پارتی و هێزەکانی تر و ئەزمونەکەی پارێزبەندی !
2020-05-09 16:21:04
چیا عەباس
پرۆسەی هەڵگرتنی پارێزبەندی لە چەند پەرلەمانتارێکی کوردستان بەرێوەچو، تەنها پەرلەمانتارێک، سۆران عومەر، کە ئامانجی ئەو هەنگاوە بو پارێزبەندی لێ هەڵگیرا، چەند پەرلەمانتاری یاخیبو و بزێوە وەهمیەکانی ناو لیستەکە بەشێک بون لە سیناریۆیەکی پێشوەخت دارێژراو.
مەبەستی ئەم نوسینە بەرگریکردن نیە لە کەس، هەڵگرتنی پارێزبەندی رێکاری یاسایی و مانای سیاسی خۆی هەیە. مەبەست پیشاندانی هاوسەنگی هێز و هەڵوێستی هێزەکانە لە پرسێکی وا هەستیار و گرنگدا.
راگەیاندنەکانی پارتی بانگەشەیان بۆ ئەم هەنگاوە بە پێرەوکردنی یاسا و پەیرەی ناوخۆی پەرلەمان دەکرد، بە واتایەکی تر پارتی راشکاوانە ئامانج لێی و ئامرازەکانی پرۆسەکەی خستبوە رو و بەم و بەویش نیسابی یاسایی بۆ دانیشتنەکەی پەرلەمان مسۆگەر کرد.
پارتی باش دەزانێ لە سیاسەتدا بەدەستهێنانی سیستیماتیکی زنجیرەی ئامانجە مەودا کورت و دورەکان گرنگن نەک لە ناکاو گەران بەدوای ئەڵقەیەکدا و دوعا و نزاکردن بۆ ئەڵقەیەکی تر یاخود دانی بەدەست قەزا و قەدەرەوە. لە دوای راپەرینەوە و لە سایەی لاوازی هێزەکانی تر ئەم سیاسەتە کەوەر جنین ئاساییەی پارتی لە گەڵ سڵنەکردنەوەی لە مێژو ئەو ئیمپراتۆریەتە زەبەلاحەی بۆ بەدەستهێناوە.
هێزەکانی تر، تایبەت یەکێتی و گۆڕان، دو بەشداربوی حکومەت، لێرە و لەوێ بەرێگەی چەند دەنگێکی لاوازەوە نارەزایی خۆیان بەرامبەر هەنگاوەکە دەردەبری و کۆمەڵی ئیسلامیش، چوارچێوە فەرمیە حزبیەکەی سۆران عومەر، پەیامێکی مەتاتی راگەیاند.
سەرجەم ئەم روداوانە ئاماژەی زەقبون کە هیچ لەو هێزانە نەیان ویستوە و ناشیان دەوێت لە پرسێکی وا هەستیاردا بەجدی پارتی دڵگران بکەن.
گەر ئەو هێزانە لە گەڵ خۆیان و رێزیان بۆ بەها و پێگەی پەرلەمان جدی بونایە پێش روداوەکە هەڵوێستی زۆر جدیان رادەگەیاند و پەنایان بۆ رێگا زیگزاگە تەماویەکان نەدەبرد.
هەمو ئەو هێزانە ئەزمونێکی ئێجگار دەوڵەمەندیان لە گەڵ چۆنیەتی مامەڵەکردنی پارتی لەو جۆرە دۆخ و پرسانەدا هەیە، لە ناخیاندا دەزانن پارتی چۆن ورد کار بۆ بەدیهێنانی مەرامەکانی دەکات، بۆیە بەرزکردنەوەی پەنجەی نارازیان لە دورەوە بەرامبەر پارتی و بایکۆتکردنی دانیشتنەکەی پەرلەمان تەنها یەک لێکدانەوەی سەرەکی لە خۆ دەگرێت، ئەویش هەڵکردنی گڵۆپی کەسک بۆ پارتی تا چی دەوێت بیکات. خۆبێبەریکردنیان لەو پرۆسەیە وەک کورد وتەنی لە " عوزر لە قەباعەت خراپترە" دەچێت.
لێرەدا یەکەم تیری کەوانم ئاراستەی دەسەڵاتدارانی هەنوکەی یەکێتی دەکەم، پێمان ناڵێن لە چیتان کەمە: زیاتر لە نیوەی باشور لە ژێر کاریگەریتاندایە، هێزی چەکداری بەهێزتان هەیە، دەسەلاتی ئیداری و ئاسایش و پۆلیس و بازرگانیتان ناوچەیەکی گەورەی باشوری گرتۆتەوە، تا بڵیی پارە و راگەیاندن و پەیوەندی هەمەلایەنتان هەیە، هەمو ئەوەی لە دەستتان هات چەند دەنگێکی نەزۆک و بایکۆت کردنی دانیشتنی پەرلەمان بو، لە کاتێکدا خۆتان نەک وەک رکابەری سەرەکی پارتی نمایش دەکەن بەڵکو خۆشتان بە بەدیلی ئەو زانیوە و دەزانن. بەڵام دەرکەوتنی لاواز و بێ کاریگەری یەکێتی کۆمەڵێک پرسیاریان وروژاندوە.
با بێینە سەر برا گچکەکەی حوکمرانی، گۆڕانە " حەیاتەکە ".
ساڵانێکی زۆر لە گەڵ گۆڕان بوم و هیواکانی تەمەنی سیاسیم لەسەر کارنامە و دروشمەکانی هەڵچنیبو. لە دوای وەفاتی کاک نەوشیروان بۆم دەرکەوت هاوکارە سیاسیەکانی شایستەی ئەوە نین خۆیان بە خاوەنی هزری گۆرانکاری و چاکسازی بزانن، مەخابن خۆیان کردوە بە هێزێکی لارێ.
گٶڕان کۆمەڵێک روخساری نوێی پێگەیاند، پێگەی بەهێزی پێ بەخشین، دەسەڵاتی دانێ و وەک واجهەی گۆڕان دەردەکەوتن. رۆژ دوای رۆژ دەرکەوت بەشێکیان دەستەمۆکراون بۆ نیعمەت و حەزە وردیلە و گەورەکانی دەسەڵات، فێری دو رویی بون، لە سەر چەندین پەت وازی دەکەن، سەفقاتی ژێربەژێر دەکەن، بەردەوامیش بە مۆمە داگیرساوەکەی گۆڕان وەک چاوەزار تەنها سوچێکی یەخەیان رازاندۆتەوە.
لە سەروی لوتکەی سیاسی گۆڕانیشدا کەسانێکی کەمدوێ و ئەکتەری پشت پەردە بەمجۆرە روداوانە قەبارەی تەماعەکانیان قورستر دەکەن و چاویان لە پاداشتەکانی پارتیە، بەشێکی تریش چاوبازی لە گەڵ خواست و داواکاریەکانی یەکێتی دەکەن بەڵکو پۆست و پێگە و دەسەڵاتەکانیان لەمدیوی دێگەڵەوە پاریزراوبن. گەر ئەو زاتانە بەمە دڵگرانن چەندین روداو و بەڵگە لە زار و نوسینەکانی خۆیانەوە ئەو راستیانەی سەرەوە دەسەلمێنن.
وێرای ئەو هەنگاوەی پارتی شایستەی رەتکردنەوە و وەستانەوەی جدیە بەرامبەری، بەڵام بەهۆی ئەوەی پارتی لە ئەقڵیەت و خەسڵەتەکانی هێز و کەسایەتیە رکابەر و هاوپەیمانەکانی بەوردی تێگەیشتوە و دەزانێت چۆن بیانکات بە پاشکۆی روداوەکان و ئەمری واقیع لەم جەولەیەشدا سەرکەوتنی بۆ خۆی بەدەستهێنا. پرسیارەکە ئەوەیە ئایا هێزەکانی تری ئەم چرکەیە دەتوانن سنورێکی جدی بۆ پارتی دیاری بکەن؟ یاخود لە هەمان بازنەی کردار و رەدەکرداردا دەسورێنەوە؟
هەمان هاوکێشەش بۆ مامەڵەکردنیان لە گەڵ بەغدا بەکارە، تا ئەم چرکەیە میللەت زەرەرمەندی ژمارە یەکی ئەو جۆرە هاوکێشانە بوە.
نوسینی: چیا عەباس
رۆتەردام: ٩ مایس ٢٠٢٠