پێکهاتەکان لە هێزی پارسەنگەوە بەرەو نوێنەرایەتی راستەقینە
2020-05-10 11:33:05
هیوا سەید سەلیم
کۆبوونەوەی رۆژی ٧ی ئایاری پەرلەمانی کوردستان، کە تایبەت بوو بە هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتاری کۆمەڵی ئیسلامی سۆران عومەر، ئەندام پەرلەمانەکانی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینیەکانی خستە بەردەم هەڵوێستێک کە بەهۆی بەشداریان لەو دایشتنە و تەواوکردنی نیسابی کۆبووونەوەکە، رووبەڕوی شەڕێکی راگەیاندن بوونەتەوە، کە لە ئەساسدا شەڕی ئەوان نیە، بگرە شەڕی بەوەکالەتی هێزە دەسەڵاتدارەکانە.
شایانی باسە جاری یەکەم نیە پەرلەمانتاری پێکهاتەکان، بەهۆی هەڵوێستەکانیان لە پەرلەمانی کوردستان، پڕوشکی ئاگرەی شەڕێکیان بەردەکەوێت، و دەکرێنە ئامانجی ڕەخنەی ئەوانی دیکە، و واش بڕوات بە ئاگری ئەو شەڕە دەسوتێن.
پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینیەکان کە زۆربەی جار بۆ ناشیرینکردنیان پێیان دەوترێت کەمینەکان، لە هەرێمی کوردستان بەهۆی خرابی لە شێواز و ئالیەتی هەڵبژاردن، نوێنەرایەتیان لە لایەن دەسەڵات دەقۆزرێتەوە، بۆیە هەر ئەوەشە دەبێتە هۆکاری ئەوەی لە نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی خۆیان بێبەش بن، کە سەرەنجام ڕەنگدانەوەی لەسەر هەڵوێستەکانیان دەبێت لە نێو پەرلەمانی کوردستان، ئێ خۆ واشە ئەو لایەنەی کە لە هەڵبژاردن هاوکار و پشتیوانی کردوون چاوی لەوەیە لە رۆژێکی وادا ئەوان بەهانایەوە بێن.
ئەگەر دیقەت بدەن قسەکانی یەکێک لەو پەرلەمانتارانە لەو کۆبوونەوەی باسمانکرد، نیگەرانی زۆری پێوەدیاربوو، بەوەی ئەوان حەزناکەن لەو ململانێیە بخزێندرێن.
بۆیە لە پێناو زامنکردنی نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی پێکهاتەکان، و خۆبەدوورگرتنی ئەو پێکهاتانە لە ململانێیەک، کە ئەرکی ئەوان نیە، کاتی ئەوە هاتووە خۆیان لە پەرلەمانی کوردستان پڕۆژە یاسایەک ئامادەبکەن، کە تیایدا زامنی نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی پێکهاتەکانی کوردستان بکات، و ڕێگری بکات لە دەستوەردانی هەر هێزێک لە کاندیدکردن و دەنگدان بە نوێنەرەکانیان.
ئەوەشیان بەوە دەکرێت کە لەو پڕۆژە یاسایەی پێشکەشی دەکەن، پێداگیری بکەن لە جیاکردنەوەی لیستی دەنگدەری پێکهاتەکان، بەشێوەیەک کە سندوقی دەنگدانیان جیابکرێتەوە لەو شوێنەی ئەوان کە دەنگی بۆدەدەن.
راستیەک هەیە ئەویش بەوەی هەر پێشنیارێک بۆ پرۆژە یاسایەک کە بۆ ئەو مەبەستە پێشکەش بکرێت، ئەگەر لە لایەن خودی پێکهاتەکان ئامادەنەکرێت، و ئامانج لێی دەربازبوون نەبێت لەو دۆخەی تێیکەوتوون، نە قەبوولکراو دەبێت و نە بە ئاسانیش لە پەرلەمان تێدەپەڕێت.
چونکە دەخرێتە ناو گەمەی ململانێکە، بەڵام ئەگەر پڕۆژەی یاسای خۆیان بێت ئەوا جگە لەوەی زامنی نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی تایبەت بە خۆیان دەکات، و پرۆژەکەش لەلایەن زۆرینەی پەرلەمانەوە پشتیوانی لێدەکرێت.
بەدەر لە ئەوان هەر لایەنێکی دیکە پڕۆژەی هەمواری یاسایی هەڵبژاردن تایبەت بە دەنگدان و هەلبژاردنی پێکهاتەکان پێشکەش بکات، نەک پشتیوانی زۆرینەی پێ مسۆگەر ناکرێت، بگرە ئەویش دەخرێتە ناو ئەو گەمەیەی کە ئێستا نوینەرایەتی پێکهاتەکانی تێکەوتوون، لە پشتیوانی لە لایەنێک و دژایەتیکردنیان لە لایەن لایەنەکانی دیکەوە.
لەوانەیە بپرسن کە ئایا ئەو کارە بەوانە دەکرێت کە بەدەنگی خۆیان نەچووونەتە پەرلەمان؟ ئەمەیان راستیەکی تاڵە و نکۆڵی لیناکرێت، بەڵام خۆ ناشکرێت تا سەر نوێنەرایەتی پێکهاتەکان بەو شێوەیە بمێنێتەوە، بۆیە ئەگەر دوو پەرلەمانتاریش لە کۆی ١١ پەرلەمانتاری پێکهاتەکان پرۆژەیەکی لەو شێوەی باسمانکرد پێشکەش بکەن، گرنگە و پشتیوانی لێدەکرێت، بۆیە کاتی ئەو دەستپێشخەریە هاتووە.
لە کۆتاییدا دەڵێین نەشەڕی نوێنەراتی پێکهاتەکان چارەسەری ئەو دۆخەی ناو پەرلەمان دەکات، نە ئەوانیش لە شەڕی راگرتنی باڵانس و بوونە پارسەنگ بۆ لایەنێکی دەسەڵات قازانج دەکەن، بگرە چارەسەر لە هەمواری یاسایی هەڵبژاردنە، هەر ئەویش دەتوانێت نوێنەرایەتی پێکهاتەکان لە هیزی پارسەنگەوە بگۆڕێت بۆ نوێنەرایەتی ڕاستەقینە.