Draw Media

کوردستانی عێراق له‌به‌رده‌م سیناریۆی جیاوازدا

کوردستانی عێراق له‌به‌رده‌م سیناریۆی جیاوازدا

2020-05-02 10:25:08


هونه‌ر حاجی جاسم- مۆسکۆ

کوردستانی عێراق دوای 29 سال به‌ده‌ست کێشه‌ گه‌لێك ده‌نالێنێت، به‌رده‌وامی ئه‌م کێشانه‌ش وایکردوه‌ که‌ ئێستا جیۆستراتیژی هه‌رێم بخاته‌ به‌رده‌م چه‌ند سیناریۆیێکی جیاواز. چونکه‌ بارودۆخی کوردستانی عێراق له‌ ئێستادا به‌ جۆرێکه‌، که‌ به‌روارد ناکرێت به‌ سالانی دوای وه‌ستانی شه‌ڕی ناوه‌خۆش. به‌تایبه‌تیش دوای یه‌کگرتنه‌وه‌ی به‌ناو هه‌ردوو ئیداره‌ی سلێمانی و هه‌ولێر، له‌سالی 2005 ه‌وه‌. به‌لام دوای دروستبونی ئۆپۆزسیۆن، له‌ ته‌موزی سالی 2009 تاکو سالی 2013. کوردستانی عێراق ئه‌وکات له‌روی سیاسی و ئابووری و دۆخێکی باشتری هه‌بوو له‌ دۆخی هه‌نوکه‌!. به‌لام دوای سالی 2014 تاکو نیسانی 2020 حکومه‌تی هه‌رێم له‌جیاتی گه‌شه‌کردنی سیاسی و ئابووری رۆژ به‌ رۆژ له‌ پاشه‌که‌شی جیۆستراتیژیدایه‌، به‌تایبه‌تیش دوای دروستبوونی ململانێی له‌سه‌ر زینی وه‌رتێ، بلاوبونه‌وه‌ی ڤایرۆسی کۆرۆنا، دابه‌زاینی نرخی نه‌وت، باسکردن له‌ دروستبونی دوو ئیداره‌ی و په‌یره‌وکردنی سیسته‌می لامه‌رکه‌زی.

ئێستا هه‌رێمی کوردستانی عێراق توشی دۆخێك بووه‌، که‌ هه‌رێمه‌که‌ی خستۆته‌ به‌رده‌م سیناریۆگه‌لێکی جیاواز. هه‌ر یه‌کێك له‌م سیناریۆانه‌ش لێکه‌وته‌ی سیاسی و ئه‌منی و عه‌سکه‌ری به‌ دوای خۆی دێنێت!. به‌لام ئه‌گه‌ر بێین باس له‌ کێشه‌ جیۆستراتیژه‌یه‌کانی کورد له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌که‌ بکه‌ین کێشه‌کان زۆرن، به‌گشتی به‌شیکی زۆری ئه‌م کێشانه‌شی، له‌ ئه‌ستۆی هه‌رێم خۆیه‌تی، به‌شێکیشی له‌ ئاستی ولاتانی ئیقلمی و کۆمه‌لگای نێوده‌وله‌تیه‌، به‌لام به‌ دیراسه‌کردنی کێشه‌ جیۆستراتیژیه‌کانی 30 سالی رابردووی کوردستانی عێراق، له‌ 85% له‌ ئه‌ستۆی حوکمڕانی خۆمالیه‌ نه‌ک عێراق و ولاتانی تری ئیقلیمی. چونکه‌ 30 ساله‌ که‌س ده‌ستی پارتی و یه‌کێتی نه‌گرتبو‌و‌ بۆ دروستکردنی حکومڕانیێکی دامه‌زراوه‌یی نیشتمانی، که‌س ده‌ستی ئه‌وانی نه‌گرتبوو‌ پێیان بلێت له‌جیاتی خزمه‌تکردن به‌ خه‌لک و دروستکردن ژێرخانێکی ئابووریێکی به‌هێز. وه‌رن سامانی ئه‌م هه‌رێمه‌ به‌ سه‌رخان و ژێرخانیه‌وه‌ تالانی بکه‌ن.

بۆیه‌ باسکردن له‌ کێشه‌ جیۆستراتیژه‌کان کوردستانی عێراق زۆرن، رۆژ به‌رۆژیش وه‌کو لاشه‌یێکی نه‌خۆش، هه‌رێم کێشه‌کانی زۆرتر ده‌بن. بۆیه‌ لێره‌ پێویست ناکات هه‌موو کێشه‌ جیۆستراتیژیه‌کان به‌ درێژی باس بکه‌ین، چونکه‌ زۆر له‌سه‌ر ئه‌وه‌ نوسراوه‌ و گوتراوه‌، هه‌رچه‌نده‌ پێویسته‌ بۆ رزگارکردنی دۆخی کوردستانی عێراق  هه‌موو کێشه‌کان ده‌سنیشان بکرێن، ئه‌وکات باسی چاکردنی ریشه‌ی و  و‌ سیناریۆکان و لێکه‌وته‌کان بکرێت. چونکه‌ ده‌ره‌نجامی ته‌واوی کێشه‌کانی ڕابردووی هه‌رێم، چ له‌ ئاستی ناوه‌خۆی هه‌رێم، چ له‌گه‌ل به‌غدا و ولاتانی هه‌رێمی. وه‌ هه‌روه‌ها ته‌واوی کێشه‌کانی سالی 2020. کوردستانی عێراق، ئێستا له‌به‌رده‌م کۆمه‌لێك سیناریۆی جیاواز دایه‌.

یه‌که‌م. مانه‌وه‌ی بارودۆخی سیاسی و ئابووری و دارایی به‌م شێوه‌: تاکو به‌رزبونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت، یان خۆگونجاندن له‌گه‌ل ئه‌م دۆخه‌ به‌ دروستکردنی ورده‌ قه‌یرانی بچوک بچوک، تاکو ده‌گاته‌ ئه‌وه‌ی قه‌یران به‌ قه‌یران چاره‌سه‌ر بکه‌ن وه‌ک ماوه‌ی ڕابردوو. چونکه‌ به‌رژه‌وه‌ندی پارتی و یه‌کێتی له‌وه‌یه‌ ئه‌م دۆخه‌ به‌رده‌وامی بکات به‌مشێوه‌یه‌. هه‌روه‌ها به‌رژه‌وه‌ندی ده‌وله‌تانی هه‌رێمیش وا ده‌خوازێت.

دوه‌م. چاکسازی کردن و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ به‌غدا: دۆخی سیاسی، ئابووری، دارایی و جیۆپۆلۆتیکی کوردستانی عێراق گه‌یشتۆته‌ به‌رده‌ ڕه‌قه‌. بۆیه‌ یه‌کێك له‌ سیناریۆکانی حکومه‌تی هه‌رێم ئه‌بێت چاکسازی ڕیشه‌ی بکات، و داهاته‌کانی ڕاده‌ستی ناوه‌ند بکاته‌وه‌، به‌تایبه‌تیش له‌ لیستی موچه‌ خۆران، داهاتی گومرگ، داهاتی نه‌وت و وه‌رگرتنی باج له‌ کۆمپانیاکان به‌تایبه‌ت ئه‌و کۆمپانیانه‌ی که‌ بڕێکی زۆر قه‌رزداری حکومه‌تن و باجیشیان نه‌داوه‌. له‌پال ئه‌وه‌ی هه‌رێم توشی دۆخێک بووه‌ که‌ ده‌بێت چاکسازی گشتگیر بکات، به‌لکو خواستی هاوپه‌یمانه‌کانی هه‌رێمیشه‌ به‌تایبه‌ت ئه‌مریکیه‌کان و ئه‌وروپیه‌کان که‌ ئه‌وه‌یان نه‌شاردۆته‌وه‌ پێویسته‌ هه‌رێم چاکسازی بکات و له‌گه‌ل به‌غدا بگاته‌ ڕێکه‌وتن به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر مه‌لفی نه‌وت.

سێیه‌م. لا مه‌رکه‌زیه‌ت و دوو ئیداره‌ی، یه‌کێك له‌ ئه‌گه‌ره‌ به‌هێزه‌کانی به‌رده‌م جیۆستراتیژی کوردستانی عێراق له‌م کاته‌دا بریتیه‌ له‌ دوو ئیداره‌ی، چونکه‌ جگه‌ هه‌ولێکی زۆری سیاسی ئاشکراو و نهێنی هه‌یه‌ بۆ دابه‌شبوونی هه‌رێم بۆ دوو ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆ یان ده‌سه‌لاتی لا مه‌رکه‌زی. ئه‌م سیناریۆش زۆر به‌هێزه‌ به‌تایبه‌تیش دوای ده‌سبه‌کاربوونی ئه‌م کابینه‌ی حکومه‌ت له‌سالی 2019 و قه‌یرانه‌ دارایی و سیاسیه‌کانی نیوه‌ی یه‌که‌می سالی 2020.  

چواره‌م. شه‌ری ناوه‌خۆ و تێکچونی بارودۆخی ئه‌منی: دواین سیناریۆ بریتیه له‌ به‌رپابوونی شه‌ڕی ناوه‌خۆی نێوان ‌هێزه‌ کوردیه‌کان، به‌تایبه‌تیش له‌ سنوری زینی وه‌رتێ یان له‌نێوان په‌که‌که‌ و پارتی له‌ ڕێگای هێرشی تورکیا بۆسه‌ر قه‌ندیل یان پێکدادانی یه‌کێتی و پارتی. وه‌ هه‌روه‌ها دروستبوونه‌وه‌ی داعش و گروپه‌ توندره‌وکان له‌ بۆشایی سنوری هه‌رێم و حکومه‌تی فیدڕالی ئه‌مه‌ش له‌ چوارچیوه‌ی ئه‌م سیناریۆیه‌ ئه‌گه‌رێکی زۆره‌ بۆ رودانی شه‌ڕ له‌ سنوره‌کانی هه‌رێم یان تێکچونی بارودۆخی ئه‌منی ناوچه‌ کێشه‌ له‌سه‌ره‌کان.

دوای ته‌واوبوونی ڤایرۆسی کۆڕۆنا هه‌رێمی کوردستانی عێراق، له‌به‌رده‌م یه‌کێك له‌م چوار سیناریۆیه‌ خۆی ده‌بینێته‌وه‌. هه‌ر یه‌کێك له‌م چوار سیناریۆیه‌ش ناتوانێت گه‌شه‌ی ئه‌و هێزه‌ سیاسیانه‌ به‌رده‌وامی بدات. به‌هه‌مان ئه‌م فۆرمه‌ سیاسیه‌ی ئێستای ئیداره‌دانی حکومه‌تی هه‌رێم. هه‌روه‌ها باشترین بژارده‌ی به‌رده‌م حکومه‌تی هه‌رێمیش بریتیه‌ له‌ چاکسازی ریشه‌ی و گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌رێمه‌ بۆ رێکه‌وتن له‌گه‌ل به‌غدا. یان ڕاگه‌یاندن و په‌یڕه‌کردنی لا مه‌رکه‌زیه‌تی ئابووری و ئیداری.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand