ساحیری دروستکردنی خۆشگوزەرانی لە وێرانەدا
2020-05-03 07:41:19
هونەر تۆفیق
ئەڵمانەکان بەبێ لودڤیش ئێرهارد ، شانازی بە ئابووریەکەیانەوە ناکەن . چونکە ئەو لەناو کەلاوەکانی وێرانەی پاش جەنگدا موعجیزەی بوژانەوەی ئابووری وڵاتەکەیانی لە تیئۆرە ئابووریەکەیدا ( خۆشگوزەرانی بۆ هەمووان -Wohlstand für Alle) بۆ بەدیهێنان .
لەکاتێکدا مارکی ئەڵمانی بەهاکەی هەر بایی ئەوەندە بوو خەڵک بۆ داگیرسانی ئاگردانەکان دەیانسوتاند ، هیچ شتێکی دیکەی نەدەکرد . ئەو ساحیرە لە حکومەتەکەی ئەدیناوەردا وەزارەتی دارایی گرتە دەست و سیستەمی ئابووری ئەڵمانیای پاش جەنگی بەپێ ی تیئۆرە ئابووریەکەی خۆی دامەزراند کە دروستکردنی بازاڕی کۆمەڵایەتی - Soziale Marktwirtschaft بوو .دواتر وڵاتانی وەک یابان ، فەرەنسا ، سکەندەنافیا ، هۆڵەندا پەیڕەویان کرد ، هەمووان سەرکەتووبوون لە دامەزراندنی ئابووریەکی بەهێز بۆ وڵاتەکانیان .
هەندێک لە وڵاتە عەرەبیەکانیش بەپێ ی عەقیدەی سیاسی دەوڵەتەکانیان بەکرچوکاڵیەوە ئابووری بازاڕی کۆمەڵایەتیان ئەزموون کرد . وەک ئەزموونی سەرەتای حکومەتەکەی سەدام بەناوی جەمعیاتی تەعاونی ( کۆمەڵەی هەرەوەزی ) یەوە . بەڵام چونکە دەوڵەت و حیزب خاوەنداریەتیان دەکرد . سەرکەوتوو نەبوون .
ئابووری بازاڕی کۆمەڵاتی وەک لە تیئۆرەکەی ئێرهارددا هاتووە نە سۆسیالیزمە کە موڵکی دەوڵەت بێت ، نە لیبریاڵیشە سەرمایەداری قۆرخی بکات . بەڵکە ئابووریەکی هەرەوەزی ناو کۆمەڵگە خۆیەتی ، وەک بازنەیەک حەلقەکانی یەکتر تەواو دەکەن . لە ڕێگای کۆمپانیا هەرەوەزی ( پشکدار)ە بچوکەکانە و پێداویستیەکانی کۆمپانیا گەورە پشکدارەکان بەرهەمدەهێنن . لەبری حکومەت ، سەندیکاکان ڕۆڵی پەیوەندی و ڕێکخستنی کار و بەگەڕخستن دەبینن . ماف و ئەرکەکانی کار و بازاڕ دەپارێزن . سەندیکاکان دەبن بە نێوەندێک لەنێوان حکومەت و بازاڕی کۆمەڵایەتیدا . ڕۆڵی حکومەت تەنیا ئەوەدەبێت زەمانەتی تەندروستی و ئەمنی کار و کرێکاربکات و بەشە باجی خۆشی لە داهاتی بازاڕ کۆبکاتەوە ، پرۆژە خزمەتگوزاریەکانی وڵاتی پێ ئەنجام بدات . لەو پرۆسەیەدا هەمووان ئازادن و مافیان پارێزراوە ، لەهەمان کاتیشدا دەبن بە تەواوکاری یەکتر . بۆیە ئێرهارد تیئۆرەکەی ناوناوە خۆشگوزەرانی بۆ هەمووان .
ئەو بازاڕە کۆمەڵایەتیەی ئێرهارد لەماوەی هەڵبژاردنەوەی هەرسێ حکومەتەکەی ئەدیناوەردا ١٩٤٩ بۆ ١٩٦٣ ئەڵمانیای لە کەلاوەیەکی وێرانی پاش جەنگەوە هەستانەوە بۆ ئاستی سێهەم هێزی ئابووری لە جیهاندا .
بە پەندوەرگرتن لە ئەزموونی هەستانەوەی ئابووری ئەڵمانیا ، لەوە تێدەگەین هەموو هەستانەوە و بوژانەوەیەک بە گەڕانەوە بۆناو خودی کۆمەڵگە دێتەدی . ئینجا بە نەهێشتنی قۆرخکاری حکومەت و حیزب لەبازاڕ و ئابووری وڵاتدا . ڕۆڵی حکومەت دەبێت تەنیا پشتیوانی بێت لە پرۆژە هەرەوەزیەکانی ناو بازاڕ و زەمانی پەیوەندیەکانی نێوانیان بکات .
شتێک لەو ئەزموونە ئەڵمانیەوە کە کەمتر بینراوە ، سیاسەتی ئابووری ئەڵمانی پاش جەنگ گەڕانەوە بووە بۆ ئابووری کشتوکاڵی ناوخۆ . بەر لە پیشەسازی ، ئابووری کشتوکاڵی ئەڵمانی بوژێنراوەتەوە چونکە یەکەم بۆ چارەسەری برسێتی پێویستی سەرەکی بووە ، ناچاری بەروبوومی دەرەکی نەبوون . دووهەمیش پرۆسەی بوژانەوە لە کەرتی کشتوکاڵدا خێراتر دێتەدی بەپێ ی مەوسمی وەرزەکانی ساڵ . بەڵام پیشەسازی سوڕێکی چەند ساڵەی درێژخایەن ترە .