هەرێمی كوردستان و ئایندەیەكی نادیار ؟
2020-05-02 21:51:15
ساڵح ژاژڵەیی
لە دەست پێكردنی شۆڕشی ئایلولەوە هەتا ئەم ساتەی ئێستا ، هیچ كاتێك كوردی باشور وەكو ئێستا بێ ئومێد نەبون . وەكو ئێستا ئایندەیان مەترسیدار نەبوە . وەكو ئێستا چارەنوسیان نا دیار نەبوە .
هیچ ئاسۆیەكی ڕونیان لەبەردەمدا نەماوە . لە ڕاستیدا ئەمە ئاشبەتاڵی ساڵی 2020 كوردە بەڵام لە بەرگێكی ترو لە فۆڕمێكی تردا. ئەم ئاشبەتاڵە زۆر مەترسیدار ترە لە ئاشبەتاڵی 1975 و ئەمەشیان هەر پارتی و بنەماڵەی بارزانی بەسەر كوردیان هێنا .
ئەمەیان ئاشبەتاڵی بی َئومێدبونە ، بێ ئیرادە بون و تەسلیم بونە . ساڵی 1975 ئاشبەتاڵمان كرد ، بەڵام شاخەكانمان لە دەست نەدا . ئەمجارەیان پێش ئەوەی ئاشبەتاڵ بكرێت شاخەكانیش ڕادەستی دوژمن كراون .
مەسعود بارزانی نێوەی بادینانی تەسلیم بە توركیا كردوەو ئەوەتا خەریكە زینوی وەرتیش تەسلیم بە توركیا بكات پەكەكە دەپەڕێنێت . 6-7 هەزار ئاوارەی سوری چەكدار كردوە بۆ ئاژاوە نانەوە لەناو كوردانی سوریادا . ئاشبەتاڵی سیاسی ئەمجارەمان بە لەدەستدانی سامانی ژێر زەوی نەوەكانی داهاتومان تەواوبوو . بەدەستی خۆمان ماڵی خۆمان وێران كرد شاخ و سامانی سەر زەوی و ژێر زەویمان لەدەستدا .
سەركردەكانی كوردی باشوور خاوەنی بەرنامەو ستراتیج و ئەجیندای نیشتمانی نەبون . شارەزای سیاسەت نەبون . بە میزاجی شەخسی و بۆ بەرژەوەندی خۆیان و بنەماڵەو حیزبەكانیان ئیشیان كردوە . خەلكانی ئەنانی و خۆپەرست بون. گوێیان بۆ كەس نەگرتوە . پارتی بێ ڕەزامەندی هاولاِتیان تاك لایەنە دەستی بە دەرهێنان و فرشتنی نەوت كردو هەرێمی كوردستانی توشی ئیفلاسی سیاسی و دارایی كرد.
مەسعود بارزانی تاك لایەنە بڕیاری ڕیفراندۆمی داو بەو هۆیەوە نیوەی خاكی كوردستانمان لە دەست دا . ئەم كارەساتەی ئێستای بەدوادا هات. گەڕانەوە بۆ بەغدا وتەسلیم بونی كورد بەبێ مەرج تەنها لە پێناوی موچەدا ،خۆی لە خۆیدا ئاشبەتاڵە . هیچ باسێك لە بەغدا نییە جگە لە باسی موچە . مادەی 140 و كێشەی ناوچە دابڕێنراوەكان كرانە قوربانی هەڵەی ئەم سەركردە تاڵانچیانە .
لە هەموی سەیرتر ئەوەیە وەڤدی كوردی لە بەغدایە بە سەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی ، بەڵام ئەندازیاری بەتاڵابردنی نەوتی كوردستان ، ئەندازیاری ئیفلاسكردن بە هەرێمی كوردستان تا دەگاتە لە دەستدانی قەوارەی هەرێمی كوردستانیش ئاشتی هەورامی لێی بەرپرسیارەو ئەندامی وەڤدەكە نییە . ئەمە پرسیارەو وەڵامی دەوێت .
لە ئێستادا حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بارودۆخێكی زۆر خراپدایەو هەموو دەرگاكانی بە ڕودا داخراون . ژێرخانی ئابوری هەرێمی كوردستان لە ئاستی سفردایە . لە ساڵی 2020 هیچ موچەیك نەدراوە. حكومەتی عێراقیش قسەی سوارەو لە مەركەزی قوەتەوە قسە دەكات ، چونكە حكومەتی هەرێم پابەندی ڕێكەوتنەكەی نێوانیان نەبوە .
لە ئێستادا حكومەتی هەرێم ڕازییە هەموو دۆسییەی نەوت ڕادەستی بەغدا بكاتەوە لە بەرامبەر ئەوەی بەغدا موچەی فەرمانبەران بدات ، بەڵام حكومەتی بەغدا هەر بەڕادەستكردنی نەوت ڕازی نییە بەڵكو داوای داهاتی گومرگ و ناوخۆش دەكات . كەواتە كورد هیچ كارتێكی بەدەستەوە نەماوە جگە لە تەسلیم بون . تەسلیم بونیش بەمانای ئاشبەتاڵی سیاسی .
ئایندەی خەڵكی كوردستان بە كوێ دەگات ؟؟.
هەروەكو لە سەرەوە وتم لە ساڵی 2020 حكومەتی هەرێم موچەی نەداوە . لەوانەیە خەڵك هەرچۆنێك بێت بەرگەی دوو مانگ یان سێ مانگی تر بگرن ، بەڵام دواجار باری گوزەرانی خەڵك زۆر خراپ دەبێت و شیرازەی پەیوەندییە كۆمەڵایەتیەكانیش لەبەر یەك هەڵدەوەشێـت . هاولاِتیان دەگەڕێنەوە بۆ ساڵانی نەوەدەكانی دوای ڕاپەڕین . بەدوریش نازانریت دواجار ئەمە سەر نەكێشێت بۆ ئەنجامدانی ڕاپەڕێنێكی گەورە.
تا ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان هەر ناو بوەو چەترێك بوە بۆ شاردنەوەی كارە قێزەونەكانی دوو حیزبی دەسەڵاتدار . لە ڕاستیدا دامەزراوەیەكی پۆلیسی تاڵانچی تۆقێنەربوە نەك حكومەت . ئەم حوكمڕانیەی ئێمە لە بنەڕەتەوە بۆ تاڵانی سامانی ئەم وڵاتە دروست بوە و هەر واش دەرچوو .
مام جەلال و مەسعود بارزانی چون بۆلای پۆڵ برێمەر لە جیاتی داوای گەڕانەوەی خاكی كوردستان و كەركوك بكەن، داوای پارەو پۆستیان كرد . زیاتر لە ملیارێك دۆلاریان وەرگرت و ئێستاش بۆ كەركوك دەگرین .
ئەم دوو سەركردە مەزنە تا دروستبونی گۆڕان مانگانە هەر یەكەی 35 ملیۆن دۆلاریان لە بودجەی هەرێم دەبرد بۆخۆیان . ئەم دوو بەڕێزە 4 ملیار دۆلاری شیرینی گریبەستە نەوتییە كانیان بە یەك گوژمە بۆخۆیان برد لە كاتێكدا هەرێمی كوردستان ئێستاشی پێوەبێت كارەبای نییە .
پاشماوەی ئەنفال ئاوی خواردنەوەیان نییە . بەم پارەیە ژێرخانی ئابوری هەرێمی كوردستانی پی َبنیات دەنرا . بۆ ئاگاداری هەمولایەك پارەی شیرینی هەر ئەوە نەبوە . كەواتە ئومێدێك نییە لە ژێر سێبەری حوكمڕانی نەوەی ئەم سەركردانە هیچ پێشكەوتنێك بەدەست بێت جگە لە ماڵ وێرانی .
پیرەمێردی نەمریش دەڵێت :
دزو پاسەوان كردەیان یەك خەن - گاجوت بە كونەبانا سەردەخەن
هەرگیز بە لیژنە ناكرێ چاكسازی - چۆن شەریكە دز دەكرێ بە قازی
ئەركی هاولاِتیان لەم قۆناغەدا چییە؟؟.
دۆخەكە زۆر مەترسیدارە . پارتی دەستی گرتوە بەسەر هەموو جومگەكانی دەسەڵاتدا . ئیفلاسی بە هەرێمی كوردستان كردوە . سامانی ئەم وڵاتەی تاڵان كردوە . دۆسیەی نەوت لە خۆیان زیاتر كەسی تر ئاگای لە هیچ نییە . پەڕلەمانی بێ دەسەڵات كردوە . لە ئێستادا حكومەتێكی پۆلیسی تاڵانچی تۆقێنەر حوكمی هەرێمی كوردستان دەكات و سەرۆكەكەی وەكو قوتابیانی پۆلی یەكی سەرەتایی سەیری وەزیرەكان دەكات . هیچ وەزیرێك ناتوانێت بڵێ بەرنامەم ئەمەیەو دەمەوێت ئەوەبكەم . بەڵكو دەڵێت : داوام كردوە ئەوە بكرێت . واتە بڕیار لای وەزیر نییە . یەكێتی بەقەدەر پارتی تاوانبارە . ئەگەر شەریك نییە لە گەنەڵیەكان بۆچی بۆتە پشتیوانی ئەم حكومەتە پۆلیسیە .
لێرە بەدواوە گاڵتە بە خۆكردنە كارمەندانی تەندروستی و مامۆستایان و كەم ئەندامان و فەرمانبەران و موچە خۆرەكانی تر جیابەجیا مان بگرن و خۆپیشاندان بكەن .
حكومەت حساب بۆ ئەو جۆرە خۆپیشاندانانە ناكات چونكە پێشتر خەڵكی تاقیكردۆتەوە . كاتی ئەوەیە هەموو چین و توێژەكان بەیەكەوە دەست بكەن بە خۆپیشاندان و داواكاریان هەبێت . نابێ چیتر ئەم بارودۆخە قبوڵ بكرێت .
لە ڕاستیدا بونی حكومەتێكی ئاوا ماڵ وێرانكەر مانایەكی بۆ مانەوە نەماوە . پەڕلەمانێكی بێدەسەڵات نەبونی باشترە . دەزگای سەرۆكایەتی هەرێم هەر لە بنەڕەتەوە زیادەیە .ئەم سی َدامەزراوەیە و بارەگای بارزانیش خەرجییەكی زۆریان هەیە و بونە بارێكی قورس بەسەر قوتی هاوڵاتیانەوە .
.كاتی ئەوەیە هێزی پێشمەرگە بێنە سەرخەت و داوابكەن لیستی ناوەكانیان پاك بكرێتەوە لە ناوی بندیوار و ئەندامانی حزبی پارتی . با هیچی تر پێیان نەڵێن میلیشیای حیزبی .
كاتی خۆی حكومەتی بەغدا ڕازی بوو ناوی 70 هەزار پێشمەرگە بخاتە سەر وەزارەتی بەرگری و هەموو موچەو پێداویستیان بۆ دابین بكات . ئێستاش و ئەو كاتەش 70 هەزار پێشمەرگەی ڕاستەقینەمان نەبوە . ئەگەر ئەوە قبوڵ بكرایە ، موچەكانیشیان زیاتر و مسوەگەرتر دەبوو . بەڵام پارتی بۆ شاردنەوەی ناوی بندیوارەكانی لەناو لیستی پێشمەرگەدا ، ئەوەی قبوڵ نەكرد و ئەو زیانەشی بە پێشمەرگە گەیاند. هەتا ئێستاش لیستی ناوەكانی هێزەكانی 80 نەداوە بە وەزارەتی پێشمەرگە لە پێناوی شاردنەوەی ڕاستییەكان
كاتی ئەوەیە هەموو چین و توێژەكانی كۆمەڵگا هەموو موچەخۆران . ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی ، ڕۆشنبیران ، هەموو خوێندكاران ، هەموو دەرچوانی زانكۆو پەیمانگاكان ، مامۆستایان و خوێنكاری زانكۆكان كە ئایندەیان وەك تاریكە شەو وایە بەیەك جار بێنە دەنگو بە نوسراو داوا لە حكومەت بكەن : كاتی ئەوەیە دان بە شكستی خۆتاندا بێنن .
پارە دزراوەكانی میللەت بهێننەوە . واز لە قۆرخكردنی بازاڕ بهێنن . واز لە تاڵانكردنی پارەی گومرگەكان بهێنن . واز لە داگیركردن و دابەشكردنی زەوی وزار بهێن . ئەو 7 هەزارئاوارەی سوریا كە پارتی كردونی بە موچە خۆر بۆ دژایەتی كوردانی سوریا ، موچەكەیان ببڕن و لە بری ئەوە بیدەن بە كارمەندانی تەندروستی .
ئەگەر وەلاِمیان نەبو دەست بكرێت بەمانگرتن و خۆپیشاندانی سەرانسەری لە هەموو شارو شارۆچكەكان هەتا وەڵامی داواكاریەكان دەدەنەوە . پێیان بگوترێت : بەسە ماڵ وێرانكردن ، بەسە تاڵانی ، بەسە كوشتن و سزادان ، بەسە كلكایەتی بۆ دوژمنان ، بەسە قۆرخكردنی دەسەڵات و تاڵانكردنی سامانی نیشتمان .
پێیان بگوترێت : ئێوە لە دوای 29 ساڵی حوكمڕانیتان سەركەوت و نەبون و وڵاتتان توشی كارەسات كرد. ئەوە 5 مانگە موچەتان نەداوە. ئیتر بەس نییە تاڵانی قوتی ماڵ و مناڵمان و چیتان لێمان دەوێت . تكایە بە ئاشتیانە دەست بەرداری دەسەڵات ببن . ئەگەر وەڵامی خۆپیشاندەرانیان نەدایەوە ، هاوڵاتیان بەكۆمەڵ دەست بە ڕاپەڕینی سەرانسەری بكەن ، داوا بكەن حكومەتێكی ڕزگاری نیشتمانی لە كەسانی تەكنۆكرات و بێلایەن و دەسەت پاك و نیشمان پەروەر پێك بهێنرێت . ئەوە حەقی شەرعی و یاسایی میللەتە . ئەم دەسەڵاتدرانە ماوەی 29 ساڵە بۆخۆیان كاردەكەن و ئێمەش بۆ ئەوان .
لەبری ئەوەی گۆمەڵكا بە باشی بەڕیوەبەرن و ژیان وگوزەرانی خەڵك باش بكەن ، كۆی كۆمەڵگایان داگیركردوە و تاڵانیشیان كردوەو دەستیشیان كردوە بە فرۆشتنی . كاتی ئەوەیە لێرە بەدواوە ئێمەش بۆخۆمان كاربكەین .
دوای هەموو ئەمانە ، ئەگەر خەڵك هەر بێ دەنگ بن ، ئەوانیش دەستیان خۆشبێت و میللەتیش ئەم بارودۆخەی پیرۆزبێت و هەر بۆ ڕیسواكردن باشن . چونكە وادیارە شانیان ئەوە هەڵدەگرێت و هەر قابیلی ئەوەن ئەمانە حوكمیان بكەن . جان جاك ڕۆسۆ دەڵێت :
هەر میللەتێك بێ مەرج خۆی ڕادەستی دەسەڵاتێك بكات لە بەرامبەردا هیچ وەر ناگرێت .
29/4/2020