Draw Media

خەونەکانمان بدەونەوە

خەونەکانمان بدەونەوە

2020-04-28 17:23:15


كامەران رەسوڵ

ئێمە هەزار و یەک خەونمان بوو؛ بەڵام خەونەکانیان کردینە بڵقی سەرئاو.
ئێمە مشتێ خەونی جوانمان هەبوو و هەر بەو خەونانەشەوە بوینە سوتەمەنی گۆڕان ، هێندە دڵمان بە گۆڕانکاری خۆش بوو دەخیلەیکمان بۆ خەونەکان دانا و بەرژەوەندیە کەسیەکان و تەنانەت دەخیلەی مناڵەکانیشمان شکاند و پارەکەیمان خستە ئەو دەخیلەیە وامان زانی قاسەیکی پارێزراوە دەزەکان دەستیان ناگاتێ کەچی خودی قاسەوانەکانمان لێبونە دز، وامانزانی مرۆڤ گەلێکی پاکن نەمانزانی بەچکه گورگ بە خێو دەکەین!
بەڵێ هاتین بە مشتێ خەونی جوان بۆ نیشتیمان.
خەونمان بوو بیکەینە بوک؛ بەڵام هەرزو دەڵاڵکانی گۆڕان بە مارەیی چەند کیلۆ دونگ و ئێسقان مامەڵەیان پێوە کردو دەیان شویان لە خێڵی پشیلەکان بۆ دۆزیەوە .
خەونی ئێمە ئەوەبوو  لە تۆزی پیسی ئەو میکڕۆبانە دای تەکێنین کەچی ئەو بەناو خوێندەوار و زۆربڵێیانەی کە کردبونمان بە سەر گەورە و بەرپرس وەک هێلکەی پیس!؛ پیس بون بونە میکڕۆبگەلێکی تر  بە سەر گیانی نیشتمانە خێر لە خۆ نەدیوەکەمان.
ئێمە بۆ ئەوە هاتین پەڕی باڵەکانی کۆ کەینەوە، لە جیاتی هێزی(70) و (80) و لە جیاتی دو ئاسایش و پاراستن و زانیاری ؟!  باڵێکت بکەینە سوپایەکی بەهێزی پێشمەرگەو باڵەکەی ترت یاسا و ئاسایشی نیشتیمانی، کەچی ئەو دۆ نەدیوانە لە بەر ورگی زلی خۆیان لە بەر چاو بازی برسیەتی سێکسی خۆیان نە میلەتیان بیر ما و نە پێشمەرگە، ئەوان تێر و تێرتر بون و پێشمەرگەش برسی و برسیتر،
 میلەت ڕۆژ بە ڕۆژ ڕوت و ڕەجاڵتر ئەبێ کەچی ئەوان هێندە بێ شەرمن هێشتا لە قسە نەکەوتوون و دێن و قسەی زل زل ئەکەن و پارەی زل زلیش لە گیرفانیان ڕۆ ئەکەن.
ئەوانەی رۆژێ لە گردەکە پێش خۆمان دابون و عەسای موسامان دابویانە دەستیان! ئێستا ناناسرێنەوە هەیانبو هێندە گۆشتن و  قەڵەو بە ئاستەم قسەی بۆ ئەکرا کە ئەڕۆیشت بۆ شوێنێ ورگی نیو کاتژمێر بەر لە خۆی سڵاوی ئەکرد کەچی ئێستا بە پارەی قوتی خەڵک هێندە ڕەشیقە ئەڵێی مامزە؛ هەشیان بو هێندە لەڕ ولاواز ملی ئەتوت سیڕاتەل موستەقیمە کەچی ئێستا   ملی بە نۆ بێور ناشکێ،
بەڵێ نیشتیمان ویستمان مشتێ بین لە نان نەک ببینە بازوی زۆردار،
ویستمان ببین بە چاو تا نایەکسانیەکان ببینین.
 ببین بە گوێ تا ئازارەکانت ببیستین،
 ئێمە هاتین ببین بە زمان تاکو قسە بکەین و ڕەخنە لە نادادیەکان بگرین.
نا هەرگیز بڕیار نەبوو ببین بە گۆپاڵی دەستی زۆردار
بڕیار نەبوو ببینە ئەستوندەگی تاوڵی زۆردار
بڕیار نەبوو ببینه هاوکار 
بۆ هەژارتر کردنی خەڵکی هەژار.
نیشتیمان هێشتان هەن ئەو ڕۆڵانەت بێ چاوەڕوانی پاداشت، ئامادەن ئەوەی قوربانیە بیدەن بەڵام ئیدی بڕیار دان بۆیان سەختە چونکه نازانن بەیانی کێی تر مامەڵەیان پێوە ئەکا و ئەیان فرۆشێ 
هەندێ جاریش ئەڵێن بۆ کێ؟! من خەریکی قوربانیدانم کەچی هەژارەکان و ئەوانەی بۆڵە بۆڵیانە هەمو ڕۆژێ شەڕیانە لە سەر سێڵفی گرتن لە گەڵ چەتەو گەندەڵکاران. کورت و کوردی بۆ سەرانی گردەکە؛
گردەکەمان بۆ چۆل کەن ئەوێ شوێنی خەباتە، خەبات دژ بە نادادی  نەک ئێوەی  گۆچانی دەستی زۆردار 
دڵنیا بن بەرەی گەل دەست پێدەکاتەوە ، تا زوە خۆتان کۆ کەنەوە بە خۆشی بڕۆن نەک بە شەق بە زەبری دار.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand