Draw Media

تکایە گەنجان خۆتان فێری پیشەیەک بکەن..

تکایە گەنجان خۆتان فێری پیشەیەک بکەن..

2020-05-01 12:49:56


ســـــەرکۆ یونس*
ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ئاستەنگەکانی ژیان لەم هەرێمەدا قورسترو گرانتر دەبێت و باروگوزەرانی هاونیشتیمانیان خراپتر دەبێت و ڕێژەی بێکاری لەناو توێژی گەنجانی خاوەن بڕوانامە زیاتر هەڵدەکشێت و بووەتە دیاردەو قەیرانێکی گەورەو مەترسیدار و بەداخەوە حکومەتیش توانای چارەسەرکردنی هیچ قەیران و دیاردەیەکی ئابوری و کۆمەڵایەتی نی یە و نەماوە!
بەپێ ی ئامارە ناڕەسمییەکان ڕێژەی بێکاری لەهەرێمدا زیاتر (%20) ی دەستی کاری هەرێمی تێپەڕاندوە و دەستکەوتنی کار بووەتە واقعێکی مەحاڵ.
دانیشتوانی هەرێم نزیکەی (6 ملێۆن و 300 هەزار) دەبێت هەرچەندە ئامارێکی زانستی فەرمی نی یە بەڵام ئامارەکان ئەوە ڕوون دەکەنەوە کە هەرێمێکی گەنجە و ڕێژەیەکی بەرزی دانیشتوان لە توێژی گەنجان و لاوان پێک دەهێنێت.
ساڵانە بەهۆی دەرچونی دەیان و سەدان کوڕ وکچ لە زانکۆو پەیمانگا حکومی و ئەهلییەکان ڕێژەی بێکاری لەهەڵکشاندایە وبەبێ ئەوەی هیچ جۆرە پلانێک هەبێت لەلایەن حکومەت و کەرتی تایبەتەوە و ڕەخساندنی هەلی کاری نوێ بوونی نی یە و بازاڕی کاری کوردستان لە نزمترین ئاستدایە و وەڵامی خواستی دەستی کار ناداتەوە.
ئاشکرایە لەدوای قەیرانی دارایی ساڵی (2014) و شەڕی داعشەوە ئابوری هەرێم توشی داتەپینی خێرا بویەوە کاریگەری کردە سەر لایەنی ئابوری و کۆمەڵایەتی و سیاسی دانیشتوان و لەڕووی ئابوریەوە سەرهەڵدانی بێ بازاڕی و بێکاری ڕوو لەزیادبون بوو هەروەها لەلایەنی کۆمەڵایەتیەوە دەیان کێشەو دەردی دەرونی و جیابونەوەی هاوسەران زیادی کرد و لەرووی سیاسیشەوە نەمانی ئینتیمانی نیشیتمانی و نەتەوەیی بووەتە دیاردەیەکی ڕوون وئاشکرا وبەدەیان گەنج ولاوی هەرێم ڕوویان لە دەرەوەی وڵات کرد، هەروەها دابەزینی نرخی نەوت بۆ (20) دۆلار و سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەوەندەی تر بارەکەی قورستر کرد و سەرجەم جومگە سەرەکییەکانی ئابوری و بازاڕی بەجارێ پەکخست و جموجوڵی بازرگانی نزیک کردەوە لە خاڵی سفرو دەرئەنجامەکانی ئابوری وکۆمەڵایەتی و سیاسی زیاتر بوو لەسەر کۆمەڵگای کوردستان.
ئەوەی ئەمانەوێ تیشکی بخەینە سەر توێژی گەنجان و لاوانی خاوەن بڕوانامەن کە هەلی کاریان بۆ نەڕەخساوە و چینێکی مەحرومن لە دارایی و بژێوی،بەداخەوە ڕووداوەکان و ئاماژەکان بەرەو ئەوە دەڕۆن کە هیچ ئومێدێکی دڵخۆشکەر لە داهاتوی کوردستاندا بوونی نیە و ژیان و گوزەران تا بێت قورستر و گرانتر دەبێت و دەستکەوتنی داهات و سەرچاوەی بژێوی یەکێکە لە کارە ئەستەمەکان.!
هەر بۆیە وەک ئابوریناسێک پێشنیار دەکەم بۆ سەرجەم کوڕو کچانی وڵاتەکەم خۆیان فێری کارو پیشەیەک بکەن و سەرچاوەیەکی بچوکی داهات بۆ خۆیان دابین بکەن با کەمیش بێت ووردە ووردە بە پلان و ئەزمون کردن کارو پیشەکەیان بەرەو پێشەوە ببەن و پارە کۆبکەنەوە و بیر لە گەورەکردنی کارەکەیان بکەنەوە هەوڵی ئەوە بدەن لەئایندەدا ببن بە بازرگان  وخاوەن کار و پیشە کە سوود بە خێزان و تاکەکانی کۆمەڵگا بگەیەنن ،لــــــەنمونەی ئەو کارو پیشانەی کە لەهەرێمدا زۆربەی کات خواستی لەسەرە زۆرن وەک پیشەی درومانی و سەرتاشین و جوانکاری خانمان و چاککردنەوەی مۆبایل و ئامێرە کارەباییەکانی ناو ماڵ و دوکان و شوێنە گشتیەکان و نان کردن و نانەوایی وشیرەمەنی و پیشەدەست ڕەنگییەکانی خانمان و ئاسنگەری و کاری پلاستیک و دارتاشی و کاری دیلیڤەری پێویستییەکانی دانیشتوان و هەموو ئەو کارو پیشانەی کە خواستیان لە سەرە با بچوکیش بن .هەرچۆنێک بێت ئەم کارانە باشترن تا ئەوەی بەدیار بەڵێنی بریقەدارو درۆی سیاسییەکانەوە توشی دەیان دەردی دەروونی ببینەوە.
بەخوێندنەوەی واقعی ئابوری و سیاسی هەرێم ئەوەمان بۆ دەر دەکەوێت کە سەرەڕای بوونی چەندین قەیران و کێشەی گەورە و مەترسیدار هیچ هیوایەکی دوور ونزیک بوونی نی یە تا بمانگەیەنێتە کەناری بەرەو پێشچون و سەرکەوتن!
حکومەتی هەرێم بەدەست چەندین کێشەو قەیرانەوە دەناڵێنێت کە گەورەتریان هەبوونی ڕێژەیەکی زۆری مووچەخۆر و فەرمانبەرە کە زیاتر لە (680) هەزار فەرمانبەری هەیە دەتوانین بڵێن زیاتر لە(%50) ی بێکاری شاراوەن و هیچ بەرهەمێکیان نی یە و تەنها بارگرانین بەسەر بودجەی هەرێمەوە و مانگانە بەدەیان ملیار دینار مووچەیانە جێگەی خۆیەتی ئاماژە بە توێژینەوەیەکی زانستی خوالێخۆش بوو دکتۆر محمد ڕەئوف بدەین کە لەدەرئەنجامدا دەڵێت  لەکۆی  (5) فەرمانبەری هەرێم (4) زیادەن و دەچنە ژێر ڕکێفی بێکاری شاراوەوە کە حکومەت خۆی دروستی کردوە ئەمانەش دەبنە بار و کۆسپ و لەمپەر لەبەردەم ئابوری هەرێمدا.
ئەمە سەرەرای بەسەدان خانەنیشینی سەربازی و خانەنشینی نایاسایی کە گەورەترین کۆسپ و تەگەرەن و خەرجی زیادەن بەسەر بودجەی هەرێمەوە و لەهەمووی خراپتر کەڵەکە بوونی ئەو قەرزە زۆرەیە بەسەر حکومەتەوە کە زیاتر لە (20) ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت و ساڵانەش لەزیادبووندایە..!
ئەم بابەتە نەڕەش بینی یە نەگەش بینی یە بەڵکو ئەمە واقعی ئابوری هەرێمە و هەریەکەمان بەرپرسین بەگوێرەی پلەو ئاستی دیاری کراومان.
لەبەرئەوە چیتر پێویست ناکات بیر لە دامەزراندنی حکومی بکەینەوە و ئومێدمان بە کابینەکانی حکومەت ببێت ئەوەی دەوترێت حکومەت تا (10) ساڵی تر ناتوانێت هەلی کار لەکەرتی گشتی بڕەخسێنێت کەواتە وا باشترە لەخەمی خۆماندا بین و هەر لــــەر ئێستاوە هەنگاو بنێن و دەست پێ بکەین و کارێک بکەین....
*ئابوریناس

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand