Draw Media

خاڵی کەرێتی

خاڵی کەرێتی

2020-04-28 13:00:29


پەیكار عوسمان 

- کە "خاڵی سەرەتا" هەڵەبوو، کێشەکە هەر ئەوەنیە، کە قەدی دارەکە بە خواری ئەڕوا. کێشەکە ئەوەیە کە، ڕەگەکەی هەر لەوێدا ئەمێنێتەوە!

- خاڵی سەرەتای سیاسەتی ئێمە ئەوەیە کە، "خەتای ئەوە". ئەو هێزێکی دەرەکی بێت یان ناوخۆیی یان سروشتی.. گرنگ نیە،، گرنگ ئەوەیە من بێبەریم و هەمیشە خەتای ئەوە. لێرەوە ئیتر هەموو شتێك ئەکەینە دەرفەتی لێدانی ئەویتر. لێرەشەوە ئیتر دنیا بەرەوپێش ئەڕواو ئێمەش بۆ هەموو پێشهاتێك، هەر دێینەوە ئەوێ و هەر لەو خاڵەداین!

- ئەوەش (خاڵی پاراستنی هەڵەیە) چونکە هەڵە لە دانپیانانی "منەوە" دەسکاری ئەکرێ. بەڵام ئەوکاتەی کە لە نەزەری منەوە خەتای ئەوەو لە نەزەری ئەوەیشەوە خەتای منە، ئیتر بەهەردوکمان خودی هەڵەکە ئەپارێزین.
ئا لێرەوەیە کە هەمووی پارەی لایەو کەسیش نایهێنێتەوە. چونکە هەر یەك بەوی تر ئەڵێ دزو هەرکەس بیهێنێتەوە وەکئەوەیە قسەکەی ئەو بسەلمێنێ!

- هەروەها (خاڵی چارەسەرنەکردنە) چونکە خۆی کێشەکەیە. ئاخر لێرەدا ئامانج ئەوە نیە، چۆن چارەسەری کێشەکە بکەین. ئامانج ئەوەیە، چۆن من بێتاوان و ئەو تاوانباری کێشەکە بێت!
یەعنی ئەو کێشەیەی، کە من ئەکا بە فریشتەو ئەو ئەکا بە شەیتان، پێویستە هەبێت. چونکە ئەگەر نەبێت، ئیتر من فریشتەنیم و ئەو شەیتان نیە!
لێرەشەوە ئەم عەقڵیەتە، ئەگەر کێشەیەکیش نەبێ خۆی دروستی ئەکاو ئەگەر هەشبێ چارەسەری ناکا، بەڵکو تەنیا ئەیخاتە خزمەتی ئەو شەڕەوە.

- بەڵێ خاڵی دەستپێکی عەقڵی سیاسی ئێمە، ئەوەیە کە هەموو دەسکەوتێك هی منەو هەموو شکستێك هی ئەوە. من لە خراپییەکان بێبەریم و ئەو لە باشییەکان بێ بەشە.
لێرەوە (جیاوازییەکانیشمان درۆیە)و تەنیا قەرەباڵغییەکی زیادەی ڕووکەشین. چونکە هەموومان لێکچووین لەو ناوەڕۆکەدا!
ئاخر جیاوازیی بۆ ئێمە، لەدوای ئەو مەبدەئەوە دەستپێئەکاو هەر ئەوەیە کە ئەو عەقڵەت تێپەڕاندبێ و لە سەرەتایەکی ترەوە دەستت پێکردبێ.

- هەروەها (خاڵی نابەرپرسیارێتیشە)و تەواوی گەلانی پێشکەوتوو، لەوێوە پێشکەوتن، کە ئەو خاڵەیان تێپەڕاند.
خاڵی نابەرپرسیارێتی ئەوەیە کە خۆتی تیانیت و خاڵی بەرپرسیارێتی ئەوە کە خۆشتی تیایت. ئەوەی کە خۆتی تیایت، تۆی لە فریشتەیی هێناوەتە خوارو ئەویشی لە شەیتانیی دەرهێناوەو هەردوکتان بوونەتەوە بە مرۆڤ، لێرەشەوە هەماهەنگیی دروستئەبێ. ئاخر هەماهەنگی و کاری پێکەوەیی لەنێوان مرۆڤدا ئەکرێ، نەك لەنێوان فریشتەو شەیتاندا.

- هەروەها (خاڵی کەرێتیشە) کەرێتیش ئەوەیە کە لە کۆتایی ڕستەی بیرکردنەوەدا، خاڵێك دائەنێیت و ئیتر بیرناکەیتەوەو هەموو شتێك بەو خاڵە ئەسپێریت!
مەسەلەن ئیسلامییت و ئەو خاڵەت داناوە، کە هەموو شتێك خەتای عیلمانیەتە. ئەویتر بە عەکسەوە خاڵەکەی داناوە، بۆ هەموو کێشەیەك ئەڵێ خەتای دینە. یەکێکی تر خاڵەکەی وا داناوە، کە بۆ هەموو شتێك یەك جوملەی هەیە، ئەڵێ خەتای کوردایەتییە. ئەویتر بۆ هەموو شتێك یەك تەفسیری هەیە، ئەڵێ خەتای پارتییە. پارتییەکە بەعەکسەوە، بۆ هەموو شتێك ئەڵێ خەتای دژەپارتییە.. ئیتر ئەمە خاڵی هاوبەشی هەموومانەو هەموومان وەکو یەك لەو خاڵەدا "بیرناکەینەوە"و "بەرئەبینە یەکتر". لەکاتێکا کێشەکان بە "بیرکردنەوەو هەماهەنگی" چارەسەر ئەکرێن.

- ئەو خاڵانەش کە دامانناوەو وائەزانین جیاوازییە، لەڕاستیدا هەمووی هەر هەمان خاڵەو خاڵەکەش خاڵی کەرێتی یە.
چونکە تۆ لەو خاڵەوە ئیتر بیرناکەیتەوەو تەفسیرێکی پیشوەختت هەیە بۆ هەموو شتێك. ئیتر کە کێشەیەك دێ، خەمی تۆ ئەوەنیە تێیبگەیت و چارەسەری بکەیت، خەمی تۆ ئەوەیە تەفسیرە پێشوەختەکەتی بکەیت بە بەرا. کە ئەمە خاڵی (کەڵەکەکردنی کێشەشە).

- ئێمەش کە هەموومان لەو خاڵەداین و کە خاڵەکەش خاڵی کەرێتییە، ئیتر کەرگەلێكی سیاسی دروستئەبێ! کەرگەلێك کە هەمووی بەدیوێکا، کەرێکی ملکەچی ئایدۆلۆژیاکەی خۆیەتی و بەدیوێکیشا، کەرێکی جووتەوەشێنە بۆ گیانی ئەویتر.
ئا ئەمە فیلمەکەی ئێمەیە، کە هەموومان ئەکتەرین تیایداو زۆریش کەیفمان بە ڕۆڵی خۆمان دێ و زۆریش گاڵتەمان بە ڕۆڵەکەی ئەو دێ. لەکاتێکا ئەوەی من و ئەوەی تۆو ئەوەی ئەو، هەمووی هەر هەمان ڕۆڵە!

- ئەی چیبکەین؟ ئەی هیچ.
هەرچیت هەر ئەوەبە، بەس بەو عەقڵەوە ناو بە عەقڵێکی ترەوە. لەو سەرەتایەوەناو لە سەرتایەکی ترەوە. لەوەوەناو لەخۆتەوە. لە هیچ بڕیارێکی پێشوەختەوەناو لە بڕیاری پاشوەختی پاش بیرکردنەوەو تێگەیشتنەوە. لە ڕق و عوقدەکەی تۆوەنا، لەخودی بابەتەکەوە.

- (وازیان لە ستەمکار هێناوەو خەریکی نەسیحەتی ستەملێکراون) ئەم قسەیە بەو دیوەدا ڕاستە، کە ڕۆشنبیرو مەلاو قەڵەمبەدەست و مایكبەدەست.. لەبری دژایەتی ستەم و "کلمە حق عند سلگان جائر"، خەریکی جوانکاری ستەم و ڕازیکردنی خەڵكبن بە ستەملێکراویی خۆیان.
بەڵام بەو دیوەدا هەڵەیە، کە فیعلەن دۆخێك هەیە، لەوێدا ئیتر، ئەبێ واز لە ستەمکاربێنیت و ڕێك خەریکی ستەملێکراوبیت! چونکە خودی ستەمکارییەکە لەسەر عەقڵیەتی ستەملێکراوەکە دامەزراوەو تا ئەو عەقڵیەتە نەگۆڕێ هیچ لە ستەمکاریی کەمناکاو ناگۆڕێ.

- لێرەدا من وەکچۆن باوەڕم بە قەڵەمی شۆڕی ستەمکار نیە، باوەڕم بە قەڵەمی شۆڕشگێڕی ستەملێکراویش نیەو باوەڕم بە قەڵەمی ناوبژیوان و نەسیحەتکەری هەردوکیان و دەرەوەی بازنەکەش نیە. ئەو جیاکاری و دابەشکرارییانە، خۆی لەخۆیدا جۆرێكی ترە لە کێشەو لە ستەمکاری. دیسان ئەمانباتەوە سەنگەرگرتن و "ئەوکوتین"و هەمان ئەو خاڵەی کە مەبەستمە لێ ی دەرچین!

- بەڵکو لەڕاستیدا، هەموومان لەناو هەمان دۆخداین و هەموومان بەڕێژەییی ستەمکارین و ستەملێکراویش. نە ستەمکاریی بەتەنیا هی ئەوەو نە ستەملێکراوی بەتەنیا هی منە. هەردوکی هی هەموومانەو یەك تێکەڵەیە نەك دوو جسمی جیا. هەمووشمان ئەبێ دەنگمان بەرزبێ بەرامبەر دۆخەکەو عەقڵیەتەکە، نەك بەرامبەر یەکتریی.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand