بێ بایەخكردنی خوێندن لە هەرێمی كوردستان
2020-05-15 20:05:47
ساڵح ژاژڵەیی
لای هەمومان ڕون و ئاشكرایە كە گەشەكردن و پێشكەوتنی ئاستی خوێندن و زانست و زانیاری هۆكاری سەرەكین بۆ ئەو پێشكەوتنانەی لە بواری پێشەسازی و تەكنەلۆجیای سەردەم بەدەست هاتون .
وڵاتە پێشكەوتوەكانی جیهان بەرنامەو پلانی تۆكمەیان هەیە بۆ ئەوەی لە بواری زانستدا زیاتر بەرەو پێشوە بچن و هەمیشە لە كێبڕكیدان لەگەڵ یەكتری لەو بوارەدا . پارەیەكی زۆر بۆ ئەو بوارە تەرخان دەكەن و هەوڵ دەدەن زانكۆ و پەیمانگاكانیان لە پلەی یەكەمدا بن .
پێشكەوتنی بواری زانست ، وابەستەیە بە ئاستی پێشكەوتنی بواری ئابوری و پیشەسازیشەوە . وابەستەیە بە بونی كەرتی تایبەتی گەشەسەند و هەبونی ژێرخانێكی ئابوری بەهێز .
هەتا كەرتی تایبەت بە هێزبێت و بواری باز رگانی و پیشەسازی و كشتوكاڵ لە ئاستێكی گەشەسەندودابێت ، شان بە شانی ئەوە زانست و زانیاری وپڕۆسەی خوێندنیش لە گەشەكردن و پێشكەوتنی بەردەوامدا دەبێت ..
لە وڵاتە پێشكەوتوەكانی جیهاندا كۆمپانیا گەورەكان بە تایبەتی ئەوانەی لە بواری تەكنەلۆجیای پێشكەوتودا كاردەكەن ، بەشوێن كەسانی پسپۆڕ و شارەزادا دەگەڕێن . جگە لە پێدانی موچەی باش ، پارەی زۆریشیان دەخەنە بەردەست بۆ ئەوەی بتوانن داهێناننی تازە بكەن . بۆیە نوێنەری ئەو كۆمپانیانە سەردانی زانكۆكان دەكەن و هەواڵی ئەو خوێنكارە زیرەكانە دەپرسن كە لە قۆناغەكانی كۆتایی خوێندنن و زانستەكەشیان بۆ كۆمپانیاكانی ئەوان بەسودەو پێیان دەڵێن كە خوێندنتان تەواو كرد ، لای ئێمە شوێنتان بۆ دانراوە . ئەمەش دوو گرینگی تایبەتی هەیە :
یەكەم : كۆمیانیا گەورەكان بەردەوام لە كێبڕكێی یەكتریدا دەبن بۆ ئەوەی تەكنەلۆجیای تازە بەرهەم بهێنن و پارەی زۆر پەیدا بكەن .
دووەم : خوێنكارەكانیش هەمێشە لە كێبڕكێی یەكتریدادەبن و هەوڵ دەدەن زیاتر و زیاتر فێری عیلم و زانست ببن و بە زوویی كاریان دەست كەوێت پارەی باش بەدەست بەهێنن و ژیانێكی شایستە بۆخۆیان دەستەیەر بكەن . كەواتە ئەم دوو جۆرە كێبڕكێیە دەچنە خزمەتی گەشە كردن و پێشكەوتنی كۆمەڵگاوە .
پڕۆسەی خوێندن هەر لە قۆناغەكانی سەرەتاییەوە تا دەگاتە قۆناغی زانكۆ و خوێندنی باڵا ، بە تەواوی سەر بەخۆیە لە هەموو دەست تیوەردانێك .
پڕۆسەی خوێندن لە وڵاتە پێشكەوتوەكان بە جۆرێك بەرنامەی بۆ دانراوە كە نەوەیەكی تازە پێ بگەیەنن كە تەواو شارەزابن لەو بوارانەی هەڵی دەبژێرن بۆ ئەوەی بتوان بەشداربن لە بنیاتنان و پێشكەوتنی وڵاتدا . ئەو كەسەی قۆناغی زانكۆ یان خوێندنی باڵا تەواو دەكات بە مانای وشە دەبێتە كەسێكی شارەزاو لێهاتو و بنیاتنەر .
خوێندن لە هەرێمی كوردستاندا
لە هەرێمی كوردستان حكومەت بەمانای خۆی نییە و حیزب ڕوڵی حكومەت دەبینێـت . حیزبیش هەرچی لە خزمەتی خۆیدابێت ئەوە دەكات . حیزب دەستی خستۆتە ناو هەم و دام و دەزگاو سێكتەرەكانی كارگێڕییەوە . بەو هۆیەوە نە یاسا سەروەرە . نە پەڕلەمانتار ڕۆڵی هەیە لە بڕیارداندا . نەوەزیر دەسەڵاتی خۆی هەیە . واتە هیچ شتێك لە شوێنی خۆیدا نیەو هیچ كارێك بە بەرنامە ناكرێت .
زانكۆكان بونەتە بارەگای مەڵبەندی یەكێتی و لقی پارتی . زوربەی مامۆستاكان ڕۆڵی كادیری حیزبی دەبینن . لە زانكۆكانی كوردستاندا پسپۆڕی و شارەزایی و ئاستی زانست نابنە پێوەر بۆ ئەوەی پلەی وەزیفی پی َبەرزبكرێتەوە . ئەگەر ئەندامی حیزب نەبی ، فەیلەسوفیش بیت بایەخی نیە.
بە دەیان مامۆستای زانكۆ هەیە بە نامەی بەرپرسێك بە قبوڵ خاس لە زانكۆ وەرگیراوە . بە قبوڵ خاس ماستەرو دكتۆرای وەرگرتوە . زوربەی ئەو مامۆستایانە نامەی ماستەرو دكتۆراكەشیان بۆ نوسراوەتەوەو هەشیانە لە ماڵەوە مەكتەبەشی نییە . كەواتە دەبی َئەمانە چۆن مامۆستایەكی زانكۆبن و ئەوانەشی لەسەر دەستی ئەمانە پەروەردەبكرێ، چییان لێ دەرچێت .
هەندی لە مامۆستاكانی زانكۆ بە جۆرێك بونە كۆیلەی حیزبەكان لە پێناوی وەرگرتنی پۆستدا ، ئابڕوی مامۆستای زانكۆیان بردوە . ئێستا ئەم مامۆستا حیزبیانە بونە بەرپرسی مامۆستاكانی پێشوی خۆیان و زانكۆكان بەڕێوەدەبەن .
زوربەی مامۆستا شارەزاكان كە حیزبی نین لە زانكۆكان پشت گوی َخراون و هیچ بەرپرسیاریەتێكیان پی َنادەن . ئاستی زانست لە زانكۆكانی كوردستان لە بارو دۆخێكی زۆر خرابدایە . خوێنكارەكان تەنها ڕۆژگار بەڕێدەكەن تا بڕوانامەكە وەردەگرن . چونكە هیچ هیوایەكیان بە ئایندەی خۆیان نییە .
ئەم سیستەمی خوێندنە لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستاندا هەر خوێندكارەكانی بی َهیوا نەكردوە ، بە هەمان شێوە مامۆستا دڵسۆز و بە ئەزمونەكانیشی بی َئومید كردوە . مامۆستاكانی سەر بە حیزب پێویستیان بەوە نییە خۆیان ماندو بكەن و بەدوای زانستدا بگەڕێن چونكە حیزبی بونەكەیان زامنی هەموو شتێكیان بۆ دەكات و خۆماندوكردنی پێویست نییە .
مامۆستا غەیری حیزبیەكان و بە ئەزمونەكانیش سەیردەكەن هەرچۆنێك هەوڵ بدەن و چەند خاوەنی زانستی بەرزبن ، سودی نییەو ڕێگایان پێ نادرێت نەخشەو پلانی گونجاو دانین بۆ پێشخستنی زانكۆكان .
كەواتە ڕوحی كێبڕكی لەناو مامۆستاكانی زانكۆشدا نامێنێت ئەوانیش وەكو خوێندكارەكان تۆشی نا ئومێدی دەبن . مامۆستای حیزبی پێویستی بەزانست نییە . مامۆستای غەیری حیزبیش دەڵی هەرچی بیكەم حسابم بۆ ناكرێت .
دواجار لە نێوان بێ ئومێدبونی خوێندكاران و مامۆستایانی زانكۆدا ، خوێندن بە تەواوی بی َ بایەخ دەكرێت ، ئەوەش حكومەت لێی بەرپرسیارە .
ئەم بێئومێد بون و بێ بایەخكردنی خوێندنە هەر پەیوەست نییە بە قۆناغی زانكۆكانەوە،لە قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیش ، هەمان كێشەو گرفت هەیە . لەكوێ حیزبە دەستی هەبێت ، ئەویش وێران دەكات . بەڵام ئەوەت ئەنجامە خراپەكانی لە قۆناغی زانكۆدا دەركەوتوە .
كارەساتی گەورە هەر ئەوە نییە ئاستی زانست لە زانكۆكانی كوردستاندا زۆرنزمە ، لەوە خرابتر ئەوەیە كە دوای تەواوكردنی قۆناغەكانی خوێندن هیچ هیوایەك نییە بۆ دامەزراندن چ لە لایەن حكومەتەوەو چ لە بواری كەرتی تایبەتدا . دام و دەزگاكانی حكومەت فەرمانبەری زیادەیان هەیە و پڕە لە بندیوار . كەرتی تایبەت هەر نییە .
دەتوانم بڵیم بۆ ماوەی شەش ساڵیش دەبی َتاكە تاكە یان مناڵی بەرپرسەكان نەبێت كەس دانەمەزراوە . تەنانەت یەكەم و دووەم و سێیەمی زانكۆ و پەیمانگاكانیش شانسی دامەزراندنیان كەمەو هەموو ساڵێك خۆپیشاندان دەكەن و داوای دامەزراندن دەكەن . وەكو دەردەكەوێت تا چەندین ساڵی تریش ئۆمێدێك نییە بۆ دامەزراندن لە كەرتی گشتی و تایبەتیدا.
كەواتە حكومەت قۆناغی خوێندنی زانكۆی بە تەواوی بی َبایەخ كردوەو هیچ كەس ئومێدی بەوە نییە كارێكی دەست كەوێـت تەواوكردنی خوێندن و تەنها ئەوەیە بڕوانامەیەكی سەركاغەزی هەیەو لە بواری كردەییدا هیچ فێر نەبوەو ئەو تۆزەی فێرێشی بوە ، بە هۆی ئەوەی دانامەزرێت لە بیری دەچێتەوە .
حیزبەكان لە بری ئەوەی بەرنامەیان هەبێت بۆ دەستەبەركردنی ئایندەیەكی باش بۆ دەرچوانی زانكۆ و پەیمانگاكان و هەلی كاریان بۆ بڕەخسێنن ، خەڵكێكی زۆریان چەكدار كردوەو كراونە پاسەوان و باخەوانی بەرپرسان و بارەگا حیزبیەكان .
لە بری ئەوەی حكومەت بەرنامەی هەبێت كە خوێنكارێكی كۆلیجی پزیشكی كە خوێندنی تەواو كرد ، یەكسەر دایمەزرێنن لەبەر ئەوەی زۆرپێویستیان پێیان هەیە ، لە بری ئەوە بە هەزارن پاسەوان لە بەردەرگای بارەگا حیزبیەكان بە نەعلەوە دانیشتون و خەریكی گوڵەبەڕۆژە خواردنن و موچەی باشیشیان هەیە .
كەواتە خوێندكار هیچ ئارەزویەكی بۆ خوێندن نەماوە . چونكە حیزب خوێندنی بێ بایەخ كردوە . خوێنكار هەر ساڵ بەڕێدەكات و هیچ ئومێدێكی بە ئایندەی خۆی نییە.
كارەساتە گەورەو ترسناكەكە لێرەوە دەست پێ دەكات :
ماوەی چەندین ساڵە بەردەوام گەنجەكان وڵات جێدێڵن و بەرەو ئەوروپا دەكەونەڕێگا لە پێناوی ژیانێكی خۆشتردا . بەو هۆیەوە ژمارەیەكی زۆر لە كچان ماونەوەو شویان نەكردوە . ماوەی چەندین ساڵیشە دەرچوانی زانكۆ و پەیمانگاكان دانەمەزراون و لە كەرتی تایبەتیشدا شانسی كاركردنیان نییەو بێكار لە ماڵەوە دانیشتون .
ئەگەر بارودۆخ ئاوا بڕوات چەندین ساڵی تریش هەر بەم شێوەیە دەبێت . لەوانەیە تا ئێستا نزیكەی 200 هەزار هەر دەرچوی زانكۆ و پەیمانگاكان هەبن كە بەلانی كەمەوە نیوەیان كچن .
كەواتە ئەگەر سەرنج بدەین دوای 10 ساڵێكی تر ژمارەیەكی بێ شومار لە كچان دەبنە پیرەكچ و كورد واتەنی دەبێ لەماڵەوە پرچی سپی بهۆننەوە لە سایەی سەری دەسەڵاتی پارتی و یەكێتییەوە .
ئەمە لێرەدا ناوەستێت و تەواو نابێـت و كۆتایی نایەت . دواجار كێشەی كۆمەڵایەتی گەورەی بەدوادا دێت . كچ بچێتە دەرەوە قسەو باسی لەسەر دروست دەبێت . ئەگەر لە ماڵەوە بمێنێتەوە چ لەبەر قسەی خەڵك بێت یان نەبونی پارەوەبێت ، توشی نەخۆشی نەفسی دەبێت . دواجار ئەمانە هەموی دەبنە كێشەی دایك و باوك و كەس و كار و كۆی خەمی كۆمەڵگا . ئەمە كێشەیەكی ئێجگار گەورەیەو نامەوێت بچمە وردەكاری باسەكەوە .
ماوەتەوە ئەوەی بلێم: دایك و باوكی ئازیز . ئەی دەرچوانی زانكۆو پەیمانگاكان ، خوێندكارە ئازیزەكان كە ئایندەتان نادیارە . مامۆستایان و پزیشكان و گشت موچەخۆران و كەم ئەندامان و خانە نشیانی داماو كاتی ئەوە نەهاتوە بیرێك لە ئایندەی خۆتان و نەوەكانتان بكەنەوە ؟؟؟. ئەوەی بەسەر ئەم میللەتە هاتوە ئەنجامی حوكمڕانی 29 ساڵی یەكێتی و پارتییە ، لە ئێستادا بارودۆخی هەرێمی كوردستان لە هەموو كاتێك خرابتر و ترسناكترە .
كاتی ئەوە نەهاتوە هەمومان بەیەكەوە بەو دەسەڵاتدارانە بڵێین بەس نییە تاڵانكردنی قوتی ماڵ و مناڵمان . هەرێمێك بە 23 وەزیر و 111 ئەندام پەڕلەمانەوە نەتوانیت موچەی هاوڵاتیان دابین بكات ، باشتر نییە دەست بەرداری دەسەڵات ببن ؟؟ بۆچی وازمان لێ ناهێنن ، چیتان لێمان دەوێت و چی ماوە پێمان نەكەن .
ئەگەر هەر وەڵامیان نەداینەوە حەقی خۆمانە دەست بكەین بە خۆپیشاندانی ئاشتیانە . ئەگەر ئەوەش نەبوو بە چارەسەر حەقی خۆمانە دەست بەرین بۆ ڕاپەڕینێكی سەرانسەری چونكە چارەیەكی تر نامێنێت . ماوەتەوە ئەوەی بڵێم : هاوڵاتیانی ئازیزو خۆشەویست : هیچ كەسێك بە دیكتاتۆری لە دایك نابێت ، ئەوە بێدەنگی من و تۆیە دیكتاتۆر دروست دەبێت . كە دیكتاتۆریش دروست بوو ، بە ئاسانی ناڕوات .
ئەوانەی دزی و تاڵانی دەكەن ، ناتوانن چارەسەری دزیكردن بكەن . تەنها ڕێگا ئەوەیە ئەو دزانە دوور خەیتەوە . ئەوانەی فێری دزیكردن دەبن ، هەرگیز ناتوانن دەست بەرداری دزیكردن ببن بە خۆشی .
ئەگەر ئێوە بیرێك لە خۆتان و كەس وكار و نەوەكانتان نەكەنەوە ، هەرگیز چاوەڕوانی لە هیچ كەسێكیش مەكەن بیر لە ئێوە بكاتەوە . ئەگەر ئێوە خۆتان لە خەمی خۆتان نەبن ، چاوەڕوانی ئەوەش مەبن هیچ كەسێكی تر لە خەمی ئێوەدا بێت
.
كەواتە كاتی ئەوە هاتوە پەردەی بێدەنگی بدڕێنن و بێنە دەنگ و داوای مافی زەوت كراوی خۆتان بكەن . ئەگەر ئەم بارودۆخەی ئێستاشتان بەدڵە پیرۆزبایتان لێ دەكەم . سەری خۆتان كزبكەن و وەكو جاری جاران باری خۆتان بەرن.
12/5/2020