دییلۆیت و راپۆرتی ساڵی 2019
2020-05-17 12:17:26
ئەنوەر كەریم
دیلۆییت و ئێرنست ئەند یەنگ ڕاسپێراون بۆ ووردبینکردن لە داهاتی نەوت و گازی کوردستان و بەرهەمهێنان و بەکاربردن، بەڵام وەک پێویست بەم بەرپرسیار انە هەڵنەستاون .
پێویستە دیلۆیت مانگانە راپۆرتی نەوت و غازی کوردستان بڵاوبکاتەوە ئەگەر مانگانە نەبوو ئەوا دەبێت وەرزانە ئەم راپۆرتانە بڵاو بکرێتەوە تا خەڵكی کوردستان بزانن ئەم کەرتە گرنگە چۆن بەڕێوەدەبرێت، کە گوزارانی خەڵکی کوردستان وابەستە کراوە پێوەی . بەڵام دیلۆیت ڕاپۆرتی ساڵی 2019 لە مانگی مایسدا بڵاوکردەوە ئەمەش دواکەوتنێکی گەورەیە.
سەرنجەکان لەسەر ئەم ڕاپۆرتە ئەمانەی خوارەوەن .
1- بەرهەمی نەوتی کوردستان لەساڵی ڕابردوودا زیادیکردوە، بەتایبەتی لەوەرزی چوارهەمدا ڕۆژانە (490) هەزار بەرمیلی بەرهەمهێناوە.
2- نەوتی کوردستان بە 11.60 دۆلار کەمتر فرۆشراوە لە بازارەکانی جیهاندا، چونکە تێکڕایی نرخی نەوتی برێنت بۆ ساڵی 2019 نرخەکەی 64.36 دۆلار بووە، بەڵام نەوتی هەرێم بە 52.76 دۆلار فرۆشراوە لە بازاراکانی جیهاندا .
3- بڕی 4.30 دۆلار دراوە بە هەقدەستی گواستنەوەی یەک بەرمیل نەوتی کوردستان بەناو بۆری کوردستاندا کە خاوەنەکەی ڕۆزنەفتی ڕووسیە، پشکی لە 60% بۆریەکەی هەیە، هەقدەستەکەی دەکاتە 2.58 دۆلار، لە 40% کۆمپانیای کار گروپ کە پشکەکەی دەکاتە 1.72 دۆلار بۆ هەر بەرمیلیک، ئەوەی جێگای سەرنجیکی زۆرە بۆری نەوتی کوردستان – جیهان درێژیەکەی 970 کم وە بەشی تورکیا 640 کم، بەشە زۆرەکەی دەکەوێتە ناو تورکیاوە، بەڵام تاریفەی بۆری ناوکوردستان زیاترە.
هەرچەندە بەشی کوردستان گۆڕانکاری بەسەردا هاتوە بەرامبەر بۆریە کۆنەکە، بەڵام پێویستە بڕی تاریف بەرامبەر بە بڕی هەناردە جیاواز بێت، بۆیە ئەم بڕە پارە هێجگار زۆرە، بۆ بۆریەک بۆ بڕی ئەوەندە هەناردە.
ئەمەش وادەریدەخات کە پڕۆژەی بۆریەکەی کوردستان بۆ ڕۆزنەفت و کارگروپ پڕۆژەیەکی زۆر بەقازانجە .
4- بڕی 3.40 دۆلار دراوە بە هەقدەستی تێچووی گواستنەوەی یەک بەرمیل نەوت بەخاکی تورکیادا ئەم بڕەش دیارە گۆڕانکاری بەسەردا نایەت، چونکە دوای ڕێفۆراندەمەکە و لەدەستدانی کەرکوک کە بەرهەمی نەوتی کوردستان زۆر کەمبوە، بەڵام هەمان بڕە پارە دراوە بەگواستنەوەی کۆمپانیای تورکی TEC وە پێویستە بڕی نرخ لەسەر بڕی هەناردە دیاریبکرێت.
5- بڕی 325 ملیۆن دۆلار دراوە بەلایەنی سێیەم لە بڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمەش کۆمپانیاکانی سیکوریتەیە کە ئەم بڕە بەهەدەردانێکی زۆر گەورەیە وا پێویست دەکات لیواکانی نەوت و گاز پاراستنی ئەم کێڵگە نەوتیانە بگرنە ئەستۆ، چونکە کێڵگە نەوتیەکانی کوردستان ئەوەندە زۆرنین، یان لە موزایەدەیەکی ئاشکرادا ئەم تەندەرانە بەڕیوەببرێت، چونکە ئەم کۆمپانیا سیکوریتیانە سەر بەحیزبەکانن، وە کۆمپانیای تر هەن زۆر بەهەرزانتر ئەم کارەدەکەن بەمەش زیانی گەورە لە خەڵکی کوردستان دەکەوێت و داهاتێکی زۆر دەچێتە گیرفانی حزبەوە.
6- بڕی 180 ملیۆن دۆلار دراوە بە ڕسوماتی پاڵاوگەکان، دیلۆییت دەبێت شەفاف بێت بۆ ئەوەی خەڵک بزانێت هەقدەستی یەک بەرمیل بۆ پاڵاوتن چەندە، چونکە پاڵاوگەکانی کوردستان سەر بە حیزبەکانن، ئەمەش لە گەڵ یاساکانی EITI دا یەک ناگرێتەوە.
7- بڕی 300 ملیۆن دۆلار دراوەتەوە بە قەرزاکانی کۆمپانیاکانی (TEC) وە لەگەڵ (TPCI )، هەموو وەرزێک پارە دەدرێتەوە بەناوی قەرزەوە بەم کۆمپانیانە بە بێ ئەوەی دیلۆیت ئاماژەی پێبدا کە بڕی ئەم قەرزانە چەندە،چەندی ماوە لەسەر خەڵکی کوردستان، ئەمەش لە گەڵ یاساكانی Extractive Industrial Transparency Initiative یەکناگرێتەوە .
8- بڕی 0.25 دۆلارێک دەدرێت وەک سوود بۆ کڕیارانی نەوتی هەرێم ئەوانەی کە لە پێشەوە پارەدەدەن .
9- پشكی کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکانی نەوتی هەرێم بەپێی بەرزو نزمی نرخ دەگۆڕێت، بەڵام دیلۆیت هەموو جارێک بڕە پارەکە بەیەکەوە ئاماژە پێدەدات بەمەش ناتوانرێت شەفافیەت بەرجەستە بکرێت، هەرچەندە هەندێ کۆمپانیا لە هەرێم ڕاپۆرتی خۆیان بڵاو دەکەنەوە بەڵام بەشێکیان بڵاویناکەنەوە .
10- بۆ ئەوەی شەفافیەتی تەواو هەبێت لە لایەن دیلۆیتەوە پێویستە ناوی کۆمپانیاکانی کڕیارانی نەوتی هەرێمی کوردستان بڵاو بکرێتەوە، تا خەڵکی کوردستان هەموو راستیەکان بزانن، بەس تائیستا دیلۆییت دوای چەندین ڕاپۆرت کە بڵاویکردۆتەوە نەیتوانیوە یاساکانی EITI بپارێزێت.
11- دیلۆییت تائیستا راپۆرتەکانی ساڵی 2016 بڵاونەکردۆتەوە ،کە بڕیارە ئەو ڕاپۆرتانە بڵاوبکاتەوە، ئەمەش یەکێکە لە ڕێککەوتنەکانی لە گەڵ حکومەتی هەرێم .