Draw Media

زبڵخانەی سیاسی

زبڵخانەی سیاسی

2020-05-12 07:47:50


پەیكار عوسمان

(٢)

- من ناڵێم لە ستەم و فەسادو خراپەکارییدا، حیزبەکان یەکسانن و ئەوانیتریش بەقەت پارتی و یەکێتیان کردوە. بەڵکو ئەڵێم ئەوان هەموویان هاوبەشن لە "عەقڵیەتی ئەوی شەیتاندا"، کە هەرگیز منێکی باشی لەسەر دانامەزرێ!
من ناڵێم (قەڵەمفرۆشێك و قەڵەمتووڕەیەك) لە ویژداندا یەکسانن. ویژدانی ئەم دووانە ئەسڵەن بەراورد ناکرێ. من تەنیا ئەڵێم ئەم دووانە هەردوکیان شەریکی "دۆخی ڕقن"، کە پێش هەر شتێ لە ویژدان ئەدا، ئینجا لە سیحری قەلەم و وشە!

- زمانی ڕەخنە نە چەکوشەو نە گوڵ، زمانی ڕەخنە زمانی ڕەخنەیەو تەواو. زمانی ڕەخنەش هەر ئەوەیە کە بڕێك تۆلێرانسی تێدایە. ئاخر ئەگەر لەپاڵ ڕەگەزەکانی تردا، تۆلێرانس یەکێ لە پێکهاتەکانی ڕەخنە نەبێت، ئیتر ڕەخنە جێناگرێ و نابێتە کەرەستەی چاککردن. ئەبێتە کەرەستەی شەڕو شەڕیش ئەبێتە دۆخی خراپتربوون.

- زمانی گوڵ زمانی موجامەلەو مانەوەی دۆخەکەیە وەکو خۆی. زمانی چەکوشیش هەر زمانی مانەوەو قوڵکردنەوەی ئەوەیە کە هەیە.
ئاخر دنیاکە خۆی دابەشبووەو تۆ بەردەوام دوو بەرەت هەیە، کە قسە بە یەکتر ئەڵێن. لەم چەکوشکارییەشدا هەرچی بڵێ ی جێناگرێ. چونکە لەوێدا زمانی شەڕ ئیشئەکا. ئەوەشی لە شەڕدایە، ڕاستیی بۆ گرنگ نیەو بردنەوەی بۆ گرنگە. پێشوەخت بڕیاری خۆی داوەو تا چەکوشیشی لێدەیت، ئەو سورتر ئەبێ لەسەر بڕیاری خۆی ئەگەرچی هەڵەشبێت.
یەعنی لێرەدا تۆ ئەگەر ڕاستیش بیت، هیچ خزمەتێکی ڕاستی ناکەیت، چونکە ئەو ئەکەیت بە بەرگریکارێکی سەرسەخت لە ناڕاستی!

- لە ڕقەبەرایەتیدا، ڕاستی و ناڕاستیی یەکسان ئەبنەوە. لەو یەکسانبوونەوەیەشدا ئەوەی کە ئەدۆڕێ هەر ڕاستییە. دەی خۆ ناڕاستی نایەوێ ببێ بە شتێکی جیاو بەرزتر لە ڕاستی. تەنیا ئەیەوێ یەکسانببێتەوە بە ڕاستی. لە ڕقەبەرایەتیشدا ڕێك ئەوە ڕووئەدا!

- ئێمە کێشەی ڕاستگۆمان نیەو زۆر کەس ڕاستگۆن و ڕاستییەکان ئەڵێن. ئەسڵەن ڕاستییەکان ڕوونن و هەموومان ئەیبینین و ئەیڵێین. بەڵام کێشەکە ئەوەیە، ئێمە ڕاستی ئەبەینە دۆخی ڕقەوەو شەڕو ڕقەبەرایەتی پێئەیکەن، ئا لەوێشدا ئیتر ئێمە بە ڕاستگۆو درۆزنەوە هەموومان هەر خەریکی لێدانی ڕاستیین!

- (کە زلەیەکیان دا لەملات، ئەولاشیان بدەرێ) عیسا لەم قسەیە مەبەستی لێبوردەیی نەبوو. ئەو تەنیا ویستی بڵێ، لە شەڕو ڕق و کاردانەوەدا، ڕاستی ونئەبێ و ڕاستیش خۆی ئامانجە باڵاکەیەو بەهەر نرخێکبێ، نابێ بیەڵین لێمان ونببێ!
بەڵام ئێمە یەین ڕاستیی ئەخەینە ڕقەبەرایەتییەوەو وائەزانین شەڕ بۆ ڕاستی ئەکەین. لەکاتێکا ڕاستی هەر ئەوەی لێمان ئەوێ کە نەیخەینە ئەوێوە!
ئێمە هەمیشە "مەزڵومیەت" ئەکەینە پاساوی ڕق و کەرەستەی ڕقەبەرایەتی. لەکاتێکا خودی مەزڵومیەت لە ڕقدا ئەبێتەوە بە ستەمکاریی!

- ڕاستیی لە ئازادیدایەو ئازادیش پێش هەرشتێ، ئازادبوونە لە ڕق. عیساش کە وتی لاکەی تری بەرێ، مەبەستی ئەوەنەبوو کە تەسلیمی ستەمی ئەوبیت، مەبەستی ئەوەبوو کە تەسلیمی ڕقی خۆت نەبێت. ئاخر تۆ لە ڕقی خۆتەوە ئازادی لەدەست ئەدەیت، نەك لە ستەمیی ئەوەوە. تۆ لەکاردانەوەکەی خۆتەوە ئەبیتە دیل، نەك لە کارەکەی ئەوەوە.

- کاردانەوە ڕێك ئەو ساتەیە کە عەقڵی تیا نیە، عیساش مەبەستی ئەوەنەبوو کە هیچ نەکەیت. مەبەستی ئەوەبوو سەرەتا بوارێکی عەقڵ بدە بۆئەوەی دواتر کردەکەت ئازادانەبێ و بۆ ڕاستی بێت، نەكئەوەی بۆ ڕق و کاردانەوەبێ و ڕاستی تیا ونکەیت.

- زمانی ڕەخنە زمانێکە لە سەرو زمانی شەڕەوە، پێش هەرشتێ ئەو پەیامە ئەدا بە بەرامبەر، کە تۆ شەڕی لەگەڵ ناکەیت، ئیتر یارمەتی ئەویش ئەدەیت کە عەقڵی شەڕ فڕێداو لە شوێنێکی ترەوە بێتە ناوەوەو گوێت لێبگرێ. ڕاستییش لەو گوێگرتن و گفتوگۆیەدا ڕوونئەبێتەوە نەك لە چەکوشکاری و شەڕدا. شتەکانیش لە ڕاستییەوە چاكئەکرێنەوە نەك لە ڕقبازی و سەرکەوتنی ئەمو بەزاندنی ئەودا.

- جا ئەم زمانەی کە باسی ئەکەم، ڕێك ئەو زمانەیە کە تاك و گروپە ناکۆکەکانی ئێمە نیمانە، بۆیە گۆڕی ڕاستیی هەمیشە ونەو گوێگرتن و لێکتێگەیشتن هەرگیز ڕووناداو جیاوازییەکانیش هەر ئەبنەوە بە هیچ و بە ڕق و بە لێکچوون.

- ڕاستی خۆی ئامانجەو باری ئێمەش بۆیە خوارە، چونکە ئەیکەین بە وەسیلە. لایەك ڕاستی ئەشارێتەوەو ئەیکاتە قوربانی دەستخستنی بەرژەوەندی. لایەك ڕاستی ئەڵێ بەڵام ئەیکاتە چەکی ڕقەبەرایەتی و شەیتاندنی ئەو. هەردوکیشیان ئەیکەنە قوربانی شەڕی زاڵێتی و بردنەوەو دۆڕان.
دەی چاکبوون لەناو ڕاستیدایەو ئێمەش بە هەموومان لە ڕاستی ئەدەین بۆیە هەر خراپی ئەکەین. دەی سیاسەتی ئێمە ڕێك شوێنی ڕقەو ڕقیش ڕێك شوێنی لێدانی ڕاستییە، بۆیە سیاسەتی ئێمە زبڵخانەیە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand