ووردە باس
2020-05-14 13:34:39
پشکۆ ناکام
* هیچ شتێک ئەوەنە نامهێنێتە پێکەنین بەقەد ئەوەی کە باس لە یەک ریزی کورد ئەکرێ بە تایبەتی لەلایەن بنەماڵە و پارتی پاشکۆیەوە کە بەردەوام دوای هەر خروقات و فەزیحەیەکی سیاسی و نیشتمانیی دەست ئەکەن بە لێیانی دەهۆڵی یەک ڕیزی بۆ لەبیربردنەوی فەزیحەکەیان ، ئاخر تۆیەک کە هەرچی داەاتی ووڵاتە بەتاڵانت بردوە و بۆت بکرێ چەم و جۆگە و دارستانەکانیش ئەفرۆشی و پارەکەی ئەخەیتە تەنکەی باخەڵتەوە داوای یەک ڕیزی لەخەڵک ئەکەیت ؟!!یەک ریزی تاک لایەنی؟ یەکریزی بەتاڵان بردن و دزینی قووتی خەڵک ؟ یەک ریزی بەگژا چوونی پارچەکانی تری کوردستان ، ؟ یەک ریزی وێران کردنی ئابووری کوردستان؟ تۆ بە کام رووی سیاسی و کۆمەڵایەتیشەوە داوای یەک ریزی ئەکەی لە کاتێکا لە بەغا جگە لەسەنگەری پەرژەوەنی بنەماڵەیی و حیزبی هیچ سەنگەرێکی ترت نیە ، تۆیەک کە ئامادەی لەسەر دانەنانی وەزیرێکی کۆیلەی بنەماڵەکەت دونیا وێران بکەیت" دیارە هەر بە قسە" و ئامادە نەبیت نەوت رادەستی ناوەند بکەیت ومیللەت و مووچەو بژێوی خەڵک بخەیتە ژێر پێتەوە ، چۆن داوای یەک ریزیم لێ ئەکەیت ؟ رەنگە هەندێ بۆچوونت هەبێ زەمانی رایات و گەڵاڵە بیخواردایە بەڵام ئێستا ناخوات وئەو چکلێتە با هەر لە گیرفانتا بێ و دەریمەهێنە و ووریابە تێکەڵی دۆلارەکان و نەوتاویی نەبێ .پێوەری یەک ریزی نیشتمان پەروەری و ئینسان دۆستیە ، سەیرێکی خۆت لە ئاوێنەی مێژوو بکە بزانە ئەو پێوەرانە تۆ ئەگرێتەوە؟!ئەوەی داوای یەک ریزی ئەکا ئەبێ جیاوازی نێوان ئاشبەتاڵ و هەرەس ، داگیرکەر و دۆستی بنەماڵە ، دزی و خێر ، خۆسەپێنەر و هەڵبژێراو ، تەزویر و سەرکەوتوو بزانێ تا جێی متمانەی خەڵک بێ لەو یەک ریزییە ، یەک ریزی زەرورەتێکە بۆ دانانی میللەت لە پلەی یەکەما ، کە بنەماڵە چووە پلەی یەکەم یەک ریزییەکە خزمەت بە بنماڵە ئەکات نەک میللەت ، ئەو جۆرە یەک ریزییەش لای میللەت مەرفوزە و سەرچاوەیەکیشە بۆ خەو بینین بە یەک ریزییوە..منێک خەڵکی شارێک کە زیاتر لەدووسەد ساڵە خوێنی لێئەتکێ ..فرمێسک ئەرێژێ ، ویران و کاوول ئەکرێ ،، ئابڵۆقەی لەسەر دائەنرێ ، بۆ لەگەڵ بنەماڵەیەک یەک ریزبم کە بەتەنگ مێژووی پڕ شکۆی شارەکەمەوە نەیەت ،بۆ؟
* کۆرس لە گۆرانیا ئەو کەسانەن لە پشت گۆرانی بێژەوە کۆپلەی گۆرانییەکە وەک خۆی ئەڵێنەوە و هونەرێکی باوە ، بەڵام کە لە سیاسەتا کۆرس هەبوو مەسەلەکە ئەگۆڕێ وەک ئەوەی لە گاڵتەجاڕی پارلەمانە کارتۆنییەکەی هەولێر دیمان کە چۆن کۆرسێک بەناوی " کۆتا کورسییەکانی پێکهاتەکان" رێک ئەوەی بنەماڵە و پارتی ویستیان ئەوانیش بێ کەم و زیا هەمان کۆپلەیان ووتەوە ،!! ئاخر کەسێک بە سێسەد دەنگی تەزویر بکرێتە کۆرس لە پارلەمانا چ مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر دیموکراسی و سەربەخۆیی بیرکردنەوە و بریاریان ، جا بنەماڵە کە خۆیان بە تەزویر لە پارلەمان زۆرینەن ئەم کۆرسەش بەتەزویری ئەوان چونەتە پارلەمان بەڵام وەک کۆرس لە ریزی پشتەوە ئەبێ چ مەهزەلەیەک لەو پارلەمانە ڕووبات ؟ گەر دیموکراسی بە غەڵەت خۆی پیا کرد شکم نیە خۆی ئەکوژێ.. خۆ سبەی بنەماڵە بریاری ئەوەی هەرێم بخرێتە سەر تورکیا بخاتە پارلەمانەوە بە هەمان دەنگی گروپی کۆرس تێئەپەرێنرێت..یان سیستەمی پاشایەتی/ بنەماڵەیی بخرێتە دەنگ یانەوە بە هۆی گروپی کۆرسەوە جارێکی تریش ڕووی مێژوو و دیموکراسی ڕەش ئەکەنەوە ، پارلەمانێک خۆی کارتۆنی بێ ، ئەو گروپی کۆرسەش جگە لە "کاغەز" چی تر نیە لەناو ئەو کارتۆنەیا..
* جوزەلەژەن و شایەرەکانی دەسەڵاتی هەرێم ئەوەنە بە هاتنەکایەی مەسەلەی لامەرکەزی بۆ سڵێمانی سەغڵەت بوون کە جار و بار قسەی زۆر عەنتێکە ئەکەن وەک: پاراستنی یەک پارچەیی خاکی هەرێم وەک ئەوەی تاپۆی ئەم خاکە وا لە قاسەکانی بنەماڵە و لەگەڵ داهاتی نەوتا هەڵگیراوە !! تێناگەم ئەی هەر هەمان خاک نیە کە پڕ کراوە لە سوپای تورکی؟ هەر هەمان خاک نیە کە سی و یەکی ئاب کرا بە میوانخانەی سوپای بەعس ؟ هەر هەمان خاک نیە لە ریفراندۆمی جوانەمەرگا تا پردێ رایان کرد دۆست و ئاشنا نەبونایە هەولێر ئەخرایە سەر مادەی سەد و چل..
کە دوو برا لەیەک ماڵا ئیدارەیان نەکرد پێکەوە ئەبێ هەر یەکەیان ماڵی خۆی هەبێ ، جا ئێمە کە" برا"ش نین بۆ ئەبێ هەر لە یەک ژوورا بین کە بە درێژایی مێژوو هەوڵ دراوە و هەموو ئەگەرەکان تاقی کراونەتەوە و سەرئەنجام هەر بە ڕێک (نە) کەوتن تەواو بوە ، ئێمە لەسەر قسەکەی سەرۆکی بنەماڵە کە ووتبوی : ئێمە لە ماڵی خۆمان و ئەوانیش لە ماڵی خۆیان ئەڵێین : زۆر سوپاس ئەزبەنی بۆ ئەو ئامۆژگاریە و بۆ یەک جار بەقسەت ئەکەین و ئێمە ئیتر لەماڵی خۆمانا دائەنیشین و بە لامەرکەزییت ئەسپێرین....