بۆ یەکێتی و گۆڕان ، لەبارەی کورسی کۆتاکانەوە
2020-05-10 12:35:51
بێستون فایەق
ئەوەی هەموو خولێکی هەڵبژاردن پارتی کادری خۆی لە رێگەی پێکهاتەکانەوە دەنێرێتە پارلەمان کەلێنێکی گەورە و زۆر رونی یاسای ژمارە یەکی هەڵبژاردنی پارلەمانی کوردستانه کە ساڵی ١٩٩٢لە سەرەتاکانی دەست بەکاربونی خولی یەکەمی پارلەمانی کوردستاندا پەسەند کراوە و لە خولەکانی دواتردا چەندین جارهەموار کراوەتەوە ، لە بنەڕەتدا ئەم ١١ کورسیە بەم میکانیزمەو بەم جۆرەی ئێستا پلانێکی وردی تەکنیکی و یاسایی بوە لە بەرژەوەندی پارتی نەک بۆدەستەبەری مافی پێکهاتەکان ، ئەگەرچی یاساکە ١١ کورسی وەک سیستمی کۆتا بۆ پێکهاتەکانی تورکمان و مەسیحی و ئەرمەن دیاری کردوە و تەنها هاوڵاتی ئەو پێکهاتانە دەتوانن کێبڕکێی لەسەر بکەن بەڵام گرفتەکە ئەوەیە رێگەی لەوە نەگرتوە دەنگدەری دەرەوەی ئەو پێکهاتانە دەنگ بە کاندیدی پێکهاتەکان بدەن .
پێکهاتەکانی کوردستان مافی تەواوی بەشداری سیاسی و بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستانیان هەیە ، لە پێشدا پێویستە هەوڵ و هەنگاوی یەکەمی هەموو لایەنەکان بەتایبەت یەکێتی و گۆڕان هەموارکردنی ئەم یاسایەو گەڕانەوەی ئەو کورسیانە بێ بۆ نوێنەری راستەقینەی ئەو پێکهاتانە خۆیان ، بە جۆرێک بە رەچاوکردنی ژمارەی دانیشتوانی هەموو پێکهاتەکانی کوردستان بەوانەشی کە ئـێستا کورسیان بۆ دیاری نەکراوە ژمارەی کورسی پێکهاتەکان کەمبکرێتەوەو لە رێگەی جیاکردنەوەی تۆماری دەنگدەرانی پێکهاتەکانەوە پرۆسەی هەڵبژاردن و دەنگدانی پێکهاتەکان لە بازنەیەکی تایبەتدا جیابکریتەوە کە جگە لە دەنگدەرانی خۆیان دەنگدەری گشتی کوردستان مافی دەنگدانی بە کاندید و لیستی ئەو پێکهاتەنە نەبێ وەک ئەوەی ئێستا یاساکە رێگە دەدا و هەموجار پارتی کادری خۆی بەناوی پێکهاتەکانەوە دەنێرێتە پارلەمان .
هەرچەندە لە خولی پێشوی پارلەماندا هەوڵێکی لەوشێوەیە دراو لیژنەیەکی هەماهەنگی لە نێوان فراکسیۆنەکانی گۆڕان و یەکێتی دروست کرا کە دواجار بە داخستنی پارلەمان ئەو هەوڵەش لەبار برا ، بۆ دۆخی ئێستای پارلەمان کەپارتی خاوەنی زۆرینەی ئەندامان و دەستەی سەرۆکایەتی پارلەمانە دەست بردن بۆ هەموارکردنەوەی یاساکە ئاسان نابێ ، بۆیە تا ئەو کاتەی پێکهاتەکان ئەم مافەیان بۆ دەگەڕێتەوەودەبنە خاوەنی نوێنەری راستەقینەی خۆیان هەموو لایەنەکانی تر مافی ئەوەیان هەیە هاوشیوەی ١٠٠ کورسیەکەی دیکە کیبڕکێ لەسەرئەم ١١ کورسیەش بکەن ، بۆئێستا پێشنیازی واقعی ئەوەیە ژوری هەلبژاردنی گۆڕان و مەکتەبی هەڵبژاردنەکانی یەکێتی و لایەنەکانی دیکەش ئامادەکاری بکەن و بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو بچنە کیبڕکێی بردنەوەی ئەو ١١ کورسیەی پارلەمانی کوردستانەوە .