Draw Media

هەرێم و کێشەی ناڕۆشنی گوتارو بەمەرجەعکردنی ناچاریی دەستور 

هەرێم و کێشەی ناڕۆشنی گوتارو بەمەرجەعکردنی ناچاریی دەستور 

2020-05-01 09:18:48


ئەبوبەكر كاروانی

لەوڵاتێکدا کە کلتوری دەستورسالاری تێدانیە، دەستور بەڵگەنامەیەکی یەدەگەو لەهەندێ کاتی پێویستدا و لەڕوانگەی بەرژەوەندییەکانی خۆیان وقەڵسکردنی نەیارە سیاسیەکانیان و لاوازکردنی پێگەیان و پاساودانی شەڕەکانیان،  سیاسیەکان پەنای پێ دەبەن. لەم دۆخەشدا  دەقەکانی بەپلەی یەکەم هێز ڕاڤەیان دەکات نەك دامەزراوە دەستوریەکان. باهەندێ جاریش ببنە ڕوپۆشی هێزەکە. ئەم لێکدانەوە بۆعێراق و هەرێمیش ڕاستە. هەرێم دوای  ١٦ی ئۆکتۆبەرو دەرهاویشتەکانی ڕیفراندۆم و کەوتنە بەرهەڕەشەی جددی قەوارەی هەرێم، دروشمی پەنابردنە بەر دەستوری و بەمەرجەعکردنی بۆبەلاداخستنی کێشەکان و دیاریکردنی ئەرك و مافەکان بەرزکردەوە. واتە لە دۆخی لاوازی و لەناچاریدا پەنای بۆ دەستورو بە مەرجەعکردنی بردووە. پەنابردنەکەش بۆبیرهێنانەوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بوو کە شتێ هەیە بەناوی قەوارەی دەستوری هەرێم و پێویستە بیپارێزن .هەروەها بۆ وەستاندنی هێرش و فشارەکانی بەغداو نیازپاکی نیشاندان وسنوردارکردنی داڕوخانەکان بوو،  کەناهاوسەنگی هێزو لێکهەڵوەشاوەیی دۆخی نێو خۆ هێنابویە کایەوە. گوتارەکە لەجەوهەردا  هێندەی بۆ تێپەڕاندنی کات و کەمکردنەوەی فشارەکان بوو، بۆ بەمەرجەع کردنێکی ڕاستەقینەی دەستور بە شێوەیەکی هەمەلایەنە نەبوو نیە.چونکە بەشێکی بەرچاوی واقیعی هەرێم و ئیمتیازە ناڕەواکانی دەستە بژێری حوکمڕانیش،  لەدەرەوەی بەشێ لە دەقەکانی دەستورو بەشێوەی دیفاکتۆ  داڕێژرابوون. هەربۆیە پیادەکردنی دەستوور چەکێکی دووسەرەیەو بەشێکی لەقازانجی هەرێم ونوخبە خاوەن بەرژەوەندییەکەشی نیە. بەڵکو تائاستێکی بەرچاو ئەوەی لەڕابردووا هەبووە نایهێڵێت و لەچەندین ڕوەوە بچوکی دەکاتەوەو لەقاڵبی دەدات. ئەمەش وادەکات بەرزکردنەوەی دروشمی بەمەرجەعکردنی دەستوور بە ئیحراج بوون و کەم بوونەوەی متمانەو میسداقیەتی لایەنی کوردی تەواو ببێت. بەحوکمی ئەوەی دەستورەکە کەم وکورتی زۆری تێدایەو واقیعی داڕووخاوی عێراقی دوای ٢٠٠٣ ش کارێکی کرد هەرێم زۆر گوێ بە دەستورنەدا. هەربۆیە ڕەنگە داواکردنی تەوافوق وکردنی بە جەوهەروناسنامەی عێراقی نوێ وڕۆحی دەستور بۆکورد باشتروبێ کێشەتر بێت .بەڵام کێشەکە لەوەدایە بەغدا لە چەندین ئاستدا ئەو قۆناغەی تێپەڕاندووە. پەی بەلاوازی و بێ دەرەتانی هەرێم بردووە و هاوپەیمانە هەرێمایەتیەکانیشی لەسەر خەتن و ئەومتمانەی بۆ بەرجەستەکردنی تەوافوقیش پێویستە ، لەنێوان هێزەکاندا نەك هەر لەسەر ئاستی عێراق،  بەڵکو لەسەرئاستی هەریەك لە پێکهاتەکانیش لاواز بووە. بۆیە ئێستا کوردو هەرێم لەدۆخی ناڕۆشنی دیدە قەیرانی پێوەردا دەژین. ڕەنگە گرەوکردن لەسەر سیاسەتی تێپەڕاندنی قۆناغ بە قۆناغی کات و مل نەدان بە پابەندییەکانیش بەوێنەی جاران ئاسان نەبێت. هەڵبڕینی دروشمی بەمەرجەعکردنی دەستوریش لەبەر دۆخی عێراق و بێ ناوەڕۆککردنی دەستورو کێشەکانی خودی دەستور سەبارەت بە کورد، کێشەکان چارەسەرناکات .ناکۆکی لەسەر ڕاڤەکردنی دەستوریش لەسایەی دۆخی باڵادەستی عەقڵی میلیشیاگەری و نادیاری لۆژیکی دەوڵەتدا ،کێشەیەکی ترە. لاوازبوونی کارتەکانی کوردیش بۆگەمە کردن لەدەرەوەی بەشێ لە دەقەکانی دەستور و بەکارهێنانی دەستور بەشێوەیەکی گوڵبژێرو ئینتیقائی زەحمەت بووە. ئەمە جگە لە ڕەنگدانەوەکانی ململانێ ی نێوان تاران و واشنتۆن کە ڕەهەندی نوێ بۆ کێشەکانی کورد لەگەڵ بەغدا زیاد دەکات و بەگوتارگیراو( موخاتەب) یش بەناڕوونی دەهێڵێتەوەو مەسەلەکە لەچوارچێوەی دەستورو تەنانەت ڕازی کردنی حوکمڕانەکانی بەغداش دەردەهێنێت و پانتاییەکی فراوانتریان پێ دەدا. هەموو ئەمە پێمان دەڵێت کورد کێشەی دروشم و گوتارو مەرجەع و مانۆڕی هەیە. کەئەگەر بومەلەرزەیەك دۆخەکە بەسەریەکدا قڵپ نەکاتەوەو ڕێساکانی ئێستای گەمەکە تێك نەدات ، مەترسی ئەوە هەیە ، لەسایەی کەمی بژاردەو ناهاوسەنگی هێزو داڕزاوی پەیوەندی نێوان هێزە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم ،  بەگیانێکی نادەستوری تاك لایەنە دەستور بەسەر هەرێمدا بسەپێنرێت..نەك لەپێناو ڕێکخستنی پەیوەندیەکی دادپەروەرانەی نێوان هەرێم و بەغدا، بەڵکو بۆ کۆتایی هێنان بەو گۆڕانکاریە سەرەتایەی قەوارەی هەرێم لە جیۆپۆلۆتیکی ناوچەکەدا خوڵقاندوویەتی. هەرچیش لەم ڕوەوە ڕووبدات بەرپرسیاری یەکەم خۆمانین. بێ ئەوەی ئەم قسە یەکسان بێت بە بەرزکردنەوەی ئاڵای سپی یاخود کەم کردنەوەی لێپرسراوێتی  میرتگرانی بەعس لە بەغدا. جانازانم هەڵوێستەیەك دەکەین و دووبارە بینای گوتارو شێوازی کارو ناوخۆمان دەکەینەوەو دەبینە خاوەنی ستراتیژێکی  سازان لەسەرکراوو تۆبەیەکی ئەخلاقی و سیاسی دەکەین و لانی کەم لەو ئاستە بەربڵاوەدا دەست لە گەندەڵی و ناعەدالەتی هەڵدەگرین و هەوڵی ڕزگار کردنی گەل و وڵاتەکەمان لەم دۆخەدەدەین،  یاخود لەکوێ پچڕا لەوێ گرێی دەدەینەوەو بەپینەو پەڕۆ دۆخەکە بە ڕێ دەکەین و چاوەڕێی قەدەرێکی نادیار دەکەین؟

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand