وەهم و یەعیش
2020-05-17 11:24:23
پەیكار عوسمان
- ئەوەی کە هەم پارتی و هەم نەیارانیشی، پێیانوابوو خەڵكی ئەو لایە، هەر لە شەریکەوە وایەری ناڕەزاییان تێدانیەو بەشەری ئاسایی نین و لە جنسی مەڕوماڵاتن،، ئەمە وەهمێکی دوولایەنەی قێزەونەو دهۆك بە هەردولای وت، سەرتان دای لە بەرد.
- ئەوەی کە من، هەر لەبەرئەوەی خەڵکی سلێمانیم، ئازاو هۆشیاربم و ئەویش هەر لەبەرئەوەی خەڵکی هەولێرو دهۆكە، گەمژەو ترسنۆکبێ. ئەمەش وەهمێکی تری قێزەونەو دهۆك ئەویشی هەڵوەشاندەوەو ڕێك لەوکاتەدا کە "ئێمەی هۆشیاری ئازا" مەستی هاشوهوشی کوڕی تاڵەبانی و شیخ جەنگین، یان خەریکی تەوافی گۆڕی مام و کاکە نەوەین، ئا لەو کاتەدا "ئەوانی گەمژەی ترسنۆك" بەگژ ماڵی مەلادا چوونەوە!
- ئەوەی کە مێگەلیی پارتی و بنەماڵەی بەرزانی بە عەیبەو کۆیلەیی بزانیت، بەڵام لەولاوە مێگەلیی حیزب و بنەماڵەی ترت لا ئاسایی و ئازادی بێت. ئەمەش یەعێکی تری سیاسەتی ئێمەیەو ئازادی هەر ئەوەیە کە کۆیلەیی نیە. کە کۆیلەییبوو ئیتر هی هەرشتێكبێ هەر کۆیلەییەو فەرقی نیە. ئازادیی ئەوەنیە تۆ بەچی کۆیلەیت، ئەوەیە کە بە هیچ کۆیلە نەبیت.
- ئەوەی کە شارێك عاقڵبێ و شارێك کەر، ناوچەیەك ئازابێ و ناوچەیەك ترسنۆك، دەڤەرێك باشبێ و دەڤەرێك خراپ.. ئەمە وەهم و یەع و هێڵنجە، چونکە ئازایی و هۆشیاری و باشی و خراپیی و ئەم شتانە سیفەتی کەسن، نەك سیفەتی شارو ناوچەو دارو بەرد. هەڵوێست و تایبەتمەندین لەناو ئینساندا، نەك لە شتەکانی دەرەوەدا.
- هەیە هەر لەبەرئەوەی لە فڵان بنەماڵەیە خۆی پێ سەردارە. هەیە هەر لەبەرئەوەی لە فڵان شارە خۆی پێ عاقڵە. هەیە هەر لەبەرئەوەی دیندارە خۆی پێ وەکیلی خوایە. هەیە هەر لەبەرئەوەی مولحیدە خۆی پێ وەکیلی زانستە. هەیە هەر لەبەرئەوەی جنێو بە کوردایەتی ئەدا خۆی لا عەلامەی فکرە. هەشە هەر لەبەرئەوەی هوتافی کوردایەتی ئەدا، خۆی پێ پاڵەوانی نەتەوەیە. هەیە هەر لەبەرئەوەی لە هەوێکەی نوسراوە مسلم، خۆی پێ باشترە لە کەسێك کە ئەوە لە هەوێکەی نەنوسراوە. هەیە هەر لەبەر ئەوەی موعارەزەیە ئیتر خۆی پێ مەعسومە. هەیە هەر لەبەرئەوەی موحاجەبەیە، خۆی لا بەئەخلاق و ئەویتری لا بەرەڵایە. هەشە هەر لەبەرئەوەی سفورە، خۆی پێ پێشکەوتووەو موحاجەبەکەی لا دواکەوتووە. هەیە هەر لەبەرئەوەی نەفرەت لە سەرمایەداریی ئەکا، ئیتر پێیوایە ئەو شۆڕشگێڕەو ئەوانیتر جاشی سیستەمن..
هەیە بە پارەو هەیە بە شەهادەو هەشە هەر لەبەرئەوەی ئەخوێنێتەوە خۆی پێ هۆشیارو جیایە، لەکاتێکا هۆشیاریی هەر ئەوەیە کە ئەو جیاکارییە نەکەیت!
- ئەمەوێ بڵێم حیزب و دین و ئایدۆلۆژیاو شارو جلوبەرگ.. شتانێکی دەرەوەی تۆن، هیچ شتێکی دەرەوەی تۆش فەزڵ و فەزیلەت نیەو شتەکانی دەرەوە، تەنیا کەرەستەی جیاکاری و شەڕە لەگەڵ ئەو. لەکاتێکا فەزیلەت ناوەکییەو ئەوەیە کە شەڕی لەگەڵ خۆت پێئەکەیت! (ان اکرمکم عند اللە اتقاکم)