كی ناڕازی له‌و ده‌ڤه‌ره‌، كه‌چی یه‌كێتی ده‌توانێ له‌ بادینان ئه‌وه‌ بكات، كه‌واتا قه‌ڵاكه‌ مه‌حكه‌م نییه‌. وه‌ك چۆن هه‌موو سۆرانییه‌ك یه‌كێتی نییه‌، مانای وایه‌ هه‌موو بادینییه‌كیش پارتی نییه‌.

*

به‌ ده‌ست خۆت نییه‌ نوكته‌ی كابرای ئه‌مریكی و رووست بیر ده‌كه‌وێته‌وه‌؛ ئه‌مریكی: ئێمه‌ ئه‌وه‌نده‌ ئازادین له‌به‌رده‌م كۆشكی سپی قسه‌ به‌ سه‌رۆكی خۆمان ده‌ڵێین، رووس: ئێمه‌ش ئه‌وه‌نده‌ ئازادین له‌به‌رده‌می كرێملن جنێو به‌سه‌رۆكی ئه‌مریكا ده‌ده‌ین! حه‌وت مانگه‌ پشتیوانی له‌ خۆپێشاندانه‌كانی به‌غدا ده‌كه‌ین و ئیدانه‌ی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ده‌كه‌ین. فارس جوانیان گووتووه‌:"مریشكی دراوسێ قازه‌!"

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand