چی لە کورسیی کەمینەکان بکەین.
2020-05-11 20:15:14
رێبوار عەبدولڕەحمان
چەند رۆژی رابردوو قسەو باسێکی زۆر دەربارەی کورسیی کەمینەکان لەپەرلەمانی کوردستاندا کرا، لەهەندێک وێستگەدا قسەکردنەکە گەیشتە ئەو ئاستەی کە باس لەبەکارهێنانی ئەو کورسییانە کرا لەبەرژەوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان.
ناکرێت نکۆڵی لەمافی کەمە نەتەوەکان بکرێت لەکوردستاندا، پێویستە لەهەموو دام و دەزگایەکی رەسمی و دەوڵەتیی مافیان پارێزراوو رێزلێگیراو بێت، نابێت پاش هەڵوێستێک، یان هاوپەیمانێتی لیستێک یان نوێنەرێکی کەمینەکان لەگەڵ حزبێکی دیاریکراو، ئەو راستییە لەبیر بکرێت.
ئەوەی ئێستا پێویستە لایەنە سیاسیەکانی تر، بەتایبەتی ئەوانەی لەحکومەت بەشدارن کار لەسەر ئەوە بکەن کە نوێنەری کەمینەکان لەناو پەرلەماندا بەراستیی نوێنەرایەتیی خەڵکی خۆیان بکەن و نەبنە بەشێک لە ناکۆکی و ململانێ سیاسیەکان، ئەوەی گرنگە بەداتا و ژمارە یەکلابکرێتەوە ژمارەی راستەقینەو مەشروعی کورسیی کەمینەکانە لەکوردستانداو بۆ ئەمەش دەکرێت حزبەکانی تری ناو حکومەت هەنگاوی عەمەلی و جددی بنێن، بەتایبەتیش یەکێتی.
چارەسەری ئەو کێشەیە رەنگە کارێکی سەخت نەبێت لەئێستادا، بەتایبەتی کە زیاتر لە ٢ ساڵ ماوە بۆ هەڵبژاردنێکی تری پەرلەمانی کوردستان.
ئەگەر یەکێتیی بەراستیی سوود لە تەزویر نابینێت لەهەڵبژاردنەکاندا، ئەوا ئێستا وەزارەتی پلاندانان بەدەست ئەوانەوەیەو دەتوانن فشار بکەن و جیاواز لەعێراق لەماوەی ئەم دوو ساڵەدا لەهەرێمی کوردستان ئامارێکی گشتیی بکرێت و بەوەش سەرلەنوێ کورسییەکانی پەرلەمان دەستکاری بکەن و لەنێویشیاندا کورسیی کەمینەکان، ئەگەر زیاد بوو، لێی کەم بکەنەوەو ئەگەر کەمیش بوو بۆیان زیاد بکەن.
ئەنجامدانی ئامارێکی گشتیی دانیشتوان لەکوردستان زۆر سوود بە پرۆسەی هەڵبژاردن دەگەیەنێت، جگە لەوەی ئەم بابەتە جێ مشتومڕەی ئێستا یەکلادەکاتەوە، ئەوا دەتوانرێت تۆمارەکانی دەنگدانیشی پێ پاک بکرێتەوە.
جگە لەهەموو ئەمانە، گلەیی کردن لە کەمینەکان لەم کاتەدا لەجێی خۆیدا نییە، چونکە کەمینەکان بەدوای ئەو لایەنەدا دەگەڕێن کە بەشداری دەسەڵاتیان پێ بکات و لەپاڵیدا لەدڵنیاییدا بژین، ئێستا پارتی ئەو کەشوهەوایەی بۆ رەخساندوون تەنانەت ئەگەر بەروخساریش بێت.
دەبێ لایەنەکانی تر راستگۆ بن لەگەڵ خۆیان، ئایا ئەگەر پۆستی سکرتێری پەرلەمان بەر یەکێتی بکەوتایە، ئامادەبوو بەسەر کادیرێکی خۆیدا مەسیحیەک یان تورکمانێک بکاتە سکرتێری پەرلەمان؟ یان ئەگەر هەمان پۆست بەر بزووتنەوەی گۆڕان بکەوتایە، ئامادەبوو کەسێک لەکەمینەکان بێنێت و بیخاتە ئەو پۆستەوە؟ بەڵام پارتی لەبەرژەوەندی خۆی، بەسەر ئەو هەموو کادیرەی خۆیدا تورکمانێکی لەکەمینەکان کردووەتە سکرتێری پەرلەمان، کەواتە بەم هەنگاوە روکەشەش سۆزی تەواوی کورسی کەمینەی تورکمانی بەلای خۆیدا رادەکێشێت، لەپشکی خۆی وەزیرێکی مەسیحی داناوە (گەرچی دەوترێت بەرپرسی ناوچەی پارتی بووە)، بەڵام بەم هەنگاوە سۆزی هەموو کورسی کەمینەی مەسیحی راکێشاوە.. ئێستا کاتیەتی ئێوەش ئەم سیاسەتە بەکاربێنن.