کاتێك قەوارەی هەرێم هەرەس دە هێنێت؟!
2020-04-27 22:39:02
ئەبوبەكر كاروانی
ئەمڕۆلەکەس شاراوە نی یه کوردستانی باشور بەیەکێک لە وێستگە هەرە هەستیارو چارەنووس سازەکانی خۆیدا تێپەڕدەبێت. سپاردنی بەردەوامی چارەسەری کێشەکان لەڕابردوودا بەداهاتوو، کەڵەکەبوونی قەیرانەکان، پەردەپۆشکردنی ناتەواوی وکەلەبەرەکان ، بەڕێوەبردنی هەرێم لەڕوانگەی بەرژەوەندی بەرتەسکی حیزبی وگروپی ونوخبەیەکی دیاریکراوو دابەشبوونی ئەم نوخبە لەزیاد لە ئاستێکدا لەناوخۆیدا،لەسۆنگەی کینەی مێژوویی ولاوازی ناسیونالیزم و کێشمە کێشیان لەگەڵ یەکتر بەهۆی هەستکردن بەناعەدالەتی لەدابەشکردنی گەندەڵی وئیمتیازی ناڕەوادا ، درێژەکێشانی دابەشبوونی ناوچەکانی هێزو نفوزو نەبوونی هیچ سازان وستراتیژێکی هاوبەشی نیشتمانی ڕاستەقینەو پابەندکەر، دۆخی هەرێمیان گەیاندە بنبەستێکی سیاسی ڕاستەقینە. بنبەست بەو مانایەی نوخبەی حوکمڕان توانای چارەسەرکردنی کێشەکانی لەدەست داوە ، بێ ئەوەی نوخبەو ستراتیژو جێگرەوەیەکی سیاسی تر لەئارادابێت وتوانای گەیشتنە دەسەڵات وخستنە ڕووی چارەسەری جیاوازی هەبێت. بەکورتی دووحیزبە حوکمڕانەکەی هەرێم تاڕادەیەکی بەرچاو لە حوکومڕانی وبەڕێوەبردنی هەرێمدا شکستیان خواردووە. لەسی ساڵی ڕابردووی حوکمڕانیاندا جەگە لە بەفیڕۆدانی بەشێک لەتوانا نیشتمانیەکان، لەده ستدانی چەندین دەرفەتی مێژوویی بۆ هەڵسانەوەو لەسەرپێی خۆ وەستان، نەیانتوانی چارەسەری قەیرانی دەسەڵات بکەن، بچنە قۆناغی دوای شەڕی ناوخۆو خاك وهێزەکان وئیرادەی هەرێم یە ك بخەنەوە ،.دەست لەململانێ تەقلیدی وگەمە بچوکەکانی نێوانیان هەڵگرن ولێپرسراوانە پێکەوە بیربکەنەوەو هەوڵی زاڵبوون بەسەر کێشەکاندا بدەن ، ڕێزو شکۆبۆ پەڕلەمان وحوکومەت ودامەزراوە نیشتمانیەکان بگێڕنەوەو ئاستێکی ماقوڵ لە یاساسەروەری وحوکمی دامەزراوەکان بێننە کایەوە، ژێرخانێکی ئابوری بۆ هەرێم دروست بکەن بۆ ئەوەی سیمای ئۆردووگابەخۆوە نەگرێت و نەبین بەکۆیلەی میراتگرانی دژایەتی کوردو خواستەکانی لەبەغدا لەبەرگێکی نوێ وکۆنەپەرستانەی مەزهەبیدا.، ئەمانەی سەرەوەو چەندان شتی تر ڕاستین وحاشالێکردنیان ئاسان نیە.بەڵام لەپاڵ ئەمەدا کوردبوون وهاوڵاتی بوون وتەنانەت ئینسانی بوون وئەخلاقی بوونمان داوای ئەوەمان لێ دەکەن ، هەرێمی کوردستان وەك قەوارەیەکی سیاسی دەستوری، بەری ڕەنجی سەدان هەزار قوربانی وسەدەیەك تێکۆشان ، سەرچاوەی ئومێدی کوردانی هەرچوار پارچەی کوردستان ، لەم ململانێ وبێ ئاسۆییە جیابکەینەوەو وەك بیلبیلەی چاومان بیپارێزین. ،بیر لەهیچ چارەسەرێ نەکەینەوە پێگەو بوون وئایندەی بخاتە مەترسیەوەو نادیدە بگرێت.چونکە لە ڕاستیدا ئەوە چارەسەرنیە وبیرکردنەوەیە لە دۆخی دێوانەگی ونالێپرسراوێتی سیاسی وئەخلاقیداو وماڵوێرانی وداڕووخانی ماددی ومەعنەوی بەدوادادێت.ڕەنگە هەندێکمان بەجوانی وەك ئەوەی پێویستە لە بایەخی نەتەوەیی وڕوحی وئەخلاقی ودەروونی ئەم قەوارە بۆئێستاو دواڕۆژی خۆمان وتەنانەت بۆ ژیانی تاکەکەسیمان تێنەگەین ، تاخوانەخواستە لە دەستمان دەچێت،ئیتر ئەوسا دەزانین سەبارەت بەیەکە یەکەمان وکۆمەڵ وگەل ونەتەوەکەمان چی ڕوویداوە چ کارەسات ومەرگەساتێکمان بەسەردا هاتووە . وتراوە سروشتی مرۆڤ وایە زۆر قەدری نیعمەت نازانێ تالەدەستی نەچێت.کوێرێک بەتەواوی نرخی چاووتوانای بینین دەزانێت تاچاوساغێک. بۆیە بائاوڕێک لە مێژوودوێنێ ی خۆمان بدەینەوەوهەندێک پەند وەربگرین، بۆنموونە باکه مێک لەسەر شوێنەوارە مەیدانی وڕوحی ودەرونیەکانی ڕوخانی میرنشینی بابان بەتایبەتیش لەسەر نوخبەی سیاسی ودینی وئەدەبی وکۆمەڵایەتی ئەوسەردەمە بووەستین و بزانین ئەو کارەساتە چ حەسرەت وداخ وزامێکی قوڵی ڕوحی لەدوای خۆی بەجێ هێشتووە. بەچ شێوازێك بەراوردی دۆخی سەردەمی میر نشین وئەو هەست بە شانازیەی هەیانبووە لەگەڵ واقیعی داگیرکاری ڕۆمیان دوای ئەوە دەکەن.چۆن هەندێ چاویان بەو واقیعە نوێیە هەڵنەهاتووەو توانای ئەوەیان نەماوە لەسلێمانی داگیر کراودا بژین وسەریان هەڵگرتووەو لە غەریبی ودوورە وڵاتیدا سەریان ناوەتەوەومردون. بابگەڕێنەوە بۆ دوقەسیدە بەناوبانگەکەی نالی وسالم و بزانین گڕی چ حەسرەت وهەست بەبێ بەشی ولەدەستدانی شکۆمەندییەك ئاگری بەرداوەتە جەرگ ودڵیان وبۆنسۆی لە هەناویانەوە هەڵدەستێ وئێمەش دوای سەدو پەنجا ساڵ بەشداری ماتەمینی دڵتەزێن وڕوح هەژێنی لە دەستدانی بە تەعبیری ئیبن ئادەم سەڵتەنەتی بابان دەکەن؟.سالم لەوڵامی نامە وهەواڵپرسینە شیعرییەکەی مەلاخدری نالی دا دەڵێت: لەوسایەوە کە حاکمی بابان بەدەر کران
نەیدیوە کەس لەچیهرەیی کەس جەوهەری هونەر
سەیوان پڕە لە شەخسی ستەم دیدە خوارو ژوور
هەر قەبری پڕ غەمانە لەهەر لادەکەم نەزەر
سوتادڵم بەحاڵەتی جۆباری سەرچنار
لێڵاوە چەشمەساری وەکو چاوی بێ سە بەر
تالەوەسفی سلێمانی دوای ڕوخانی بابانەکاندا دەڵێت:
شارێکە پڕلەزوڵم ومەکانێکە پڕ لە شین
جایێکە پڕلەشۆرو وڵاتێکە پڕ لە شەڕ.زۆربەشمان ئاگامان لە قەسیدە بەناوبانگەکەی شێخ ڕەزاهەیە لەبیرم دێ سلێمانی کەدارولمولکی بابان بوو.لەکاتێکدا لێمان ڕوونە واقیعی میر نشینی بابان ، نمونەیی نەبووە.ململانێی نێو خۆیی لەسەردەسەڵات وبەوڵات وەرکردنی لەشکری عەجەم وڕۆم وپەلکێشکردنیان دژبەیەکتر هەروەك نەوەتەکانی لەمەڕ خۆمان،بە شێ لەسیماکانی ئەومیرنشینە پێکدەهێنن.کەچی سەرەڕای ئەوە ، کاتێ خاوەن هۆش وگۆشانی کورد هەل ومەرجی ژیان لە سایەی بابان ودوای ئەودا بەراورد دەکەن ، ئاگری پەی بردن بەجیاوازی نێوان ئەو دووژیانە خەریکە دەیانکات بە قەرەبروت وهەستکردن بەکەرامەت وڕێزی ئادەمیزادی خۆیان لەدەست دەدە ن و ئاوات بەمردن دەخوازن.دەبێت دڵنیابین دۆخەکە بۆ ئێمەو هەرێمی کوردستانیش بەهەمان شێوەو ڕەنگە کارەسات بارترو ناخ سوتێنەتر بێت چونکە ئێمە ژیانکردووانی دوای هەزاران شەهیدو ئەنفا ل و کیمیاباران وپرۆسەی کورد قڕانین. بەجۆرێك ئەگەر، خوانەخواستە خەونێکی زەندەقبەرو مێردەزمەیەکی لەو جۆر ببێت بەڕاستی، نەك هەر هەست بەکەرامە ت وەك ئەندامی نەتەوەیەکی ڕەتێنراوو جەزرەبە چەشتووی ناو مێژووی نوێی ناوچەکە لەدەست دەدەین،بەڵکو هەست بە حەیسیەت وکەرامەتی ئینسانیشمان تاڕاددەیەکی زۆر نامێنێ .بەڵکوو بۆ بەشێکی بەرچاوومان ژیانکردن دەبێتە بارێکی گرانی تاقەتپڕوکێنی قبوڵ نەکراو.هەموو ئەمە لێمان دەخوازێت لەم ڕوەوە هەموومان چاوکراوانە لەشانۆدا بین ولێپرسراوێتی تەواوو بێ ئەملاو لا لە ئەستۆ بگرین. چونکە ئەوە لێپرسراوێتی هاوبەشی دام ودەزگاکان،پارتەکان، ڕێکخراوەکان، نوخبەکان وتاکەتاکەمانە ، بەسیفەتی هاوڵاتی وئەندامی گەلی کوردستانی باشورو کائینێکی خاوەن عه قڵ وئەخلاق. خۆمان بەهەندێ سەراب ولێکدانەوەی کاتی ولایەنگرانەو ناوچەگەریی وگروپیی بەرچاوتەنگ وزەزۆك نەخڵە تێنین. پێمان وانەبێت هەرێمی کوردستان لە هەموو بارو دۆخێکدا گرەنتی مانەوەی هەیە.قومار بەسەر ئایندەی هەرێمی کوردستانەوە نەکەین.
ئەوەی کردیشی دەستی بگرین ولێی قبوڵ نەکەین.