Draw Media

هه‌له‌كانی پێكهێنان و ئه‌ركه‌ ئاینده‌ییه‌كانی حكومه‌ته‌كه‌ی كازمی

هه‌له‌كانی پێكهێنان و ئه‌ركه‌ ئاینده‌ییه‌كانی حكومه‌ته‌كه‌ی كازمی

2020-04-28 19:51:45



لوقمان حاجی قادر
چاره‌نووسی عێراقی تازه‌ وا بوو كه‌ به‌دوور بوو له‌ شه‌پۆله‌كانی به‌هاری عه‌ره‌بی، به‌ڵام به‌دوور نه‌بووه‌ و به‌دووریش نابێت له‌ شه‌پۆل و ده‌رهاویشته‌‌ به‌ ته‌و‌ژمه‌‌كانی شه‌قامی ڕاپه‌ڕیوو‌ كه‌ ڤایرۆسه‌ كوشنده‌كه‌ی كۆرۆنا بۆ ماوه‌یه‌كی نادیار وه‌ستاندوویه‌تی و شیمانه‌ی ئه‌وه‌ش‌ هه‌یه‌ دووباره‌ ئاگره‌كه‌ی‌ له‌ بن خۆڵه‌مێشه‌كه‌وه‌ سه‌رده‌رێنێته‌وه‌. ده‌ركه‌وتنی ڤایرۆسه‌كه‌ و ده‌رهاویشته‌ دارایی و ئابوورییه‌كانی، قه‌باره‌ی كه‌موكوڕی و داڕزانی سیسته‌می سیاسی عێراقی باشتر ده‌رخست، جادووی زێڕه‌ ڕه‌شه‌كه‌شی به‌تاڵ كرده‌ووه‌ كه‌ عێراق و ده‌وڵه‌ته‌ ‌به‌رخۆره‌كانی ناوچه‌كه له‌ سایه‌یدا پاڵكه‌وتبوون.
جا چونكه‌ به‌ڵاو مه‌ینه‌تییه‌كانی گه‌ل و میلله‌تێك به‌ كۆمه‌ڵ دێن، بۆیه‌ كۆرۆنا و ده‌رهاویشته‌ نه‌رێنییه‌كانی هه‌گبه‌ی عێراقییان قورستر كرد كه‌ پڕاوپڕه‌ له‌ گرێكوێره‌ی بونیادگه‌رایی كه‌ڵه‌كه‌ بوو كه‌ باری عێراقیان چه‌نده‌جاره‌ قورستر كردووه‌. له‌وه‌ش‌ خراپتر واده‌ی دوای ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی بوو كه‌ هێزه‌ سیاسییه‌كان نه‌یانتوانی مامه‌ڵه‌یه‌كی ئه‌رێنییانه‌ له‌گه‌ڵ ته‌نگژه‌ تاقه‌تپڕۆكینه‌كه‌ی حوكمڕانیدا بكه‌ن؛ له‌ كاتێكدا شه‌قام گۆڕانێكی ڕه‌یشه‌یی ده‌وویست، هێزه‌ سیاسییه‌كان ئامانجیان گه‌ڕێكی تازه‌ی قورتوقولاپ و خۆحه‌شاردان و ساردكردنه‌وه‌ی جۆش و خرۆشی جه‌ماوه‌ر بوو، ده‌رئه‌نجامیش دوو ڕاسپێردراه‌وه‌كه‌ی پێشوو بوونه‌ به‌رانی قوربانی كه‌ بڕیار بوو حكومه‌تی تازه‌ی‌ عێراق پێكبێنن، ئه‌م ڕاستیه‌ش باشتر ده‌ركه‌وت كاتێك له‌ سه‌ره‌تادا هێزه‌ سیاسییه‌كانی عێراق  به‌ خێرایی و پاڵپشتییه‌كی زۆره‌وه‌ له‌سه‌ر كازمی سازان  و دواتریش به‌ شێوه‌یه‌كی به‌شه‌كی( جزئی) خۆیان له‌ پشتیوانیكردنی دزیه‌وه‌، ئه‌مه‌ش‌ پێنوێنه‌ كه‌ هێشتا ، كه‌م و زۆر، شیمانه‌ی ئه‌وه‌ ماوه‌،‌ ئه‌ویش به‌ ده‌ردی دوو ڕاسپیردراوه‌كه‌ی پێشوو به‌رن.
له‌ ساته‌وه‌ختی كه‌وتنی عه‌لاوی و زورفییه‌وه‌، گومانه‌كان به‌ره‌و ئه‌وه‌ بوون كه‌ هێزه‌ سیاسییه‌ عێراقییه‌كان بۆ به‌و خێرایی و قه‌باره‌وه‌ له‌سه‌ر مسته‌فا كازمی سازان و قبوڵیان كرد، زۆرێك له‌ چاودێرانی سیاسیش ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ به‌ جۆرێك له‌ ده‌ستی ده‌ستی و قۆرتوقولاپ تێگه‌یشتن بۆ ده‌ستكه‌وتنی كاتی زیاتر و وه‌لانانی زورفی به‌ كازمی و دواتریش وه‌لانانی وورده‌ وورده‌ی خودی كازمی، ئامانجه‌ سه‌ره‌كییه‌ داواكراوه‌كه‌ش هێشتنه‌وه‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی عه‌بدولمه‌هدیه‌ه‌ بۆ زۆرترین ماوه‌، ئه‌مه‌ش له‌ ترسی بوو له‌ پرسگه‌لێك كه‌ یه‌كێكیان ئاماده‌سازییه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنێكی پێشوه‌خت كه‌ ئه‌گه‌ر سه‌ربگرێت نه‌رێنییانه‌ به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات و هه‌ژموونیاندا ده‌شكێته‌وه‌.

چاودێران پێیان وایه‌ سێ بژارده‌ له‌ به‌رده‌م كازمیدان؛ یان به‌ هه‌واو ئاره‌زووی هێزه‌ سیاسییه‌كان هه‌ڵپه‌ڕێت و  به‌مه‌ش متمانه‌ی په‌رله‌مانی بۆ حكومه‌ته‌كه‌ی مسۆگه‌ر ده‌كات، یان به‌‌ خستنه‌گه‌ڕی لێزانی و كارزانییه‌  سیاسییه‌كه‌ی لیستێكی تێكه‌ڵه‌ له‌ پاڵێوراوان پێكبێنێت كه‌ جێگه‌ی ڕه‌زامه‌ندی شه‌قام و هێزه‌ سیاسییه‌كانیش بێت و به‌ختی ئه‌م بژارده‌یه‌ش خراپ نابێت له‌ وه‌رگرتنی متمانه‌ی په‌رله‌مانی، یاخود داوای لێبووردن بكات و ده‌ست له‌كار بكێشێته‌وه‌. به‌ گوێره‌ی پێدراوه‌ هه‌بووه‌كانی ئێستای سه‌ر گۆڕه‌پانی سیاسی، چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ ده‌كرێت كازمی بژارده‌ی دووه‌م پیاده‌ ب‌كات، چونكه‌ بژارده‌ی یه‌كه‌م ئه‌زمونكراوێكی شكستخواردووی نه‌زۆكه‌، بژارده‌ی سێیه‌میش تا ڕاده‌یه‌كی زۆر به‌دووره‌ له‌ پیاده‌كردن، چونكه‌ بژارده‌كانی هێزه‌ شیعییه‌كان مه‌یله‌ و چۆڕه‌بڕ بوون، ده‌رهاویشته‌ نه‌رێنییه‌كانی كۆرۆنا و دۆخه‌ ناله‌باره‌ داراییه‌كه‌شی هاتوونه‌سه‌ر كه‌ به‌ هۆی دابه‌زینی نرخی نه‌وته‌وه‌ سه‌ریانهه‌ڵداوه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ ژینگه‌ ده‌ره‌كییه‌ فشارهێنه‌ره‌كه‌ و ترس و دڵه‌ڕاوكێی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌ دووباره‌ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی خۆپێشاندانه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كان، هه‌روه‌ها ترسی هێزه‌ سیاسییه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان له‌و‌ شیمانه‌ نادیارانه‌ی كه‌ ڕه‌نگه‌ بۆ ئه‌وان باش نه‌بێت.
كه‌واته‌ كێشمه‌كێشمه‌كه‌ له‌ نێوان شه‌قام و هێزه‌ سیاسییه‌كاندایه‌، هه‌ردووكیان خاوه‌ن پایه‌ و بنه‌ماكانی كاریگه‌ری و هه‌ژموونن، به‌ دووریش ده‌زانرێت له‌ دۆخی ئێستادا ئه‌م پرسه‌ به‌لایه‌كدا بخرێت، بۆیه‌ هه‌ر ده‌بێت هه‌ردوولای هاوكێشه‌كه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ هه‌ڵكه‌ن و به‌رپرسیاریه‌تی ته‌نگژه‌ سیاسییه‌كه‌ له‌ ئه‌ستۆ بگرن و به‌ چاره‌سه‌ره‌ مامناوه‌نده‌كان ڕازیبن كه‌ ده‌رهاویشته‌ی واقعی ئێستان.
سه‌رباری هه‌موو ئاسته‌نگ و به‌ربه‌سته‌كانی سه‌ر ڕێگه‌ی كابینه‌ وه‌زارییه‌كه‌ی كازمی، كه‌چی هێشتا هه‌له‌كانی سه‌ركه‌وتنی زیاترن له‌ شكستهێنانی، بۆیه‌ واپێده‌چێت له‌ كۆتایدا لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان كابینه‌كه‌ی كازمی‌ تێپه‌ڕێنن، ئه‌مه‌ش‌ دوای ئه‌وه‌ی بۆ خستنه‌ده‌ستی ده‌ستكه‌وت و ده‌ستبه‌رداربوونی ده‌ستكه‌وته‌كان، هه‌موو كارته‌كانی بنده‌ستیان خستنه‌كار. خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌و سیناریۆیه‌ش سه‌ربگرێت، ئه‌وا وه‌رچه‌رخانێكی ئه‌رێنی ده‌بێت له‌ شۆڕبوونه‌وه‌ی ته‌نگژه‌ سیاسییه‌كه‌ی عێراق، سه‌ره‌تایه‌كیش ده‌بێت بۆ ڕاستكردنه‌وه‌ی ئاراسته‌ چه‌وته‌كان كه‌ ده‌مێكه‌ له‌ جوغزه‌ نیشتمانییه‌كانی خۆیان ده‌رچوون و لاڕی بوون.
به‌ڵام له‌وه‌ گرنگتر و سه‌خت و دژوارتر، قۆناغی دوای وه‌رگرتن متمانه‌ی په‌رله‌مانییه‌ كه‌ پێویستی به‌وه‌یه‌ ده‌ست به‌ چاكسازییه‌ بونیادگه‌راییه‌كان بكرێت، گرفته‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێن، به‌ره‌نگاری ئاڵێنگارییه‌ ناوخۆیی و ده‌ره‌كییه‌كان ببنه‌وه‌ و ئه‌رێنییانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ گرێكویره‌ سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا بكرێت، ئه‌مه‌ش به‌وه‌ی هه‌لی پێكهێنانی حكومه‌ته‌ تازه‌كه‌ بقۆزرێته‌وه‌ بۆ تێپه‌ڕاندنی ته‌نگژه‌ سیاسییه‌كه‌ی ئێستای عێراق به‌ ده‌ستپێكردنی چاوخشاندنه‌وه‌ به‌ بودجه‌ی گشتی و ڕێككه‌وتننامه‌كان و شێوازی به‌ڕێوه‌بردنی حوكمڕانی، هه‌موو ئه‌مانه‌ش له‌ ڕێگه‌ی دابینكردن و باشتركردنی خزمه‌تگوزارییه‌كان و كۆششكردن بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ ڕێگه‌ی كه‌مكردنه‌وه‌ی جیاوازی زۆری موچه‌ی نێوان هاوڵاتییان به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی بژێویان، هه‌روه‌ها له‌به‌رچاوگرتنی داواكارییه‌كانی خاوه‌ن پێداویستییه‌ تایبه‌ته‌كان و خه‌ڵكانی كه‌م ده‌رامه‌ت و كردنی به‌  نه‌خشه‌ ڕێگایه‌ك كه‌ حكومه‌تی ئاینده‌ی عێراق له‌سه‌ری بڕوات، ئه‌مه‌ سه‌رباری ئه‌وه‌ی پێویسته‌ ئاراسته‌ی كێبڕكێكان به‌ره‌و گۆڕه‌پانی خزمه‌تكردنی هاوڵاتییان وه‌رچه‌رخێندرێت، چونكه‌ ئه‌گه‌ر عێراق حوكمڕانییه‌كی باشتر له‌ ئێستای هه‌بێت، ده‌سته‌به‌ری دۆخێیك باشتری ئابووری بۆ هاوڵاتییه‌كانی ده‌كات، به‌و پێیه‌ی عێراق وڵاتێكی خاوه‌ن ده‌رامه‌تی كشتوكاڵییه‌ و ژێرخانی ئابووری به‌هێزه‌ كه‌ ده‌توانێت خۆبژێوی خۆی مسۆگه‌ر بكات كه‌ زۆرێك له‌ ده‌وڵه‌تانی ده‌ورووبه‌ری لێی بێبه‌شن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand