بڕیارێكی سەخت كەنارێكی ئارام
2020-05-14 16:53:09
لەتیف فاتیح فەرەج
1
هیچ هیوایەك بە دیناكرێت ، پێكهێنەرەكانی حكومەتیش لە سەرۆكی حكومەتەوە تا خوارەوە ناتوانن كەمترین هیوا بە خەڵك ببەخشن ، كوردستان بە دەست كۆمەڵێك خەڵكەوە كە هەر خۆیان و دەورو بەرەكەی خۆیان دەبینن و كەسی تر نا دەناڵێنێت ، ئەوە جگە لەو هەموو نەیاری و سوكایەتیەی بەیەكی دەكەن و هەموو بەیەك دەڵێن خائین و خۆ فرۆش و دزو گەندەڵ ، دۆخێكیان دروستكردووە كە مرۆڤ توانای جیاكردنەوەی جوان و ناشرین ، پاك و پیسی نیە ، كوردستان لە كەناری كەوتنایەو ئەو گروپە كەمەی هەرەمەكەش كە لە نەوەت و یەكەوە دەخۆن و دەبەن و دەسەڵات لە باوكەوە بۆ كوڕو لە غەزورەوە بۆ زاوا و هتد دەگوازنەوە ، ئامادە نین ئەوەی بردویانە ، لانی كەم نیوەی بگێڕنەوە ، خەڵكی كوردستانیش بەشێكی زۆری لە كەناری كەوتنایە ، كەسیش متمانەی بە بانكەكان نیە تا لانی كەم پارەی ماڵەكان ئەوەی هەیە ببرێتە بانكەكان و سوڕی ژیان ئاسای بێتەوە .
نەبوونی متمانە بە بانكەكانی كوردستان نەبوونی متمانەیە بە دەسەڵات ، سەیرە دەسەڵات لەم پەیامە تێناگات .
2
كوردستان چوار پارێزگاو دوو ئیدارەی سەربەخۆو چەندین قەزاو ناحێیە ، كۆی دانیشتوانی هەرێم ناگاتە 5 ملیۆن كەس ، ژمارەیەكی بەرچاو موچەخۆری ناوچە دابڕێنراوەكان كە من بە دەقیقی نازانم چەند موچەیان لە سەر هەرێمە ، بە دانپیانانی نەیارەكانی لامەركەزی ئیدارەی سلێمانی و هەڵەبجەو گەرمیان و راپەڕین مانگانە 400 ملیۆن دۆلاری ئەوێ ، هەموو كوردستان بە گشتی نزیكەی 900 ملیۆن دۆلار ، لە راستیدا ئەگەر سیستەم رێكبخرێتەوە ، باج و گومرگ رێكبخرێت ، موچە دادگەری تیا بكرێت ، سنوری سلێمانی و هەڵەبجەو راپەڕین و رانیە مانگانە دەتوانن لەو پارەیە زیاتر داهات دەستەبەر بكەن ، نەك وەك ئەوەی نەیارەكان دەڵێن وێران دەبێت ، ئەمە بۆ هەولێرو دهۆكیش وایە ، كێشە ئەوەیە ئەم دەسەڵاتە توانای لێپرسینەوەو چاكسازی ریشەیی نیە ، ئازایەتی ئەوەی نیە جەردەو چەتەوگەندەڵەكان دادگای بكات ، بەڵام چەتەو جەردەو گەندەڵ و مافیاكان كێن ، ئەوە پرسیارەكەیە ؟.
3
چەند ساڵ لەمەوبەر بە شانازیەوە باس لەوە دەكرا كە كوردستان لە سایەی خۆ بەڕێوەبەریدا خاوەنی چەندین ملیاردێری دۆلارو هەزاران ملیۆنێری دۆلارە ، دەیانووت پێنج هەزار ملیۆنێری دۆلار هەیە گریمان ئەوانە هەر یەكەو یەك ملیۆن دۆلاریان هەیە ، دڵنیام ئەو ژمارەیە ئێستا زیادی كردووە ، ئەگەر هەر یەك لەوان یەك ملیۆن دۆلار بخەنە بانقەكانەوە ، هەرێم دەبێتە خاوەنی پێنج ملیار دۆلار ، كە نایكەن ئێ دیارە هۆیەكە ئەوەیە هەموو ئەوانە زۆربەیان ئەوانەی ناودەسەڵات و دەسەڵاتدارانی پێشوون ، واتە بێئارەق ئەو پارەیەیان كەڵەك كردووەو نایدەنەوە بە خەڵك ، خۆ گەر نیوەی ئەو پارەیە بگەڕێتەوە هەرێم بۆ ماوەی شەش مانگ نەپێویستی بە فرۆشتنی نەوتە نەبە پارەی بەغدا ، راستی با نەدرۆ لە گەڵ میلەت نەلە گەڵ بە غدا بكرێت ، هەموو ئاماژەكان باس لەوە دەكەن كە شەڕی سەرەكانی دەسەڵات و كورسی پەرستەكان رێگرن لە چاكسازی و چارەسەری كێشەكان و كەس ئازایەتی ئەوەی نیە بڕیاری یەكلاكەرەوە بدات .