Draw Media

چەپڵەیەک بۆ بەرهەم ساڵح

چەپڵەیەک بۆ بەرهەم ساڵح

2020-05-01 09:18:41


 ئاسۆ حاجی

 هەڵوێست و لێدوانەکانی سەرۆک کۆمار دکتۆر بەرهەم ساڵح جێگای رێز و ستایشن لە بەرامبەر ئەو یاسا و دەستوور شکێنیەی هؽزە شیعیەکان لە بەرامبەر مافە دەستووریەکانی خەڵکی کوردستان دەیکەن لە بڕینی بودجە و ئێستاش مووچەی فەرمانبەران،هیوادارم هەموو هێزەکان پاڵپشت و هاوکاری بن،ئێستا دکتۆر بەرهەم لە بەرزترین پلە و ئاستدا نوێنەرایەتی گەلی کوردستان دەکات لە دامەزراوەی دەوڵەتی عێڕاقیدا بۆیە باشترە ململانێ و رووداوەکانی رابردوو لەبیر بکرێ و پێکەوە مل بدرێتەوە بەر ئەو ئەرکەی لەو قۆناغە کەوتۆتە سەرشانی هەمووان.
مێژووی شەت ساڵەی رابردوو ئەوەی نیشانداووین کە بە یەکگرتوویی دەتوانین ئەوەی بمانەوێ وەدەستی بێنین و بە لێکترازانیش ئەوەی دوژمنان بیانەوێ لێمان دەستێنن،بۆیە با ئەوە بکەینە گوارە و لە گوێمانی بکەین "کورد ئەگەر گۆشتیشت بخوا ئێسکت ناشکێنی" یان ئەو شیعرەی ئەحمەدێ خانی لەسەر دڵمان و ناو مێشکمان بنەخشێنین کە دەڵێ " ئەگەر مە هەبووا ئیتیفاقەک ،ڤێکرا بکرا مە ئینقیادەک ، رۆم و عەرەب و عەجەم بە تەمامی ، هەمیا ژ مەڕا دەکرد غوڵامی".
پارتی و یەکێتی زیاتر لە پەنجا ساڵ هیچ نەما بەیەکی نەکەن لە ئەنجامدا ساڵ بە ساڵ ئەوان لاوازتر و کوردستان کاولتر و دوژمن زاڵتر و بەهێزتر دەبوو،بەڵام کە سەرۆک بارزانی و مام جەلال دەستیان خستە ناو دەستی یەکتر و بوونە تەواوکەری یەکتر بەخۆیان بوونە رەمز و قارەمان و بەشێک لە مێژووی زیندو و درەوشاوەی کوردستان و کوردستانیش لە سەردەمی هەرە زێڕینی خۆی دەژیا و خێر و بێر و کاریگەری باشوری کوردستان پەڕیەوە پارچەکانی دیکە کوردستانی دایک.
لەوەتەی بەرهەم ساڵح بۆتە سەرۆک کۆمار، پارتی یان باڵەکانی ناو یەكێتی چ قازانجیان لە لاوازی ئەو کردووە! خێری کوردستان لە کوێدایە کە نوێنەرەکەی لەوانەی دیکە بەهێزتر نەبێت کە پێویستە بەهێزتر بێت،ئایا جارێک پارتی یان گۆڕان و یەکێتی لەخۆیان پرسیوە،عەبدولمەهدی یان مالیکی و جەعفەری و فڵان و فیسار  هەر چەند باش بن ئەوان تەنها دۆستن قەت نابنە خوێن و گۆشت بەڵام دکتۆر بەرهەم هەر چەند رکابەری کردبین و بگرە ئازاری دابین ئەوە خوێنی ئێمەیە و خوێنیش هەرگیز نابێتە ئاو.
ئەو چەند رۆژە کە شیعە دەیانەوێ هەموو شکست و دزی و تاڵانی و نەخۆشی و گرێ مەزهەبیەکانیان بە سەر کورد بڕێژن و لە سوننە خراپترمان بەسەر بێنن و قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان هەڵوەشێنەوە بەرهەم ساڵح هەڵوێستی کوردان و ئازایانەیە بەڵام دەبوا کوردستان زیاتر پاڵپشتی بێ و هێزی پێبدا.
ئەمن زۆر دژی شێوازی بوونە سەرۆک کۆماری بەرهەم ساڵح بووم و لە دوای خیانەتی شازدەی ئۆکتۆبەریش هەڵوێستەکەیم لا پەسند نەبوو کە داوای حکومەتی ئینقازی دەکرد،بەڵام بۆ هەڵوێستی ئێستای بە دڵ چەپڵەی بۆ لێدەدەم و ئافەرینی لێ دەکەم،هیوادارم لە ئێستا توندتر و رشتتر لە سەر مافەکانی گەلی کوردستان بەگژ داگیرکەران دا بچێتەوە،داواش لە سەرکردایەتی سیاسی کوردستان دەکەم دۆسیەی بەغدا بدەنە دەست دکتۆر بەرهەم و بەهەموو هێزەوە پاڵپشتی بکەن و چیتر کوڕی خۆیان بە قوربانی عینادی سیاسی و ململانێی حیزبی نەکەن،چەنکە هەموو لا دەبی ئەوە بزانن کە "بێگانە(عارەب)یەک مەیدانە"، دکتۆر بەرهەمیش دەبی ئەوە بزانێ کە ئەگەر گەلی کوردستان شکست بێنێ ئەویش نە سەرۆک دەمێنێ و هەموو ئاوی دیجلە و قوڕات بخواتەوە عارەبێک پێی ناڵێ عافیەتە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand