Draw Media

خانەقین لەبەردەم ھەرەشەی تەعریبی دووەمدا!

خانەقین لەبەردەم ھەرەشەی تەعریبی دووەمدا!

2020-05-15 20:16:08


کاروان عەلی شامار

لەدوای ئەنجامدانی ریفراندۆمەکەی ھەرێمی کوردستانەوە، بارودۆخی ناوچە دابرێنراوەکان بە ئاقارێکی مەترسیداردا تێپەردەبێ و بەتایبەتیش شاری خانەقین. گەر یەکێتی نیشتیمان کوردستان پلانێکی خێراو ئانی نەبێ بۆ روبەروبونەوەی ئەو پەلامارە تیرۆرستیانەی کە لەلایەن عەرەبە شۆفێنیەکانەوە دەکرێتە سەر فیگەرو کەسایەتیە کوردەکان و ھەروەھا سنورێک بۆ راگواستن و وەدەرنانی ماڵ و خێزانە کوردەکانی سنوری خانەقین دانەرێ ئەوا دور نییە جارێکی تر ھاوشێوەی رژێمی بەعس خەڵکی رەسەنی شارەکە دوچاری نەھامەتی و تەعریب و تەرحیل بکرێنەوە.

بەھۆی بوون و بەردەوامی کردەوە تیرۆرستیەکان، زۆرێک لە گوندەکانی سنوری خانەقین چۆڵکراون و ئەو خەڵکە کەمەش کە لەنێو گوندەکاندا ماونەتەوە ریسک بە ژیانیان دەکەن و لە دۆخێکی پر لە مەترسی و دڵەراوکێدا دەژین. گروپە چەکدارەکان ھێرشەکانیان چرکردۆتەوە بۆ سەر ئەو گوندانەی کە تەواوی دانیشتوانەکەی کوردن، لەچەن شەوی رابردوو ھێرشیان کردۆتە سەر گوندی مێخاس، ئەو گوندە دانیشتوانەکەی لە ئاینزای کاکەین و شوێنێکەیان ستراتیجییەو ھێلی تەماسەو دەروازەی چونەنێو شاری خانەقینە، ئەگەر دانیشتوانی ئەو گوندە چۆڵ بکرێ ئەوا ناوجەرگەی خانەقین و گەرەکەکانی دەکەونە مەترسیەوە. لەئەنجامدا کوردانی خانەقین بەزۆرەملێ ناچاردەکرێن کە شارەکەیان چۆڵ بکەن!

داعش تا ھەنوکە ھیچ بەرپرسیارێتیەکی سوتانی دەغڵ و دان و ھێرشەکانی چەن شەوی رابردوی بۆ سەر گوندەکانی دەوروبەری خانەقینی نەگرتۆتە ئەستۆ! وەلێ لێرەیا ئاماژە بەچەن ئەرگومێنتێک دەکەین کە پشت راستی ئەو فاکتانە دەکاتەوە، ئەوەی لە خانەقین دەگوزەرێ داعش نییەو زادەی پلان و ستراتیجی عەرەبە شۆفێنیەکانە بەتایبەت (عەرەبە کروییەکان) کە ئەوانیش بەھاوکاری چەن یەکەیەکی حەشدی شەعبی فاکتەرن لە تێکدانی ئارامی شاری خانەقین!

١. تا ھەنوکە ھیچ دەخلو دانێکی گوندە عەرەبەکان نەسوتێنراون و لەکاتێکدا بەھۆی دوریان لە شاری خانەقینەوە ئاسانتر دەتوانرێ پێیان بگەن. زۆرێک لەو گوندانەی کە دانیشتوانەکەی عەرەبی ھاوردەن تا ئێستا ھیچ روبەرووبونەوەیەکی چەکداری روینەداوە!
٢. روداوەکەی چەن شەوی رابردوو کە بەھۆیەوە دوو گەنجی کاکەیی لە گوندی مێخاس و ژن و مێردێک لەگوندی تەفرەقە شەھید کران کامێرای حەراری لەھەردوو جێگە بونی ھەبووە، لێ ھێزە ئەمنیەکانی حەشدی شەعبی رێگەیان نەداوە کە سەیری جموجۆڵەکانی چەکدارەکانی پێبکرێ، واباسیش دەکرێ کەلە سەروبەندی ھێرشەکاندا کامێراکان کوژێنرابێتەوە.
٣. کاتێک چەکدارەکان ھێرش دەکەنە سەر گوندی مێخاسی دوو لەدانیشتوانەکەی شەھید دەکرێن کە سەرقاڵی دروێنەکردن بوونە لێ دوو ھاوڵاتی عەرەبیشیان لەگەڵ بووە وەلێ ھەرلەجێدا ھەردووکیان ئازاد کراون!
٤. ئەو چەکدارانە لەکاتی ھێرشەکانیاندا زۆر رۆچونەتە نێو گوندەکان و شارەزاییەکی باشیان ھەبووە لە رێگاوبانی ناوچەکە و گومان دەکرێ چاوشیان لەگەڵ بێ و ئاسانکاریان بۆ کرابێ لە لایەنە ھێزە ئەمنیەکانەوە.
٥. لەکاتی ھێرش بۆ سەر گوندەکانی تەفرەقەو مێخاس، ھێزە ئەمنیەکانی ناو شاری خانەقین دوای دوو کاتژمێر  گەشتونەتە سەر جێگەی روداوەکە، کە ئەمەش نیشانەی کەمتەرخەمی و ھەبونی جۆرێک لە تەنسیق بووە لەنێوانیاندا!
٦. ئەوەی گومانەکان زیاتر دەکا ئەوەیە کە لەچەن مانگی رابردوودا ھێزە ئەمنیەکانی حەشدی شەعبی دوو فەوجیان دروست کردووە بۆ پارێزگاری ناو شاری خانەقین کە پێکھاتەی ھەر دوو فەوجەکە عەرەبی سونین و لەعەشیرەتی (کروی) دەبن!

خولاصە، بێگومان ھەنوکە چارەسەری جەزری کێشەی ناوچە دابرێنراوەکان بەگشتی و شاری خانەقین بەتایبەتی ھەر وا ئاسان نییە پێویستی بەرێکەوتنی سیاسی ھەیە بۆیە لێرەیا کۆمەڵێک پێشنیار دەکەین بۆ ئەوەی ھەرچی زووە چارەسەرێکی مام ناوەندی بۆ بکرێ و چیتر خەلکی شارەکە قوربانی زیاتر نەدەن.

١. بەھاوکاری سەرۆک کۆمارو فراکسیوێنی یەکێتی لەپەرلەمانی عیراق بەتایبەت سەرۆک و ئەندامانی لیژنەی بەرگری و ناوخۆ رێکەوتنێکی سیاسی بکرێ بۆ دروست کردنی ھێزێکی ھاوبەش لە ھەموو پێکھاتەکان بۆ پاراستنی شارەکە.
٢. ئەو ھێزانەی بەرپرسن لە ئەمنیەتی شاری خانەقین پێک ھاتوون لە سوپای عیراق و ھێزەکانی حەشدی شەعبی،  ھێزەکانی بەدرو عەسایبی ئەھلی حەق ململانێیەکی گەورە لەنێوانیاندایەو بەشێک لەو ھێزانەش دۆستایەتی و سۆزیان بەلای کوردا ھەیەو دەکرێ تەنسیق و کۆدەنگیان لەگەڵدا بکرێ بۆ گەرانەوەی ھێزی پێشمەرگە. 
٣. لەدوای شانزەی ئۆکتۆبەرەوە بۆشاییەکی گەورەی ئەمنی لە شاری خانەقین دروست بووە، پێویستە تەنسیق لەگەڵ ئەمریکیەکاندا بکرێ و باس لە زەروریەتی پرکردنەوەی ئەو بۆشاییەبکرێ ئەویش تەنھا بەگەرانەوەی ھێزی پێشمەرگە دەبێ یاخود دروستکردنی ھێزێکی تایبەت لە کوردەکانی سنورەکەو کە سەر بە حکومەتی عیراقی بن.
٤. ئەو کامێرا حەراریانەی کە بۆ پاراستنی شارەکە جێگیرکراون بدرێت بەدەستێکی ئەمین و لە دەست چەکدارانی حەشدی شەعبی وەرگیرێتەوە رادەستی سوپای عیراق یاخود پۆلیس و ئاسایش بکرێ.
٥. دابینکردنی چەک و پێویستی سەربازی بۆ خەلکی گوندەکان بەتایبەت بۆ دانیشتیوانی ئەو گوندانەی کە مەترسی روبەروبونەوەی چەکداری دەبنەوە.
٦. مۆلەتدان و گەرانەوەی کاتی ئەو پێشمەرگانەی کە دانیشتوی شاری خانەقینن و لەناو ھێزەکانی ھەفتاو دامودەزگا ئەمنیەکانی حکومەتی ھەرێم دەوام دەکەن، جێگیرکردن و بڵاوپێکردنیان بە جلی مەدەنیەوە بەناو گەرەک و گوندەکانی سنوری شارەکەدا.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand