Draw Media

سه‌ره‌ڕای سه‌رۆككۆماری نوێنه‌ری میله‌تێكیشی

سه‌ره‌ڕای سه‌رۆككۆماری نوێنه‌ری میله‌تێكیشی

2020-05-17 13:43:40


له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
یه‌كێك له‌و دروشمانه‌ی كه‌ هه‌میشه‌ له‌ سه‌ر زمانت بوو له‌ ناو خه‌ڵكیشدا ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ی هه‌بوو " كردار شه‌رته‌" بوو، دڵنیام ئاگاداری دۆخی خه‌ڵكیت و كه‌سیش نیه‌ ئه‌وه‌ت لێبشارێته‌وه‌ كه‌ له‌ ناو وڵاتا چی ڕووئه‌دات ، وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌ن له‌ خه‌ڵكی تری ده‌شارنه‌وه‌ ، له‌ دوای نه‌مانی كاره‌كته‌ره‌كانی پێشتری ئێره‌ هه‌ریه‌ك له‌ تاڵه‌بانی و نه‌وشیروان مسته‌فا ، ئێستا تۆ له‌ لوتكه‌ی ده‌سه‌ڵاتی عیراقدای ، سه‌رۆك كۆماری عیراق و هه‌رێمی كوردستانیشی ، ئه‌و هه‌رێمه‌ی به‌ ناجۆری و نه‌زانی سه‌ركرده‌كانی ، به‌ هه‌ڕاجكردنی نه‌وت و گه‌نده‌ڵی خه‌ریكه‌ وێران ده‌بێت و نزیكه‌ی زیاتر له‌ 5 ملیۆن كه‌سی كۆماره‌كه‌ت به‌ ده‌ست ده‌سته‌ بژێرێكی خراپه‌وه‌ زه‌لیل و به‌د به‌خت كراون ، بۆ ئێستا كرداری تۆ شه‌رته‌،بیرمه‌ پێت وتم موچه‌ی كه‌س و كاری شه‌هیدو ئه‌نفالیش ده‌خه‌ینه‌ سه‌ر به‌غدا ، ئێستا نه‌ك موچه‌ی كه‌س و كاری شه‌هیدو ئه‌نفال ته‌نانه‌ت كاتی ئه‌وه‌یه‌ موچه‌ی مامۆستاو فه‌رمانبه‌رو خانه‌نشینی هه‌قیقیش بخرێته‌ سه‌ر به‌غدا بۆ ئه‌وه‌ی لانی كه‌م شه‌ق نه‌خۆن و به‌ زۆر نه‌برێن بۆ زیندان .
ئه‌مڕۆ له‌ كۆماره‌كه‌ی تۆدا زیاتر له‌ 100 كه‌س ره‌شبگیر كرا ، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌وێرن داوای مافی خۆیان بكه‌ن ، لیژنه‌ ئه‌منیه‌كه‌ی دهۆكیش هه‌ڕه‌شه‌ی تر ده‌كات ، ره‌نگه‌ سبه‌ی له‌ زۆر شوێنی دیكه‌ش خۆ پیشاندان بكرێت و سه‌رده‌می شه‌قیش سه‌ر هه‌ڵبداته‌وه‌ ، ته‌نیا ئومێدی خه‌ڵك ئه‌وه‌یه‌ كه‌ دوا هاواریان بۆ تۆ بێنن ، وه‌ك چۆن سه‌رده‌می خۆی خه‌ڵك ده‌یانگوت "واموعته‌سه‌ما " نامه‌ی چوار ئافره‌تی شاره‌ حه‌یاته‌كه‌ی تۆم لایه‌ له‌ مۆبایله‌كه‌ما كه‌ نانی جه‌ژنیان نیه‌و من داوام له‌ خوشكێكی تاراوگه‌ كرد شتێ‌ پاره‌ بنێرێت تا لانی كه‌م جه‌ژن بكه‌ن .
من له‌ رووی رادیتنه‌وه‌ ئه‌م وتاره‌ بۆ ئێوه‌ ده‌نێرم و بڵاویشی ده‌كه‌مه‌وه‌ ، وه‌ك خۆم هیچ ئومێدێكم به‌م دۆزه‌خه‌ نه‌ماوه‌و تۆش ئاگاداری كه‌ ده‌ساڵه‌ له‌ خۆڕا فه‌سلیان كردوم و نامگێڕنه‌وه‌ سه‌ر كاره‌كه‌م ، ره‌نگه‌ تۆش نه‌بوویتایه‌ ئێستا ده‌مێك بوو له‌ ئیجه‌ م دابوو جا ده‌په‌ڕیمه‌وه‌ یان خانه‌واده‌ ده‌بوینه‌ خۆراكی ماسیه‌كان ئه‌وه‌یان شتێكی تره‌ خۆزگا چووبام و به‌قسه‌ی تۆم نه‌كردایه‌و پشتم له‌ دایكم و نیشتمان بكردایه‌ .
من به‌ قسه‌م كردی ، تۆش به‌ قسه‌م بكه‌و خه‌مێكی ئه‌و خه‌ڵكه‌ بخۆ ، ئه‌و خه‌ڵكه‌ی ناچارن دوای كۆرۆنا بیر له‌ سه‌ر هه‌ڵگرتنێكی تر بكه‌نه‌وه‌ .

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand