Draw Media

کورد لە بەغدا

کورد لە بەغدا

2020-05-10 12:20:44


ئادەم ئاودەل

لە دوای روخانی رژێمی بەعس و سەرلەنوێ بنیات نانەوەی عێراق ، کورد پێگە و سەنگێکی کارا و کاریگەری ھەبوو لە گۆرەپانی سیاسی عێراق و بە یەکێک لە کۆڵەکە ھەرە سەرەکیەکانی بنیاتنانەوەی عێراق دادەنرێت . سەرکردەکانی  کورد ھەر لە (مجلیس حوکم) و حکومەتی ئینتیقالی تا یەکەم ھەڵبژاردنی پەرلەمان رۆلێکی گەورەیان پێدرا و جگەلەمەش لە پرۆژەی نوسینەوەی دەستوری عێراق بەشدارێکی ھەرە کاریگەربون بۆ چەسپاندنی بەشێکی زۆر لە مافە دەستوری و یاساییەکانی نەتەوەی کورد. 
بەڵام بەرە بەرە کورد لە بەغدا پاشەکشەی کرد و بەشێکی زۆری ئەو دەسەڵاتەی ئەوکات ھەیبو نەیما ، لە پێشتردا جگە لە پۆستی سەرۆک کۆمار و جێگری سەرۆک وەزیران و جێگری سەرۆک پەرلەمان ، کورد وەزارەتێکی سیادی و چەندین وەزارەتی خزمەتگوزاری پێ ئەدرا ، ئەمە جگە لە پۆستە باڵا و کاریگەرەکانی ناو دامەزراوەکانی حکومەتی عێراق لە نێویاندا سوپاسالاری عێراق و بەرپرسی ھێڵی فرۆکەوانی سەربازی عێراق و چەندان بەرپرسیارەتی تری گرینگ . بەڵام وەک دەبیندرێ ئێستا کورد لە ئەنجومەنی وەزیران تەنھا سێ وەزارەتی بۆ دا ئەندرێت و پۆستە بالاکانیشی بەرە بەرە لێ سەندرێتەوە . لە ھەمویشی ترسناکتر پێشتر گەر کورد رەزامەندی سەرەکی نەبوایە لە پێک ھێنانی حکومەت مەحال بوو کابینەی حکومەت پێک بھێندرێت بەڵام لە کابینەکەی (عبادیی)یەوە،  زەنگە مەترسیدارەکە لێدرا و لایەنە سیاسیەکانی عێراق بێ ئەوەی چاوەرێی کورد بکەن لە پەرلەمانەوە دەنگدان بۆ کابینەکەی عبادی دەستی پێکرد ، ئەمە لە کاتێکدا کە لە ساڵی( ٢٠٠٦ ) شیعەکانی عێراق زۆر ویستیان (ابراھیم جعفری )بۆ سەرۆک وەزیران کاندید بکەنەوە بەڵام کورد رێگری لێکرد و ھەر لەسەر داوای کورد (نوری کامل مالکی ) بو بە سەرۆک وەزیرانی عێراق کە کورد ئومێدێکی زۆری پێ بوو چونکە بە یەکێک لە دۆستەکانی کورد ھەژمار دەکرا . 
تەنانەت لە دیاریکردنی (عادل عبدالمھدی)ش ، کورد ھیچ پرس و رایەکی پێ نەکرا و ناکۆکیەکانی نێوماڵی شیعی وای کرد کۆکـ بن لەسەر (عبدالمھدی )وەک کەسایەتییەکی شیعی سەربەخۆ . دواتریش لە دوای دەست لەکارکێشانەوەی (عادل عبدالمھدی )سێ کەسی تر بۆ پێکھێنانی حکومەت راسپێردران کە (کازمی ) دواھەمینیان بوو ، ھیچ کامیان بە پرس و راوێژ کردن بە کورد نەبوو ، ھەربۆیە کورد بە ناچاری و لە ژێر فشاری نێودەوڵەتی دوای ماراسۆنەکە کەوت . 
ئێستا کورد لە عێراق لەـھەرە خراپترین ساتەکانیدایە لە دوای پرۆسەی ئازادییەوە ، نەک ناتوانێ کار بۆ جێ بەجێکردنی ماددەی (١٤٠ ) و ناوچە جێ ناکۆکەکان بکات ، تەنانەت موچە و شایستەداراییەکانی ھەرێمیشی پێ زامن ناکرێت و رۆژانە ئەو کێشانە سەرھەڵئەدەنەوە . 
بەشێکی زۆری ئەو دەرھاویشتانە دەگەرێتەوە بۆ نا روونی خیتابی سەرکردایەتی کورد بەتایبەت لەسەروبەندی ریفراندۆم و دواتریش کە ھەمیشە بەغدایان وەک دوژمن ناو ئەبرد نەک وەک بەشێک لە ولات . ئەو خیتابەش لە لایەن سەرۆکایەتی ھەرێمی ئەوکاتەوە ئاراستە ئەکرا ، ئەمەش کاردانەوەی توندی شەقامی عرەبی و ھێزە سیاسیەکانی بەغدای لێکەوتەوە . بە واتایەکی تر توندی خیتابی سیاسی و نەتەوەیی کوردی (مالکی و عبادی)  و ھاوشێوەکانی لە بەغدا بۆ دروست کردین . ئێستا پێگەی کورد تەنانەت لە لایەن وڵاتانی ئەمریکا و ئێرانیش وەک پێویست بە ھەند وەرناگیرێ ، جگە لەوەی ھیچ ھەڵوێستێکی روونیان لەمەڕ برینی موچە و بودجەی کوردەوە نیە ، تەنانەت بۆ پێکھێنانی حکومەتیش ھەڵوێستی کورد زۆر جێگەی بایەخ نیە . 
لاوازی و بێ دەسەڵاتی ئێستای کورد لە بەغدا چەندە پەیوەستە بە فشار و سیاسەتەکانی بەغداوە دوو ھێندەش دەگەرێتەوە بۆ ھەڵە و نەبونی ئامانجی ستراتیژی سیاسی کورد لە بەغدا ، کە وەک پێویست نەیتوانیوە ئەو قەناعەتە لای بەغدا دروست بکات کە دەیەوێ وەک شەریک لەو وڵاتە بەشدار بێت ، ھەمیشە مەکینەیەکی ئیعلامی بێزارکەر دژی بەغدا لە ھەرێم ئیشی کردووە و پارتی و بارزانی دەعمیان کردوە ، زیندوترین نمونەش ئێستایە کە وەفدی ھەرێم بۆ دانوستان لە بەغدایە کەچی ئیعلامی ئەم برادەرانە تەشھیر و ھەرەشە نەما لە بەغدای نەکەن .

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand