Draw Media

وروژاندنی لامەرکەزی دەرفەتێك بۆ پرسێکی گەورەتر؟ 

وروژاندنی لامەرکەزی دەرفەتێك بۆ پرسێکی گەورەتر؟ 

2020-05-15 09:13:51


 ئەبوبەكر كاروانی

لامەرکەزی لە چوارچێوەی قەوارەی دەستوریی هەرێم و بەوجۆرەی ئەمشەو پارێزگاری سلێمانی کاك د.هەڤاڵ خستیە ڕوو، نەك هیچ مەترسیەكی تێدا نیە، بەڵکو پێویستییەکی نوێ بوونەوەی کارگێڕی و قوڵکردنەوەی بەشداری هاوڵاتیان و باشترکردنی خزمەتگوزاریەکانە. ئەوەی گومانی بەدەوری پڕۆژەکەدا هەڵچنیوە، خستنە ڕوویەتی لەسەردەمی  قەیرانی سیاسی و دارایی ئێستای هەرێم و بێ متمانەیی نێوان هێزەکان و بەتایبەتیش لە نێوان پارتی و یەکیەتی دا. خستنە ڕووی پڕۆژەکان لە دۆخێکی لەم جۆرەدا ئەگەری لە بارچوون و بە وەرەقەی سیاسی کردنیان چەند قات دەکاتەوە. پوختەی قسە لێرەدا بۆ ڕەواندنەوەی گومانەکان و سەرخستنی ئەم داخوازیە ڕەوایە ئەوەیە کە، کارکردن بۆ بەدیهێنانی بخرێتە چوار چێوەی پڕۆژەیەکی نیشتمانی گەورەتر لەمە بۆ دوبارە بیناکردنەوەی کۆی سیستمی حوکومڕانی و دام و دەزگاکانی هەرێم و خودی مەرکەز کە بە مانای وشە نیمانە و هەرێم بە دەست فرەمەرکەزی واتە فرەدەسەڵاتیەوە دەناڵێنێت. ئەوەش لەڕێی ئەم خاڵانەی خوارەوە:

١- یەکخستنەوە و دوبارە بیناکردنەوەی ئەو هێز و دام و دەزگایانەی نابێ ناوچەیی و حیزبی بن و پێویستە لەلایەن دەسەڵاتێکی ناوەندیی هەرێمەوە سەرپەرشتی بکرێن. لەوێنەی هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایش.

٢- بیناکردنەوەی بیرۆکراتیەت و پێناسەکردنێکی وردی پلەی وەزیفی و بەرزکرنەوەی فەرمانبەر بە گوێرەی پێوەرە وەزیفیەکان لە خوار بریکاری وەزیرەوە و دەرهێنانی فەرمانگە کارگێڕیەکان و زانکۆ و پەیمانگاکان لە دەستی مەڵبەند و لقە حیزبیەکان.

٣ سازان لەسەر ڕەشنوسی دەستوری هەرێم و پەسەندکردنی لەڕێی ڕاپرسی گشتیەوە، بۆ ڕێکخستنی کۆی ژیانی سیاسی هەرێم و بەدەستوری کردنیان و دەستەبەرکردنی زەمانەتی دەستوری بۆ:

١- یەکێتی خاکی هەرێم
٢- بێ لایەنی و بەنیشتمانی کردنی پێشمەرگە و ئاسایش و دەزگا هەواڵگریەکان و هێزە چەکدارەکان بە ناونیشانە جۆراو جۆرەکانیانەوە.

٣- لامەرکەزیەتێکی ڕاستەقینەی کارگێڕی کە لەئاستێکدا
لامەرکەزیەتی دارایش دەخوازێت و بێ ئەو واتای نابێت.  بەم جۆرە ئەم پرسە دەبێت بە دەرفەتێ بۆئەوەی لە ماوەی ساڵێك بۆ دوو ساڵدا دۆخێکی نوێ بێتە کایەوە و مەرکەزێکی هاوبەشی ڕاستەقینەمان هەبێت و لە فرە مەرکەزی ڕزگارمان بێت و لامەرکەزیەتێکی کرداریشمان بۆ فەراهەم بێت.
تا ئەو کاتەش لەڕێی وەگەڕخستنی هەندێ یاساو دەرکردنی هەندێ پەیڕەو و ڕێنمایی پێویست بەشێ لە دەسەڵاتەکان بەکردەوە شۆڕ بکرێنەوە و بدرێن بە پارێزگار و یەکە کارگێڕیەکان لە ئاستی پارێزگاکاندا. لەوەش زیاتر دەڵێین: ئەوەی سەرەوە لە گەڵ شەفافکردنی سەرچاوەکانی داهاتوو کۆتایی هێنان بە تاڵان لە بەرگی گەندەڵیدا پێشمەرجن بۆ ئەوەی هەرێم لە هەندێ چارەنوسی نەخوازراو ڕزگاربکرێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand