هەموومان لە كەشتییەكداین
2020-05-02 10:04:48
بەهرە حەمەڕەش
یان پێكەوە دەگەینە كەنار یان پێكەوە نغرۆ دەبین
هەر لە پەیدابوونی ژیانەوە ململانێ و مەترسیی (مردن و ژیان)، لەناو مرۆڤ، ئاژەڵ و باڵندەکان هەن. هەر گیانلەبەرێک بە جۆرێک هەوڵی خۆپاراستن و مانەوەی داوە، دووچاری سەرکەوتن و شکست بووەتەوە. ململانێ و پێشبڕکێکانیش بۆ مانەوە هاتوونەتە ئاراوە. بۆ چارەسەری کێشەکان لە حاڵەتی ناچاریدا، مرۆڤەکان پەنایان بۆ (جادوو، ئەفسانە، ئایین، هزر و فەلسەفە) بردووە. لە کاتی تەنگانە، مرۆڤ هەوڵی داوە بە کەمترین زیان لێی دەرباز بێت.
ئێمەی کورد لە کوردستانی باشوور، هەموومان لەناو کەشتییەکداین، بە نقوومبوونی زیان بە هەموومان دەگات، هەتا کاریگەریی لەسەر پارچەکانی تریشدا دەبێت، ئەوە راستییەکی حاشاهەڵنەگرە. بۆیە دەبێ بۆ رزگارکردن، هەموومان هەوڵ بدەین و بە عەقڵ و پلانی هەمووان بگەینە کەنارێکی تر. نابێت خۆمان لە دیمەنە گەورەکە (جیهان) جیا بکەینەوە.
ئەوەی، کە لە دنیای مۆدێرن جیامان دەکاتەوە، جوگرافیای سیاسیی ئێمەیە، کە لەناو چوار دەوڵەت و داگیرکاران قەتیس کراوین، کێشەی ئێمە ئەوەیە، کە عەقڵ و راددەی پێشکەوتنی هزری سیاسی لای لایەنگەلێك، نەگەیشتووەتە ئاستێک کە کێشەکان بە دیالۆگ چارەسەر بکرێن، بەڵکوو هەمیشە كۆنەقین و خیانەت و گیانی دووبەرەکی و ململانێ، لەسەر حسابی رەنج و خەباتی ئەم نەتەوە ستەمدیدەیە پەرەی پێ دراوە.
دەستێوەردانی بەردەوامی داگیرکاران و بەردەوامیی خیانەت، ئەم پاشخانە وای کردووە، کە کورد لە زۆر وێستگەدا بەدرێژایی ئەم سەد ساڵەی بزووتنەوەی رزگاریخوازی، نەیانتوانیوە سوود لە ئەزموونەکانی خۆی و خەڵکی تر وەربگرێ، هەروەها لە زۆر لە قۆناغەکانی بزووتنەوەی کوردیدا، بەداخەوە لەجیاتی دیالۆگ و چارەسەری کێشەکان، هێز و تۆڵەسەندنەوە بەکار هاتووە.
کێشەکانی کاراکتەری مرۆڤی کورد، وەکوو دڵەڕاوکێی بەردەوام و ئاڵۆزی، چووەتە ناو خێزان و لەوێوە بۆ ناو کۆمەڵ و عەقڵی حزبایەتیش هەر بەم جۆرە بووە. لە قۆناغی سی ساڵەی حوکمڕانی کورددا، لەجیاتی گیانی هاوکاری و لەبەرچاوگرتنی خەبات و قوربانیدانی ئەم خەڵکە ماندووە، بەشێك لە حزبەكان ئەوەندەی خەریکی ناکۆکی و دروستکردنی گرفت بوون، ئەوەندە هاوکار نەبوون بۆ سەرکەوتنی ئەم ئەزموونە.
جیهان بەگشتی لەبەردەم قەیرانێکدایە، کە پێی دەڵێن (پەتای کۆرۆنا)، مەترسیی داڕمان و تەنگژەی ئابووریی گەورە لەسەر ئاستی جیهان چاوەڕوانکراوە. بێ گومان کاتێک گرفتی ئابووری و تەندروستی هەبوو، گرفتی کۆمەڵایەتییش دەبێت، کەواتە حزبەكانی ئێمە دەبێت لە خەمی دانانی رێگەچارەیەکدا بن، کە شیرازەی کۆمەڵگە بپارێزن، نەک ئەوەی ئێستا لە هەندێك حزب دەیبینین كە بە چاوچنۆكیی حزبی لەم قەیرانە دەڕوانن بە رادەیەك كە ئەم ئەزموونەشیان خستووەتە ژێر مەترسییەوە، کە بە خەبات و خوێنی چەند ساڵەی باپیرانمان هاتووەتە دی!
عەقڵی سیاسیی تێگەیشتوو و پێگەیشتوو، لە وەها دۆخێکدا هەلپەرست نابێت، بەڵکوو هەموو زانین و پڕۆژەکان بۆ دەرچوون لە قەیران یەک دەخەن، بۆ ئەوەی بتوانن ئەم قۆناغە تێپەڕێنن، ئەرکی حزبەکانە بە چەپ و راست، ئیسلامی و عەلمانی، حزبی ئۆپۆزسیۆن و ناو حکوومەت، لە تێپەڕاندنی ئەم دۆخە هاوکاری كابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی كوردستان بن.
لە قۆناغێکداین ئەگەر دەستی یارمەتی بۆ یەکتر درێژ نەکەین، رووبەڕووی چارەنووسێکی نادیار دەبینەوە، کەسیش لە زیانەکانی بەدەر نابێت. بۆیە کاتی ئەوە نییە، کە بڵێین خەتای کێیە و هۆکار کێ بوو. خەڵکی هۆشیار لەم جۆرە دۆخانەدا رۆڵێکی بەرچاو دەبینن، دەبێت بزانن جیا لە ئەرکە نەتەوەیی و نیشتمانییەکە، ئەرکێکی مرۆییانەشە، کە رێگە نەدەن خەڵک دووچاری برسێتیی زیاتر ببێتەوە.
سیاسییەکان هەرچۆنێک بیر دەکەنەوە، دەبێت لەوە تێگەیشتبن، کە رەوشەکە دەرفەت بەوە نادات کار بە عەقڵی تۆڵەسەندنەوە و تەسفییەی حساب لەگەڵ یەکتردا بکەن لە گەرمەی قەیراندا، چونکە ئەو ئەزموونە بەرەو هەر مەترسییەک بچێت، هەمووان تێیدا زیانمەند و سەرلێشێواو دەبن. بەداخەوە مێژووی کوردیش پڕە لەم جۆرە کارەساتانە.
ئەزموونی کوردستانی باشوور، بە رەنج و ماندووبوونی هەمووان دروست بووە، دەکرێت ئێستاش بە هەمان هەوڵی دەستەجەمعی رزگار بکرێت، هەر لایەنێک بەشداریی ئەم پرۆسەیە بکات، ئەوا بەشداریی مێژووی پرشنگداری میللەتی کورد دەکات.
بەڕاستی، زۆرینەی رۆشنبیران و روناکبیرانییش لەم بوارەدا زۆر کەمتەرخەمن، چونکە بەپێی ئەزموونی مێژوو، شۆڕشی ئۆکتۆبەر، کە لە 1905تووشی شکست بوو، دوای یەک ساڵ، مەکسیم گۆرکی رۆمانی (دایک/ 1906)ی نووسی، کە مۆراڵی هەموو خەڵکی بلۆکی سۆسیالیزمی بەرز راگرت. هەروەها دوای تێکچوونی شۆڕشی فەرەنسی/ 1799، بیتهۆڤن (سمفۆنیای نۆیەم/ 1824)ی وەک وەڵامی ئەم شکستە پێشکەشی گەلی فەرەنسی و جیهانی کرد. دیسان دیلاکروایش لەبەر هەمان مەبەست، تابلۆی (ئازادی سەرکێشی گەلان دەکات/ 1830)ی کێشا. کەواتە ئەمڕۆش لەم رەوشەی جیهان بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی تێی کەوتووە، دەبێت رۆشنبیران و روناکبیرانی کورد، ئەرک و رۆڵێکی مێژوویی، هەم لە بەرزڕاگرتنی مۆڕاڵی خەڵک و هەم لە یەک نزیککردنەوەیان، یەکگرتنی گوتاری کوردی ببینن.